شەڕی شكاندنی پشتێنە !

20/06/2018

دڵشاد ئەنوەر

دوای ساڵی ٢٠٠٥ كاتێك پلان بۆ دەركردنی كورد لەناحیەی سەعدیەی پارێزگای دیالە دانرا ، سەرەتا جێبەجێكردنی پلانەكە لە گوندەكانی دەوروبەری ناحیەكەوە خرایە بواری جیبەكێیكردنەوە.

چونكە گوندەكان پشتێنە بوون بۆ كوردەكانی ناو سەعدیە و پلان دانەران دەیانزانی تا كورد لە گوندەكان دەرنەكەن ، ناتوانن تەسفیەكردن لەناو ناحیەكە دەست پێبكەن.

ئەوەبوو هەڵمەتێكی چڕی تەقینەوە لەگوندە زرگۆشی نیشینەكانی دەوروبەری سەعدیە دەستی پێكرد، بەدەیان كوردی زرگۆش كە عەشیرەتێكی شیعە مەزهەبن قەتڵ و عام كران، دواتر هێدی هێدی گوندەكان بەكورد چۆڵكران و پاشانیش بەشێك لە كوردەكانی ناو سەعدیە روویان لە خانقین كرد، بەم شێوە كورد لەو ناوچە تارادەیەكی زۆر تەسفیە كرا.

هەمان سیناریۆ لە مەندەلیش دووبارە بوویەوە، كاتێك دوای رووخانی بەعس كوردەكان لەبەغداوە بۆ گوندەكانی دەوروبەری مەندەلی گەڕانەوە ، عەرەبەكان زانیان ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و دروستبوونی پشتێنە لە دەوروبەری مەندەلی ، یانی زیندووبونەوەی كورد لە ناوچەكە.

بۆیە پرۆسەی قەتڵ و عام كردنی كوردە گەڕاوە گوندنیشینەكانیان دەستپێكرد، ئەوەبوو لە گوندی حەمید شەفی نزیك مەندەلی، هەرچی پیاوی كورد هەیە كۆكرانەوە و لە پێش چاوی عایلەكانیان لەلایەن عەرەبە چەكدارەكانەوە گولە بارانكران ، بەم شێوەیە كورد لەوێش زیدبەدەر كرا.

لە ئێستادا قۆناغێكی تری كاول كردن و دەركردنی كوردە گوندنیشینەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان دەستیپێكردووە ، بە تایبەت لەباشوری كەركوك و سنوری خانەقین و ناحیەی جەبارە.

پلان دانەران دڵنیان لەوەی تا گوندە كاكەیی نیشینەكان ی باشوری كەركوك و گوندە كورد نیشینەكانی دەوروبەری خانەقین و جەبارە بەكورد چۆڵ نەكەن ، ناتوانن پلان بۆ تەسفیەكردنی كورد لەناو كەركوك و خانەقی دابڕێژن.

واتە گەر ئەوان قۆناغی یەكەمی كارەكانیان سەركەوتو بێت ، بەوەی پشتێنەی شارەكان لەكورد دابماڵن ، بێگومان هەنگاو بۆ پلانی دووەمیش دەنێن كە دەركردنی كوردە لەكەركوك و خانەقین.

بیرمان نەچێت گوندە كورد نیشینەكانی دەوروبەری خانەقین و كەركوك بۆ پاراستنی كوردانی ناو شارەكان گرنگن ، تا ئەو كوردانە لەو گوندانە بن ، كوردی ناو شارەكان پارێزراو دەبن ، چونكە ئەوان پشتێنەن بۆیان.

تەنانەت پشتینە بۆ پاراستنی ناو شارەكان هێندە گرنگە، دەوترێ نەوشیروان مستەفا بۆ یەكلایی كردنەوەی شەڕی خورماتو لەنێوان كورد و توركمانی شیعە، كاتی خۆی پێشنیاری دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی كوردی لە پشتەوەی خورماتو كردووە كە لە ئاوارەكان پێكبێت ، بەمە توركمان لەناو خورماتودا گەمارۆ بدرێت و كۆمەڵگەكەش ببێتە پشتێنە بۆ خورماتو.

ئەوەی گرنگە بۆ كورد ئەوەیە ئەو هەڵمەتەی دژی كوردە گوندنیشینەكان ی كەركوك و دیالە دەستیپێكردوە ئەجێندایەكی سیاسی گەورەی لە پشتە، ئامانج لێی شكاندنی پشتێنە كوردەكان و دواتر پلان دانانە بۆ تەسفیەكردنی كورد لەناو شارەكان.

دڵشاد ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی