سەرۆك كۆماری توركیا بڕوانامەكەی ساختەیە ؟

16/06/2018

رێبوار حەمە ئەحمەد

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا و پاڵێوراو بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆماری ئەو وڵاتە لە لایەن سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی HDP بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا دۆسیەی گومان لەسەر بڕوانامەی خوێندنی ئەردۆگان هەڵدرایەوە و پێی وت كەس بڕوانامەكەتی بینیوە؟

ئەم وتانەی دەمیرتاش لە وەڵامێكی ئەردۆگاندا هات كە وتبووی دەبێت ئەو هەڵەیە چاك بكرێتەوە و پرۆسەی خۆ كاندیدكردن بۆ سەرۆكایەتی كۆمار چاك بكرێت "ناكرێت كەسێكی وەك دەمیرتاش بتوانێت خۆی كاندید بكات".

ئەردۆگان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا ساڵی ١٩٨٠ لە خوێندنگەیەكی ئاینی كە تایبەت بووە بە پێگەیاندنی پێشنوێژ و وتار خوێن خوێندوویەتی، بە پێی مادەی ١٠١ دەستوری ئەو كاتی توركیا دەرچوانی ئەم خوێندنگە ئاینییانە تەنیا بۆیان هەبووە لە بواری ئاینیە ئاسمانیەكان درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام ئەردۆگان بڕوانامەی ئابوری و ئیداری هەیە.

ئێستا ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا بڕوانامەی كۆلێژی ( ئیدارە و ئابوری ) زانكۆی (مرمرە) هەیە، بۆ ئەوەی لەم زانكۆیە وەرگیرێت پێویستی بەوە هەبووە كە بیسەلمێنێت جگە لە بڕوانامە ئاینیەكەی، بڕوانامەی دەرچونی خوێندنگەیەی زانستی هەیە.

پرسی ساختە بوونی بڕوانامەكەی ئەردۆگان یەكەمجار لەلایەن دادوەرێكی توركەوە بە ناوی (عومەر فاروغ ئە مین ئاغا ئوغلۆ) لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا وروژێنرا كەچی لە لایەن كۆمسیۆن و ناوەندە جیاوازەكانەوە زۆر نەبووە جێگەی بایەخ، بەڵام پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە بەدوای ئەم بابەتەدا رۆشت و گرنگی پێدا تا كار گەیشتە ئەوەی نوسخەیەكی بڕوانامەكەی لە لایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە رەوانەی هەدەپە كرا و ئەوانیش بڵاویانكردەوە، كە ئەوەندەی تر بابەتەكەی لە خودی ئەردۆگان و دادوگەشە ئالۆز تر
كرد.

بە پێی كۆپی ئەو بڕوانامەیە كە بڵاوكرایەوە ئەردۆگان لە ساڵی ١٩٨١ لە زانكۆی (مرمرە) بڕوانامەی كۆلێژی ئیدارە و ئابوری بەدەستهێناوە و واژۆی فەرمی سەرۆكی زانكۆی (مرمرە) و راگری كۆلێژی ( ئیدارە و ئابوری) لەسەرە.

بەڵام دوو گومانی سەرەكی لە سەر بڕوانامەكەی ئەردۆگان هەن، یەكەمیان ساڵی ١٩٨١ هیچ زانكۆیەك یان كۆلێژێك بە ناوی (مرمرە) بونی نەبووە.دووەمیان ساڵی ١٩٨٢ زانكۆی مرمرە كراوەتەوە، ساڵی ١٩٨٣ ئەو كۆلێژە خراوەتە سەر زانكۆكە، ئەم كۆلێژە پێشتر تەنیا ئەكادیمیایەك بووە بە ناوی (ئیداری و ئابوری ) ، ئەوەش بەو واتایە دێت كە بڕوانامەكەی ئەردۆگان ساختەیە.

ئەگەر پرسی ساختەبوونی بڕوانامەی ئەردۆگان یەكلابكرایەتەوە، ئەوا بە پێی دەستوور بۆی نەبوو خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا كاندید بكات.

هەرچەندە ئەم بابەتە پێشتریش وروژێنراوە بەڵام بەهۆی ئەو فشارە زۆری لە سەر میدیا و ئازادی رۆژنامەوانی لە توركیا هەیە كەمتر دەست بۆ ئەو پرسانە دەبرێت كە باس لە شەخسی ئەردۆگان دەكات هەربۆیە بابەتەكە با ناروونی ماوەتەوە.

ئەردۆگان بریاریداوە لە دوای هەڵبژاردنی ئەمجارە پرسی خۆ كاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا گۆڕانكاری بەسەردا بهێنێت بۆ ئەوەی هەموو كەس نەتوانێت خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات، ئاماژەشی بە ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە كرد كە ئێستا لە زیندانە.

رێبوار حەمە ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی