ئاكەپە لە ئامەد

18/06/2018

هێمن مەحمود

ئاكەپە لە هەڵبژاردنی ١ تشرینی دووەمی ٢٠١٥، لە شاری ئامەد ١٤٨ هەزار و ١٦٩ دەنگی بەدەستهێنا كە دەیكردە ٢١،٣٧% ژمارەی دەنگدەران. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە پڕۆسەی ئاشتی هەرەسیهێنابوو، شەڕ لە نێوان سوپای توركیا – پەكەكە دەستی پێكردبوو. 

لە بەرامبەر ئەمەشدا هەدەپ ٥٧٦ هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو كە دەیكردە ٧٢،٧٩% دەنگەكان. 

رێك ساڵێك بەدوای هەڵبژاردن واتە لە ١ تشرینی دووەمی ٢٠١٦، دەستی بەسەر شارەوانیەكانی هەدەپ داگرت و قایومی (Kayyum) لە جێگای ئەواندا جێگیركرد. لەم ماوەیەدا دەسەڵاتی ئاكەپە پارەیەكی زۆری لە باكووری كوردستان بە تایبەتی لە ئامەد خەرج كرد بۆ ئەوەی پێگەی جەماوەری خۆی بەهێز بكات. بەڵام ئەوەی دیارە ئەمە دادی ئاكەپەی نەداوە.

بەرپرسێكی ناوداری ئاكەپە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەنوسێكی خەڵكی ئەم شارە (Off the record) دەڵێت:" ئەگەر لە هەڵبژاردنی ٢٤ حوزەیران، ٦٥ – ٧٥ هەزار دەنگ بێنین لەم قۆناغەدا سەركەوتنێكی گەورەیە". 

كەواتە ئاكەپە لە دەستدانی ١٠٠ هەزار دەنگی لە ئامەد لە بەرچاوی خۆی داناوە. 

هەروەها بۆ ئەوەی وردتر ئەم ژمارەیە شیتەڵ بكەین، پێویستە بزانین:
- لە ئامەد و ناوچەكانی زیاتر لە ٤٠ هەزار كارمەندی دەوڵەت هەیە كە زۆربەی ئەمانە لە دەسەڵاتی ١٦ ساڵەی ئاكەپە دامەزراون، بوونە خاوەن پۆست و مووچە. 

- ژمارەكەی دیكەی دەنگدەران كە ئەمە بە دەنگدەری ئایدیۆلۆژی – ئیسلامی لە قەڵەم دەدرێن ئەو كەسانەن كە نەخەمی ئازادی، نەخەمی ئەتنیكیان هەیە. 

لە ئەنجامدا ئەگەر ئاكەپە لە هەڵبژاردنی یەكشەممەی داهاتوو (٢٤) حوەزیران ئەوەندە دەنگە بێنێت كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێكردووە كە دەكاتە رێژەی ٦- ٧%، دەكرێت بڵێین كە پێگەی جەماوەری ئەم پارتە لە باكوور بەرەو سفربوونەوە دەچێت و جیاوازیەكی ئەوتۆی لەگەڵ جەهەپە و پارتەكانی دیكە نامێنێت.

هێمن مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی