نێوماڵی كوردی؟!

نێوماڵی كوردی؟!

مەجید ساڵح


329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

(1)
لانی كەم لەم پارچەیەی كوردستان "نێوماڵی كوردی" ئەوەندە لێكترازا و پەرتەوازەیە كەس حساب بۆ كەس ناكا. هەرچەندە بۆ كورد ئەمە شتێكی نوێ نییە، بەڵام ئێستا سنورەكانی بەزاندووە.. لەسەرەوە توركیا و لەخوارەوە عێراق و لە رۆژهەڵاتەوە ئێران و لە رۆژئاواوە بەشار ئەسەد بەو هەموو دەرد ناكۆكیانەی كە هەیانە، هەڕەشەمان لەسەر دەكەن.

لە ناوخۆش كەس بەكەس نییە، بەڵام جاربەجار نوزەیەك دێ داوای "یەك خستنی نێو ماڵی كوردی"مان لێ دەكا.!

(2)
سەیر لەوەدایە ئەوانەی باسی یەكخستنی نێو ماڵی كوردی دەكەن ئەوانەن كە موسەبیبی سەرەكی تێكدانی ماڵەكەن... ئەمانە پەرلەمان پەك دەخەن و دامودەزگاكانی دەوڵەتداری دەكەن بە موڵكی حزبەكانی خۆیان و ئێژن وەرن با ناو ماڵمان یەك خەین.. داهاتی وڵات بە تاڵان دەبەن و رێكەوتنی پەنجا ساڵی لە گەڵ توركیا دەكەن و دەڵێن وەرن با ناو ماڵی كوردی یەكخەین، لەشكری توركیا دەهێننە سەر هەرێم و قارداش بەشارو گوندەكانماندا تەراتێن دەكات و هەڕەشە دەكا، حەشدی شەعبی دەهێنە كەركوك و مەندەلی و خانەقین و جەلەولا و شنگار و... لە گەڵ حەسەن پلایسدا بە دوای هاوپەیمانە ستراتیژەكەیشدا دەگەڕێ.. باسی یەكخستنی نێو ماڵی كوردی دەكەن.. دەنگی خەڵك تاڵان دەكەن و بە هەڵەداوان بە دوای سەدر و مالیكی و عەبادیەوەن و لەبەر قاپیەكانیان كەوتوون و شانیان ماچ دەكەن، لەملاشەوە بە دۆشكە و دەبابە دەچنە سەر بارەگای حزبە كوردییەكان، دەڵێن نابێ كورد بە پەرتەوازەییەوە بچێتەوە بەغدا و دەبێ نێو ماڵی كوردی یەك بخەین..!!

(3)
ماڵی كوردی وا رێك ناخرێ.. ماڵی كوردی بەو پەندە كوردیە رێك دەخرێ كە ئێژێ: "سفرەی پڕ ئاشتی ماڵە"، داهاتەكە بگەڕێنەوە بۆ خەڵك با خەڵكەكەت چاوی لە دەستی عەبادی نەبێ، بزانە چۆن ماڵی كوردی رێكدەخرێ.. واز لە هێنانی لەشكری ئەم وڵات و ئەو وڵات بهێنە و ئەو پەندە كوردییە بەبیری خۆت بهێنەوە كە ئێژێ: "سەد ساڵ بكەی بێگانە پەرەستی، ئاخری هەر دێنی نشوستی". لەبەر حسێنیەكەی موقتەدا مەكەوە و وەرە بۆ ماڵی براكەت و دان بە هەڵەكانتا بنێ و "برا لەپشتی برا بێ، مەگەر قەزا لە لای خوا بێ" بكەرە بەرنامەت و لە پشتەوە خەنجەری لێ مەدە، بزانە كەس پێمان دەوێرێ و چۆن متمانە دەگەڕێتەوە و ماڵی كوردی بە قودرەتی قادر یەك دەخرێ..

ئاخر تۆیەك بە عالەمی ئاشكرا نانی دەمی خەڵكی هەژا و دەنگەكانیان بفڕێنی، چۆن لەرووت تێ باسی یەكخستی ناو ماڵی كوردی بكەی؟!

بچۆ خۆت خاسكە و ئینجا بێ و باسی ئەوەم بۆ بكە!!

مەجید ساڵح



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved