فریاكەون تاگەرمەسێر ئاوارە نەبووە!

17/06/2018

كه‌مال ره‌ئوف

ناوچەكە بەگەرمیان و كۆیستانیەوە ئەكوڵێت و لەژانی گۆرانكاریدایە، حەرەمی سنورە نێودەوڵەتیەكان لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە بۆ هێزە گەورەكان شكێنراوە، كار گەیشتۆتە رادەیەك جموجۆڵی هێزە هەرێمایەتیەكان لەودویو سنوری خۆیانەوە خەریكە لەمیدیاكان ناشبێتە هەواڵی گەرم و ئاسایی سەیر ئەكرێن، هەموو ئەگەرەكان كراوەن، هەرلایە بەجیاو لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان خۆیان بۆ روداوەكان ئامادە دەكەن، ئەوانەی خۆێندنەوە بۆ پێشهاتەكان دەكەن، لایان وایە هاوكێشەی هێز لەناوچەكە لەگۆراندایە. لەم گۆرانكاریانەدا كوردانی باشور بێئاگاترین لایەنی ناو گۆرەپانەكەن، جومجۆڵی هێزەكانی حەشد لەگەرمەسێر و ناوچەكانی كەركوك خانەقین پرگومانن، چۆڵكردنی هەندێك دێهاتی كاكەییەكان و جەبارەو لەم رۆژانەشدا دەروبەری خانەقین، درێژكراوەی هەمان سیناریۆیی 16ی ئۆكتۆبەرە، هەندێك لایان وایە 16ی ئۆكتۆبەر سیناریۆیی لایەنێكی كوردی بووە، یان شەریك بووە، بەڵام  راستیەكەی ئەوەیە دەمێكە هیچ لایەنێكی كوردی باشور خاوەن هیچ سیناریۆیەك نەبووەو نییە لەناوچەكە، هەموو ئەوانەی دەگوزەرێت تەنها ئەوەیە كە هەندێك لایەن بێ ئاگان و هەندێكیشیان بەشداریان پێدەكرێت نەك خۆی خاوەنی سیناریۆكان بن. رەنگە زیادەرۆیی نەبێت ئەگەر بڵێن هیچ كاتێك كورد ئەوەندەی ئێستا بێ‌ قەزییە و پەككەوتە نەبووە،  لەدوای راپەرینی نەوەدەكانیشەوە  هیچ كاتێك هێندەی ئێستا پەراوێزخراو بێ‌ توانا نەبووە لەناو هاوكێشەكان.

دروستكردنی ترس، كوشتن و گوشار خستنە سەر خێزانە كوردەكان لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم هەلقەیەكی تری سیناریۆكەیە بەناوی داعشەوە، ئەگەر بەشێوەیەك لەشێوەكان رانەگیرێت ئەوا لەماوەیەكی كەمدا ئاوارە بوون دەستپێدەكات و هەوڵ دەدرێت كوردانی ئەو ناوچانەی تر رەو پێبكەن و بەناچاری رووبكەنە هەرێم و ناوچەكانیان بەجێبهێڵن. 

لەراستیدا كورد ئەوكاتە ئەو ناوچانەی دۆراند كە پارتی و یەكێتی هاوكێشەی ئیدارەو حوكمرانی هەرێمی كوردستانیان گوێزرایه‌وه‌ بۆ ئەو ناوچانە، ئاخر ئەوەی تا ئێستا لە هەرێم هەیە، پاشماوەو بەرئەنجامی ئاكامی براوەو دۆراوی شەری ناوخۆیە، ناوچەكانی دەڤەری زەردو سەوز، دوو هێزو دوو ئیدارەیی، ئەو دابەشكاریی و شەراكەتەیە كە هەردوولا وەك نەتیجەی شەرەكە قبوڵیان كرد نەك ئاشتبوونەوە یەكخستنەوەی هەرێمی كوردستان. بۆیە ئێستا نەك هەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، تەنانەت هەرێم خۆشی لەبەردەم مەترسیدایە، بەڵام ئەوەی باكی نییە لایەنە كوردیەكانن، حكومەت و دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەكانێتی، چونكە پێدەچێت ئەوان تەنها بۆ پرسە ناوخۆییەكان و بۆ ئەوە دروست بووبێتن خۆیان بەشتە بچوكەكانەوە خەریك بكەن و پرسە گەورەكانیشیان بۆ براگەورەكانیان بەجێهێشتبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی