ئایا بەتەزویر شەڕی خاك دەكرێت!

09/06/2018

خانم ره‌حیم

دوایی بریادانی پەرلەمان بۆ ژماردنی دەنگە شێوێنراوەكانی هەڵبژاردنی ئایار بەرێگەی دەستی، هەوڵێك هەیە كاری ساختەكاری و كوردایەتی تێكەڵ بەیەكتر بكات، ئەو هەوڵە لەپەنای حزبایەتیدا دەیەوێت مێژویەكی دورو درێژی پر خەبات و تێكۆشانی رابردوو ناشرین و قێزەون بكات، دەیەوێت كەركوك و كەركوكییە خێرلەخۆنەدیوەكان وەك نمونە بەكاربهێنێت بۆكارێك كە ئەخلاقی كوردایەتی لێی بێ‌ بەرییە.

لەمێژووی سەد ساڵی رابردوودا كورد لەخەباتی خۆی دژی داگیركاری و ستەم لەو كاتانەشدا كە هەرەشەی لەناوچون لەسەر بووە و سیاسەتی پاكتاوكردنی لەدژ بەكار هێنراوە هەرگیز دەستی بۆ شێوازی ناشرین نەبردوە بۆ بەرگیركردن و خەبات كردن، ئێستا خێرە كە زۆرینەی كەركوك كوردبێت بەڵام داكۆكی لە كاری ساختەكاری بكرێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و متمانەی خەڵكەكەی، باشە بۆ پرسیار لەسەر ئەوەناكرێت ئاخۆ ئەولایەنانەی تەزویریان لەكەركوك قبوڵە ئەی لەسەر ئەو هەموو تەزویرەی شارەكانی هەرێم كراوەو دەكرێت ئەڵێن چی؟.

بەپێچەوانەی ئەوانەی بیر لەوە ئەكەنەوە بەدەنگی تەزویر زۆرینە بەدەستبهێن، چەند جوان و جێگەی رێزی هەموان ئەبوو ئەگەر لەم هەڵبژاردنەی كەركوك شارەكانی تری هەرێم كوردستان بێ‌ تەزویر و ساختەكاری هەڵبژاردنی تیابكردرایە، چەند جێگەی سەرنج ئەبوو بۆ دنیا و جێگەی بایەخ دەبوو هەڵبژاردن لەناو كورددا بەوجۆرەبكرایە كە خەتی جیاكەرەوە بوایە لەرووی ئاكارییەوە لەوانەی لەبەرامبەر ناشرینی حزبەكوردیەكان تۆمەت دەدەنە پاڵ هەموو كورد، ئەمە سیاسەتی راسبوو بۆ ئەم قۆناغە نەك هەڵوێستی هەندێك لەوانەی كە دەیانەوێت بەساختەكاری جیابوونەوەو سەركەوتنی خۆیان نیشانبدەن، بۆیە ئەم ساختەكارییە هەرچۆنێك بێت شكستەو تێكەڵ كردنەوەی ئەوراقی كوردە بەعێراقی پشێویی و پێشیلكاری، تێكەڵ كردنی مافی رەوای خەڵكە بە ساختەكاری شێواندنی وێنەی راستەقینەی خۆی، تێكەڵی مافی رەوای خەڵكە بەشەری دەسەڵاتی لایەنە شكستخواردوەكان، نەك شەری كوردایەتی و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی خاك.

خانم رەحیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی