ئاگاداربە هۆ كاكی پێشمەرگە

13/06/2018

هیوا سەید سەلیم

دەوترێت لە سەردەمی كۆماری مهاباددا لە كۆبوونەوەیەكی پێشەوا قازی موحەمەدی سەرۆك كۆمارە ساواكەی كوردستان، گفتوگۆی ئەوە دەكرێت كە ناوێك بدۆزنەوە كە شایستەی قارەمانیەتی ئەو جەنگاوەرە كوردانە بێت كە بۆ رزگاری و سەرفرازی كوردستان دەستیان داوەتە چەك، وە ئامادەن بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە گیانی خۆیان بەخت بكەن، لە گەرمەی گفتوگۆكاندا بۆ دۆزینەوەی ئەو ناو چایەچیەكەی پێشەوا دێتە دەنگ و دەڵێت:
(پێم باشە ناوی ئەو جەنگاوەرانە بنێن پێشمەرگەیە)
لەو رۆژەوە و تا ئەمرۆشی لەگەڵ دابێت ناوی پێشمەرگە وەك سونبلێكی پێرۆزی نەتەوەیی دێت، هەروەها بە دەیان هەزار تێكۆشەری كورد لە ژێر ئەوناوە گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی كورد و كوردستان، پیرۆزی ناوی پێشمەرگە هێندە گەورەیە هەر بۆیشە  دەبێتە ئیلهامی شاعیران و هونەرمەندان.
هەموو لایەك دەزانین كە  لەرۆژانی سەختی تێكۆشان دژ بە دووژمنان و داگیركەرانی كوردستان بوونە پێشمەرگە شانازیەكی گەورە بوو، تەنانەت نەك هەر خودی پێشمەرگە بگرە كەسوكارەكانی پێشمەرگەش سەربەزانە باسیان لەرۆڵەكانیان  دەكرد كە رۆژێك لە رۆژەكان پێشمەرگە بوونە.
لە هەرێمی كوردستاندا دوای ئەوەی دەسەڵاتی حزبایەتی شتە جوانەكانی ناشیرن كرد، پرووشكی ئەو ناشیرینیانەش بەر پێشمەرگەی كوردستان كەوت،  بەوەی لەدوای راپەرینەوە بۆ ملاملانێی ناڕەوای حزبایەتی بەسەدان كۆنە جاشی سەردمی خۆی پەرێزیان تێكەڵاوی پەرێزی پاكی پێشمەرگە كرا، بگرە رێز و مافی ئەو كەسانە زۆر زیاتریش بوو  لەو تێكۆشەرانەی كە هەر بە راست شایەنی ئەوە بوون پێیان بووترێت پێشمەرگە!
جا ئەو قسەیە بۆ پێشمەرگە شەهیدەكانیش نەك هەر ڕاستە،  بگەرە تۆختر و كارەسات بارتریشە، چونكە خەڵكی وا ناوی تێكەڵاوی لیستی پێشمەرگەی شەهیدكرا، كە تا  دوا ساتەكانی ژیانی لەسەنەگەری دژایەتیكردنی پێشمەرگە و پێشمەرگە شەهیدەكان بووە، وە ئێستاش زۆرن ئەوانەی دوێنێ شەڕی پێشمەرگەیان دەكرد و ئەمرۆ بەتانج و نەجمەی سەرشانیان پێشمەرگایەتی و كوردایەتی بەو میللەتە دەفرۆشنەوە.
چەند رۆژێكە لە راگەیندنەكان و تۆرەكۆمەڵایەتیەكان بابەتی پێشمەرگ و رشتنی فرمێسكی تیمساحی بۆ لەدەستدانی دەنگی پێشمەرگە كاسی كردووین، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە كەسانێك ماف بەخۆیان دەدەن كە وەك خەمخۆری پێشمەرگە خۆیان نیشان بدەن كە هەر ئەوانن ناوی پێشمەرگەیان لەكەدار كرووە.  بەوەی رۆژێك مووچەیان دەبڕن و داوی دەخەن، وەك چۆن  لە گەرمەی شەری داعش دەیان پێشمەرگەمان بینی لەبەر نەبوونی پەنای بۆ خۆكووشتن برد و كەچی كەسوكاری بەرپرسان لە ژیانی شاهانە دابوون و مووچەكانیشیان سەرەمانگان بۆ دەچووەوە ماڵ.
دوایین كاریش كە ئەو دەسەڵاتە پەنای بۆ برد، پێشێلكردنی  ئەو مافەی پێشمەرگەیە كە هەر هاوڵاتیەكی ئاسایی هەیەتی، ئەویش مافی ئازادیە  لە دەنگدان و بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان، بە چادوێری كردنیان و هەڕەشەلێكردن لێیان و داواجاریش دزینی دەنگەكانیان .
هەموو ئەو بێڕێزیەی بەرامبەر پێشمەرگە لە ساڵانی رابردوو وە لە ئێستاشدا ئەنجام دروان،  ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتە، بەڵگەش بۆ ئەو قسەیەمان ئەوەیە:
( كە ئەوە حزبەكانی دەسەڵاتن لە هەرێمی كوردستان رێگری دەكەن و نایانەوێت هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی رێكبخرێت)
دەسەڵاتە بە هەڵوێستەی لە بەرامبەر پێشمەرگە، دەیەوێت پێشمەرگە موڵكی حزب بمێنێتەوە  و هەمیشە  لە خزمەتی حزبدا بێت،  نەك هی هەمووان و بۆ هەمووان بێت، كاتێكیش پێشمەرگە ئەوە ناكات و لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە دەوستێتەوە سزا دەدرێت و نانبڕاو دەكرێت .
لێرەوە تێدەگەین ئەوەی لە خەمی پێشمەرگە دایە كێیەوە ئەوەشی كە موزایەدە بە پێشمەرگە و دەنگی پێشمەرگە دەكات كێیە؟
بۆیە دەڵێین،  هۆشیار بە هۆكاكی پێشمەرگە قسەی چەواشەكاران و فرمێسكی تیمساحانەی ئەو دەسەڵاتە خەمساردە با لە خشتەتان نەبات، وەرن با ئێوە كوڕ و كچی نیشتمان بن و بۆ هەمووان و پارێزەری هەمووان بن و خاوەنی ناوە پیرۆزەكی سەردەمی جارن بن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی