ده‌رباره‌ی پیاوی بچوك

ده‌رباره‌ی پیاوی بچوك

لەتیف فاتیح فەرەج


504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

نازانم بۆ كه‌ ئه‌م ناونیشانه‌م نووسی خه‌یاڵ بردمیه‌وه‌ بۆ لای رایش و كتێبه‌كه‌ی " گوێبگره‌ پیاوی بچوك " ئه‌و كتێبه‌ی پێویسته‌ به‌ تایبه‌ت ورده‌ برژوا قه‌ڵه‌م به‌ ده‌سته‌كان " ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ رۆشنبیرن " به‌رده‌وام بیخوێننه‌وه‌ ، كێشه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ ورده‌ بۆرژواكان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایان وایه‌ هه‌قیقه‌ت به‌ ته‌نێ‌ لای ئه‌وانه‌ ، ئه‌مه‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ته‌ له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌وه‌ ، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌، خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست و ته‌واو نیه‌ ، باجارێ‌ له‌مه‌ گه‌ڕێین.

قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ناكرێ‌ خه‌ڵكێك خۆی به‌ خاوه‌نی تۆ بزانێ‌ ، تا ئه‌و راده‌یه‌ی بیه‌وێت وه‌ك ئه‌و بیر بكه‌یته‌وه‌ ، كه‌ وایش نه‌كه‌ی شه‌یتانی ، یان دژو ده‌مه‌وه‌ر ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوی ده‌بات ،من ئاوا سه‌یری به‌رژه‌وه‌ندی ده‌كه‌م ،به‌رژه‌وه‌ندی دوو جۆره‌ گشتی و تایبه‌تی ، من گشتیه‌كه‌م هه‌ڵبژاردووه‌ ، هه‌ڵبژاردنی گشتیه‌كه‌ به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ بۆ من یه‌كێتی و گۆڕان و پارتی و هاوپه‌یمانی وكۆمه‌ڵ و هتد هه‌م ده‌كرێ‌ ره‌خنه‌یان لێبگیرێت ، هه‌م ده‌كرێت هه‌ست و كه‌وتیان له‌ گه‌ڵ بكرێت ، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ناكرێ‌ كه‌ من له‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی شاسوار ده‌رچم ئیدی په‌یام نه‌فره‌تم لێبكه‌ن و ده‌رگام به‌ ڕودا داخه‌ن ، یان كه‌ له‌ خه‌ندان قسه‌ بكه‌م ، ئیدی مافی ئه‌وه‌م نیه‌ له‌ كوردسات ده‌ركه‌وم ، بۆ من كوردستانی نوێ‌ و هاوڵاتی و ئاوێنه‌ به‌شێك له‌ سامانی زمان و فه‌رهه‌نگی ئه‌م وڵاته‌ن ، قسه‌ی خۆمیان تیاده‌كه‌م و شانازیشیان پێوه‌ ده‌كه‌م.


لای من پرسی به‌رژه‌وه‌ندی په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ گیرفانه‌وه‌ ، گه‌ر وابوایه‌ یه‌كسه‌ر له‌ یه‌كێ‌ له‌ كه‌ناڵه‌كان داده‌مه‌زرام و بۆهیچ كوێی تر قسه‌م ناكرد ، لای من پرسی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌می نیشتمانه‌ ، من پێم وایه‌ كوردستانی نوێ‌ و ماڵپه‌ڕی سبه‌ی هه‌ردووكی شوێنی ئه‌وه‌یه‌ قسه‌یان تیا بكه‌ی ، ئازادی كۆت و به‌ند نیه‌ ئازادی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قه‌فه‌سه‌كه‌یه‌ ، من وام هێناوه‌ تۆش چۆنم هه‌ڵده‌سه‌نگێنی كه‌یفی خۆته‌ ، له‌ بری گه‌ڕان به‌ دووی جیاوازیه‌كاندا با سه‌یری هاوبه‌شیه‌كان بكه‌ین " خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان ".


كێشه‌ی تۆ ئه‌وه‌یه‌ چاوت هه‌یه‌ و ئاوه‌زت نیه‌ ، كێشه‌ی چاو به‌ شێكی زۆری له‌ خشته‌ بردنه‌ ،وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ من له‌ خه‌ندان ده‌بینی و ده‌ڵێی ئه‌مه‌ پیاوی به‌رهه‌مه‌ ، كه‌چی كه‌ له‌ كوردستانی نوێ‌ ده‌مبینی ده‌ڵێی نا ئه‌مه‌ پیاوی هێرۆیه‌ ، دواتر له‌ سبه‌ی ده‌نووسم ده‌ڵێی نا نه‌خێر ئه‌مه‌ گۆڕانه‌ ، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ بیرت چووه‌ ، من كوردم ، كورد به‌و مانایه‌ی جاش و خائین نه‌بم ئیدی هه‌موو ماڵه‌ كوردێك به‌ ماڵی خۆم بزانم ، ناكرێ‌ هه‌ڵوێست ئه‌وه‌نده‌ ناشرین بكرێت ، تۆ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌یری بكه‌یت كه‌ خۆت ده‌ته‌وێ‌.


قسه‌ زۆره‌ بۆتی بنووسم ، به‌ڵام كورد وته‌نی ئه‌لفێ‌ به‌سه‌ .



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved