لەدایكبوونی هاوپەیمانی

20/06/2018

شیخ محەمەدی سەرگەلۆ

پێكھێنان و لە دایك بوونی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە بناغەوە بۆ درووست كردنی ھاوپەیمانی بووە لە گەڵ ھیزە چاكە خواز و ناڕازیەكانی كوردستان بۆ كۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی دزو مافیا و گەندەڵ و پاوانخواز.

‎لەو پیناوەشدا ھەوڵی بێووچان دراوە بۆ گەیشتن بەو ئەو ڕاستیەی كە دەبێت بەرەی چاكەخوازان لە بەرەیەكی فراوانی یەكگرتوودا كۆ ببنەوە كار لە سەر بە ئامانج گەیاندنی بەرنامەكانیان بكەن بۆ فەرمانڕەوایی لە كوردستان.

ئەمەش ھەمووی لەوە سەرچاوە دەگرێ كە باش دەزانین لە ھەرێمی كوردستان خەڵك بە گشتی بێزار بووە لە ئەم حیزب و ھیزە پاوانخوازانەی ئیستا. 

لە ئێستادا باشترین چارەسەر و بۆ گەڕانەوەی ھیوا بۆ خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان ئەوەیە كە ئەم ھێزانە ھەموویان بە یەك لیست بەشداری ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو بكەن و وە كۆمیتەی ھاوبەش یان لیژنەی ھاوبەش و كاری ھاوبەشیان ھەبێت لە سەر ھەموو ئاستەكان ، لە ڕاگەیاندنەكان كاری ھاوبەش و پێكەوەیی بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێواز پەیامەكانیان بە خەڵكی كوردستان بگەیەنن.

كاتێك ئەم ھێزە چاكەخوازانە یەكیان گرت بۆ ئامانجێكی ھاوبەش ھەنگاوی كرداریان نا ، ئەو كات دەتوانن داوا لە خەڵكی كوردستان بكەن كە پشتیوانیان بكات لە ڕووی مادی و مەعنەویشەوە، دڵنیام ئەو كاتە خەڵكی كوردستان كە بێزار و بەش خوورا و زەرەرمەندی سەرەكی ئەو باروودۆخەن دێنە پێش و پشتیوانی تەواوی ئەو ھیزانە دەكەن.

‎ئەگەر ئەمەش نەكرا دەبێت بێ چەند و چوون چاوەڕوانی بەھێز بوونی پایەكانی بنەماڵەكان بین بۆ بەردەوام بوونیان لە سەر فەرمانڕەواییان و مژینی خوێنی خەڵك و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی زۆر و زەوەندی كوردستان.

زۆر كات ڕۆیشتوە كەمی ماوە باشتر وایە ئەو ھیزانە بە زوویی بیرێك لە داھاتووی كوردستان و چارەنووسی خۆشیان بكەنەوە و بە یەكگرتوویی و لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتیەكدا ببنە یەك و دژی زوڵم و زۆرداری ئەم دەسەڵاتە بوەستنەوە.

شیخ محەمەدی سەرگەلۆ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی