كودەتاكەی 30 حوزەیران

16/06/2018

تێكۆشەر حوسێن

پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگی "یەكێتی و پارتی" ی پەسەند كراوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لەسەر ناوەرۆكەكەی و سیستمی حكومڕانی هەرێمی كوردستان نەخراوەتە ڕاپرسی. دوای ساڵی 1991 هەریەك لە مكتب سیاسی پارتی و یەكێتی خاوەنی بڕیاری سیاسی و یاسایی ئەم ووڵاتە بونە، ئەگەر نەشڵێین هەمووی بەڵام زۆرینەی یاساكان لە هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی دەسەڵات دارێژڕاون. 

دوای دەركردنی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ـی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، مەسعود بارزانی لە 12-5-2005 وەكو یەكەم سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمان ھەڵبژێردرا و سوێندی یاسایی خوارد. بە بەراورد لەگەڵ ئەم مێژوە دوای 25ـی تموزی 2009 پیاوێك جیاوازتر لە بیركردنەوەی ئەوان بە عەقڵیەتیكی ئیداری و سیاسی هاتەوە مەیدان، بە بە دەست هێنانی سەدا بیست و پێنجی دەنگی هاوڵاتیان توانی 25 كورسی پەرلەمانی بەدەست بێنێت، بەمەش مۆدێلێكی نوێی لە حزبایەتی گواستەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەبری یەكلاكردنەوەی كێشە و ململانێ سیاسیەكان، بڕیاری دا لەڕێی پەرلەمان و یاساوە جارێكی تر سەر لەنوێ بەشداری بكات لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان. 

لە قۆناغی یەكەم دا بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو دەسەڵات بگرێتە دەست و بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی لە نێو پەرلەماندا ڕاگەیاند، بۆ ئەم مەبەستەش "فراكسیۆنی گۆڕان" لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد بۆ هەمواری چوارەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراقی ژمارە 1ی ساڵی 2005. بەپێی ئەوەی لەناوەڕۆكی ئەم پرۆژە یاسایەدا هاتوە: "دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بەپێی‌ سیستەمێكی‌ پەرلەمانی‌ رێكخراون‌ و سەرۆك دوو جێگری‌ دەبێت‌ و ماوەی‌ سەرۆكایەتییەكەی‌ لەگەڵ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان كۆتایی‌ پێدێت" 

دوای تەواوكردنی دوو خولی چوار ساڵی، لە ماددەی دووەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە دەقێك دا هاتووە و دەڵێت: "هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ـ عێراق، بەدەنگدانێكی نهێنی و ڕاستەو خۆ سەرۆكێ بۆ هەرێم هەڵدەبژێرن، كە لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتیان دەكا...." لەگەڵ نزیك بونەوەی تەواو بوونی ماوەی یاسایی ویلایەتەكەی بارزانی، سەرۆكی پەرلەمان "ئەرسلان بایز" لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی سەردانی گردی زەرگەتەی سلێمانی بكات بۆ لای "نەوشێروان مستەفا" تەشریف دێنێت، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە پرسی درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بارزانی لەگەڵ نەوشێروان مستەفا تاوتوێ بكات، نەوشێروان مستەفاش دەڵێت، لەم خولەی پەرلەمان دەمانەوێت هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكەین، وەك چۆن پڕۆژە یاسایەكیشمان بۆی ئامادەكردوە، ئێمە دەمانەوێت، سیستمی سیاسی هەرێم لە سەرۆكایەتیەوە بگۆڕین بۆ سیستمی پەرلەمانی. دوای ئەوەی ماوەی یاسایی ویلایەتی "مەسعود بارزانی" وەك سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، بەڵام یەكێتی و پارتی پێچەوانەی رێكارە یاساییەكان لە 30 ی حوزەیرانی ساڵی 2013 دا كودەتایان كرد بەسەر پەرلەماندا و دوو ساڵی دیكەیان بۆ ویلایەتەكەی مسعود بارزانی درێژكردەوە، بزوتنەوەی گۆڕانیش هەمو رێكارە یاسایی و پەرلەمانییەكانی گرتەبەر بۆ ڕێگریی كردن لەو كودەتایە. 

ئەوەبوو لە بەرواری 9 ی نیسانی 2015 سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لەشاری سلێمانی، دوای كۆبونەوەكە، نەوشیروان مستەفا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند: "گونجاوترین سیستم بۆ هەرێمی كوردستان سیستمی پەرلەمانیە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە هەرێمی كوردستان سیستەمێكی پەرلەمانی بێت هاوشێوەی بەغدا...." بەڵام هەریەك لە یەكێتی و پارتی دووبارە بە بیانووی بوونی شەڕی داعش جارێكی تر لەڕێی (ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان)ـەوە ماوەی سەرۆكایەتیی ویلایەتەكەی بارزانیان بۆ دوو ساڵی دیكە درێژكردەوە. لە كاتێكا خۆشیان یاساكەیان بەم شێوەیە داڕشتبوو، كە لە بڕگەی كۆتایی یاساكەدا دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەك جارێكی تر یارای درێژكردنەوەی نیە" كەچی 

دووبارە كردیشیان. ئەنجومەنی شورا ڕایگەیاند لە بەرواری 1-11-2017 دا دوو ساڵەكەی ئەنجوومەنی شورا تەواودەبێت، ئەمەش لەكاتێكدایە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كورستانیش لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ 1-7-2018 دواخراون. جگە لەوەش هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەخنەی جددی لە پڕۆژەیاساكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرت بەوەی كە چۆن دەبێت پەرلەمان بە 111 كەسەوە لەجیاتی چەند ملیۆنێك هاوڵاتی سەرۆكێك بۆ هەرێم دیاری بكەن، لە كاتێكا ئەو ئەنجومەنی شورایەی كە پارتی ئاراستەی دەكردن، تەنها 11 كەس بوون لەجیاتی هەموو كوردستان و تەنانەت ئەندامانی پەرلەمانیش ویلایەتەكەی بارزانیان بۆ دوو ساڵی تر درێژ كردەوە. 

دوو ساڵە درێژكراوەكەی ویلایەتی بارزانیی كۆتایی هات و ئەبوایە لە 19 ـ 8 ـ 2015 بارزانی كورسی سەرۆكایەتی بەجێبەهێڵێت، پێش ئەو وادەیەش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر "یوسف محمد سادق" دەستی كرد بە ئامادەكاریی و گرتنەبەری رێكارە یاساییەكانی بۆ ئەوەی جارێكی تر بۆشایی یاسایی لە هەرێمی كوردستان دروست نەبێت، كۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكان دەستپێكرد، بۆ ئەوەی سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان بچێتە سەر رێگەیەكی تەندروست و سیستمێكی پەرلەمانی بێتە كایەوە و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتی تیادا فەراهەم بێت. 

ڕۆژی 23ی حوزەیرانیش، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی "د.یوسف محەمەد سادق" بەبەشداریی 58 پەرلەمانتار كۆبونەوە ئەنجامدرا و خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كرا، یەكەم جاربوو لە مێژووی پارتی دا، پارتی بەیەكجاری پەراوێز بخرێت دواتر سەرۆكی پەرلەمان وتی: "هیچ ئیرادەیەك ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەكبخات‌و پەرلەمان شەرعیەتی‌ لەگەلەوە وەرگرتوە، پەرلەمانیش خاوەنی‌ شەرعیەتی‌ راستەقینەی‌ خەڵكی‌ كوردستانەو هەمو دەسەڵاتەكان شەرعیەت لەپەرلەمانەوە وەردەگرن" چەند دانیشتنێك لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە تایبەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواری یاساكە خرانە بەرنامەی كارەوە، دواتر بڕیاردرا پەرلەمانی كوردستان لە 19ی ئابدا لەكۆبونەوەیەكی نائاساییدا خوێندنەوەی دوەم بۆ راپۆرتی لیژنەی یاسایی بكرێت و پڕۆژە یاساكە بكرێتە یاسا، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی ریژەی یاسایی نەتوانرا دانیشتنەكە ئەنجام بدرێت بۆ بەیاساكردنی پڕۆژەیاساكان.

ئەوە یەكەم شكستی پارتی و خاوەن خواستی سەرۆكایەتی هەتا هەتایی بو بەرامبەر ئیرادەی پەرلەمان و بۆ یەكەمجار لەمێژوی خۆیدا بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كرد. تا لەكۆتاییدا كار گەیشتە ئەوەی لە 12 ی ئۆكتۆبەر پەرلەمان بەیەكجاری تەعتیل بكرێت ڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان بكرێت، وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕەوانەی ماڵ بكرێنەوە، تەبعەن هەموو ئەو ڕووداوانەش دوای دانیشتنی مكتب سیاسی هەردوو لا دێت، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانیان. كلتوری سیاسی باوەڕ بوو بە لۆژێكی هێز و چەك لە لایەن یەكێتی و پارتیەوە ڕۆژ بەڕۆژ كاریگەری نێگەتیڤ جێدڵێت لە سەر ئاییندەی بنەماكانی دیموكراسیەت، ئەوەتا جارێكی تریش لە ڕۆژی 12 ی ئایار دوای ئەوەی هەریەك لەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەی هەرێم بە پڕۆگرامكردنێكی پێشوەختە دەسكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان كرد، دواتر هێرشێكی ناڕەوای چەكیشیان كردە سەر گردی زەرگەتەی گۆڕان، پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كودەتاكەی 30 حوزەیران بەڵام ئێستاش عەقڵیەتی خێڵ مەنتقی هێز و عەسكەرتاریەت زاڵە بەسەر پارتی و یەكێتیدا.

تێكۆشەر حوسێن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی