پێشمەرگە، هێزێكی بوغزێنراو یان جێگەی بەزەیی!

14/06/2018

دابان محەمەد

 (( موچە و قوتی پێشمەرگە، چارەنوسی لە ئێستادا دیاریدەكات، دەنگەكەی ئایندەیەكی وەك ئێستا!)).

بە دەگمەن ساتێك ئەدۆزیتەوە، لە دوای ساڵی 1991ەوە، ئەوەی كە پێی دەڵێن پێشمەرگە، لە دۆخێكی ئاسایدا بوبێت، هەم خەڵك بە پارێزەری ئەم هەرێمەیان زانیبێت و هەم خۆشیان هەست بەو شانازییە بكەن كە پارێزەری ئەم نیشتیمانەن، بە خەڵك و خاكەوە و دورن لە هەمو شەخس و حزبێكەوە، هەمیشە ئەم دو حزبە و لە ناویاندا بنەماڵەكانی ئەم دو حزبە، دۆخێكیان خۆڵقاندوە، هێزەكانی پێشمەرگەیان بە گژ یەكدا بردوە، یان خەڵكیان لە پێشمەرگە بوغزاندوە، یان بە پێچەوانەوە، پێشمەرگەیان خستوەتە گۆشەیەكەوە خەڵك و دونیای دەرەوەش سۆز و بەزەیی بۆ ئەم هێزانە هەبێت لە بری ڕێز و شكۆ و شانازی...

((هێنانی هێزی پێشمەرگە بۆ سەنتەری شار و ڕوبەڕوكردنەوەی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی 17 ی شوباتدا، تەنینی شار و شارۆچكەكان بەو هێزانە لەو دەمەدا، هێنانی ناقیلە و چەكی قورس و دانانیان لە گراند ملینۆم و ڕوكردنیان بە گردەكە، هێنانی هێزی زێرەڤانی لە هەولێرەوە تا ڕاپەڕین و داخڵبونی بە شاری سلێمانی بۆ پەلاماردانی تەلەفزیۆن و بارەگای گۆڕان، ڕوبەڕوكردنەوە ئەم هێزانە لە دێگەڵە لە كاتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا، هێنانە سەر شەقامی ئەم هێزانە لە هەولێر لەلایەن مەنسور بارزانی و هوتافیان دژی پارلەمانتارێك)) ئەمانە چەند ساتێكی كەم و بەس بون، بۆ ئەوەی خەڵك لەم هێزانە ببوغزێنن، پێشمەرگەش هەست بە شەرمەزاری بكات تیایاندا.

ساتی شانازی و شكۆی ئەم هێزانە شەڕی داعش بو، لەو كاتانەشدا ئەم حزبانە دۆخێكیان خوڵقاند، پێشمەرگە هەست بەو شانازیی و شكۆیە نەكات، نەبونی موچە و خراپی گوزەرانیان، فەتوای بە چەندین زانای ئاینی دەركرد و چەندین مامۆستای ئاینی و بانگخوازیش، خێر و سەدەقە و سەرفترە و زەكاتی بەم هێزانە ڕەوا دەبینی، سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی دەڤەری ڕاپەڕین و چەمچەماڵ و كۆیە و كوشتن و برینداركردنی چەندین گەنج لەم ماوانەی ڕابردودا، دواجار ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە لایەن بارزانی و بەدەستەوەدانی كەركوك لەلایەن یەكێتیەوە، بێ گوێدانە شكۆ و شانازی و سەركەوتنی ئەم هێزانە، جارێكی تر ئیرادەیانی خستەوە بەر نەشتەر، ئینجا ڕیزكردنیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دواترینیان، بەناوی دەنگەوە خۆپیشاندان، وەك ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی لە دیدارێكی تایبەتدا وتی: پێش ئەوەی هیچ كەسێك بێحورمەتی بە دەنگی پێشمەرگەوە بكات، یەكێتی و پارتی خۆیان بێحورمەتیان كردوە و دەنگەكانیان وەك دەنگی خەڵك تەزویر كردوە، پرسیاری پێشمەرگەیەكی سادە بۆ پاڤڵ تاڵەبانی ئەوەیە (( خاكی كەركوك و خەڵكەكەی گرنگتربو بتانپاراستایە، یان دەنگی خەڵكەكەی !)).

بەندەش دەڵێم  (( موچە و قوتی پێشمەرگە، چارەنوسی لە ئێستادا دیاریدەكات، دەنگەكەی ئایندەیەكی وەك ئێستا!)).

یەكێتی و پارتی و لە ناویاندا، بنەماڵەكانیان و چەند كەسێكی دەرەوەی بنەماڵەكانیش، بە مەست و بۆ چەند مەرامێك، نەیانهێشتوە ئەم هێزانە لە چوارچێوەیەكی ڕێكخراودا كۆبكرێنەوە، كە لە ڕابردو و ئێستاشدا چەندین وڵات، ئامادەییان دەربڕیوە، بۆ ئەوەی لە ڕوی مادی و لۆجستی و شارەزایی و قانونیەوە، هاوكاری ئەم هێزانە بن، بەڵام هەر جارە و بە بیانوییەكی لاواز، ئەم كۆمەكە مادییی و مەعنەوییەیان پەكخستوە، لەبەر چەند هۆكارێك...

یەكەم: بەردەوامی ئەو بڕە پارانەی لە ئێستادا بەناوی پێشمەرگەوە لە ئەمریكا و عێراق وەردەگیرێت

دوەم: هێشتنەوەی ژمارە وەهمیەكانی ئەم هێزانە، كە ئێستا زیاتر لە 430 هەزار موچەخۆری چەكدار لە هەرێم هەیە

سێیەم: نا نیشتمانی و بێ سەروبەرەی ئەم هێزانە، بۆ پاراستنی بنەماڵە و حزبەكانیانە و ناو بە ناویش، هەرەشەی شەڕی ناوخۆ و ماڵوێرانی پێدەكەن، بۆ هێشتنەوەی دۆخی ئێستا و چەندین هۆكاری تر.

دابان محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی