ویلایەتە یەكگرتووەكان.. دوو سێگۆشە و یەك ستراتیژ ئەكتیڤ دەكات

18/06/2018

بەهرۆز جەعفەر

سێگۆشەی یەكەمیان، سعودیه- ئیسرائیل- ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێناو ڕێگرتن لە هەژمونی ئێران و مەترسیەكانی. بۆ ئەمە دوو سیناریۆ هەیە:

یان ئەمریكا ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی كۆریای باكور لەگەڵ ئێران واژۆ ئەكات

یان بە ڕێگەی هێز كار بۆ نەهێشتنی هەژمونی ئێران ئەكا، لە یەمەن كاروچالاكی حووسیەكان بەرتەسككراونەتەوەو شوێنە هەستیارەكانیان لە دەست دەرهێناون، لە باشوری سوریا هێزه ئێرانیەكان پاشەكشەیان كرد، لە عێراقیش هاوپەیمانی دژی بەرەی ئێران بۆ پێكهێنانی حكومەت چێ بكرێت، لە كەنداویش گەمارۆ لە ناوچە ئاوییەكاندا بخرێتە سەر جموجوڵی ئێران، هەروەها فشار و گەمارۆ ئابورییەكانی سەر ئێران زیاتر بكرێت لەوەی كە كراوە.

سێگۆشەی دووەم لە دەریای ناوەڕاستە، یۆنان- قوبرص- ئیسرائیل پێكیان هێناوە، میسر یش بەشداری پێ ئەكەن،  كە هەر چواریان هاوپەیمانی ئەمریكان، وە  كێشەی جەوهەریان لەگەڵ توركیاو ئەردۆگان هەیە، ئەمەیان بۆ لایەنی ئابوریی و ئەمنی یە، ئابوریی وەكو دۆزینەوەو دەرهێنان و هەناردەكردنی غازی سروشتی و نەوت بەرەو ئەوروپاو خۆرئاوا و برەو پێدانی ئابوریی بازاڕ، ئەمنی یش وەكو (ترسیم حدود مائی) دیاریكردنەوەی سنورە ئاوییەكانی هەردوولا و هەروەها ڕێگرتن لە قاچاخچێتی بە ماددە قەدەغەكراوەكان و پاشان گرفتی پەنابەران و .... تادوایی. 

ئەوەی پێشبینی ئەكرێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناكاو هێزەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل بنكەیەكی سەربازی بكەنەوە لە "قوبرسی توركی" واتە ئەو بەشەی دوورگەی قوبرس كە توركیا داگیری كردووەو هەرێمێكی دان پیانەنراوە، وە بە ڕێگەی هێز هەردوو پارچەكەی قوبرس یەك بخەنەوە كە یەك زەمینەی جوگرافی و مێژوویین. 

بەهرۆز جەعفەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی