بەنیشتمانیكردنی پێشمەرگە

14/06/2018

ئارام قادر حەمە‌‌سور

ناوی پێشمەرگە بەردەوام وێنای ئازایەتی و نیشتمان پەروەری بوە، لەسەردەمی سەدام حسێن بونە پێشمەرگە گەورەترین بڕوانامە بوە، سەدان گەنج شارو زانكۆیان جێدەهێشت و ڕویان دەكردە شاخ بۆئەوەی ببنە پێشمەرگە.

بەردەوام پێشمەرگە وێنایەكی جوانی نیشتمانیی داوە، بۆیە گەنجان زۆر ئازایانە ڕوبەڕوی مەرگ دەوەستان و پێشوازیان لە مەرگ دەكرد.
 
هەر لە قۆناغی شاخدا بو پێشمەرگەیان دابەشكردو توشی شەڕی كورد كوژیان كرد. مێژوی ساڵانی حەفتاو  هەشتاكان پڕە لە دیمەنی كوردكوژی!؟ نمایشی ماسولكە ساسیەكان لەڕێگەی هێزی پێشمەرگەوە كراوە! لەم ناوچەیەدا حیزبی چەكدار بەردەوام دەبێتە مەترسی، چونكە بەردەوام  عەقڵی چەكداریی و خێڵەكیی   دەیجوڵێنێت و ململانێكانی پێ یەكلادەكاتەوە. دوای ڕاپەڕین یەكێتی و پارتی ئەفسانەی پێشمەرگەیان تێكشكاندو خۆشەویستی بۆ پێشمەرگەیان كەمكردەوە، بەهۆی بەرژەوەندی ئابوری و داهاتی گومرگەكان شەڕی براكوژیان كردە دیاری دوای ڕاپەڕین، لەجیاتی خەمی پەوەردەو بونیادنانەوەی نیشتمان شەڕیان بۆ تێركردنی گیرفانەكانیان ڕاگەیاند. شەڕی ناوخۆ هەزاران پێشمەرگەی كردە قوربانی و پێشمەرگەی لەپاسەوانی نیشتمانیەوە كردە پاسەوانی حیزب.

هەركاتێك حیزب خاوەنی هێزی چەكداری خۆی بوبێت، لەهێزی نیشتمانی كەوتوە. حیزبی خاوەن هێزی چەكدار بەردەوام بەڵای دیموكراسی بوە، زۆركات ئەم هێزانە بۆ ترسان و شەڕی ناوخۆ جوڵێندراون. پێشمەرگە دەبێت ببێتە هێزێكی نیشتمانی نەك بۆ نمایش و ململانێی حیزبیی مانوڕ و مانگرتن و خۆپیشاندانی پێبكرێت.

 لەهەرێمی كوردستاندا یەكێتی و پارتی كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەیان كردوە، هەر خۆشیان لە شكۆی پێشمەرگەیان كەمكردۆتەوەو ئەم هێزەیان بچوك كردۆتەوە، بەهەزاران بندیوار لەم وەزارەتەن،  بەمەش هێزەكانی پێشمەرگەیان توشی شڵەژانی دەرونی كردوە، بەشێكیان لەبەرەكانی جەنگن و بەشێكیان تەنیا ڕۆژی موچە دەردەكەون، دواكەوتنی موچەو خراپی موچەی پێشمەرگە كارێكی ئابڕوبەرانەیە. كاتێ پێشمەرگەیەك لە كەناڵەكانەوە دەگریات و داوای هاوكاری دەكات ئەوە ئەوپەڕی سوكایەتی كردنە بەم هێزەو جوتحیزب لێی بەرپرسن. ئێوە هەرگیز ڕێگەتان نەداوە پێشمەرگە لەبەر خراپی موچەكەی بێتە سەرجادەو داوای مافی خۆی بكات. ئێوە بێوەفان بۆ هێزی پێشمەرگە چونكە لەشەڕی دژی داعشدا پێشمەرگە بەم بارودۆخە ئابوریە خراپە بەرگری دەكرد، بەڵام بازڕگانی  نەوت و ئۆتۆمبیل لەگەڵ داعش دەكرا! ئەمە كۆتایی ئەخلاقی سیاسی بو چونكە ناكرێت مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دوژمن بكرێت لە كاتی شەڕدا. پاشان بەجێهێشتنی لیوایەكی پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەر لەكەركوك شكاندنی شكۆی پێشمەرگە بو. ئێستاش هێنانی سوپای توكیا بۆ ناو قوڵایی هەرێم شكاندنی شكۆی پێشمەرگەیە.

 بەكار هێنانی پێشمەگەر بۆ تەقەكردن لە بارەگا حزبیەكان و تەڵاق پێخواردنی پێشمەرگە بۆ دەنگدان كارێكی نا ئەخلاقیە.
هێزی پێشمەرگە لەم دو هێزە بێزارە و گەر ئازادی هەبێت زۆرینەیان دەنگ بەم جوتحیزبە نادەن، بەڵام هیچیان ڕێگەنادەن پێشمەرگە ببێتە هێزێكی نێشتمانیی و ئەم هێزانە بۆ ململانێی حیزبیی بەكار دەهێنن. دەبێت پێشمەرگە ببێتە هێزی نیشتمانیی و یەكەم كاری حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی دەبێت ڕزگار كردنی پێشمەرگە بێت لەژێر دەستی حیزب. پێشمەرگە نیشتمانی ئازادكردوە و پاراستویەتی و جوانیكردوە، كەی ناشیرینیەك دروستبوبێت ئەوە بە فەرمانی حیزب و بەزۆرەملێ پێیكراوە. 

سەرەتای دروستبونی دیموكڕاسی و گۆڕانكاری سیاسی لەهەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە ڕزگاركردنی هێزی  پێشمەرگە لەژێر دەستی حیزب، ئەگەرنا لەداهاتودا دیمەنەكانی براكوژی زیاتر دەبن و دیموكڕاسی دەبێتە خەون و چەككڕاسی بەردەوام جێگیر دەبێت. چونكە حیزبی چەكدار مەترسیدارەو بەردەوام مۆتەكەی دیموكڕاسییە. 

نابێت چیتر پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی بەكاربێت، دەبێت ئازادی و پێداویستیەكانی ژیانكردنی هەبێت، ئەركی ئەو پاسەوانیكردنی نیشتمانە نەك حیزب. نابێت هیچ حیزبێك  پێشمەرگە بۆ شەڕی ڕاگەیاندن بەكاربێنێت بەڵكو دەبێت هەموان خزمەتی بكەن و بیكەنە هێزێكی نیشتمانیی. بەنیشتمانیكردنی هێزی پێشمەرگە مانەوەی ئەم هێزەیە بەگەورەی و خاوەن شكۆیی. ئەمە سەرەتای دیموكڕاسی و گۆڕانكاری سیاسی دەبێت.

ئارام قادر حەمەسور

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی