توركیاو كورد

21/06/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

1
ئەگەر بە وردی و دور لەلایەنگری و سۆز سەیری ململانێكانی نێوان ئەردۆغان و دەمیرتاش بكەین بۆ سەرۆكایەتی توركیا ، دەبینین دەمیرتاش زیاتر لە خەمی توركیادایە تا ئەردۆغان ، ئەمە لەو ڕوانگەیەوە كە دەمیرتاش بە میوزیك و ستران لە زیندانەوە بانگەشەی دەست پێكردووەو داوای نەترسان و دەنگ بەرزكردنەوە دەكات ، كەچی لە بەرانبەردا ئەردۆغان وەك بەرپرسی یەكەمی وڵات بە هەڕەشەو گوڕەشە دەستی پێكردووەو خەوبە خوێنەوە دەبینێت و پەلاماری قەندیل دەدات ، جیاوازیەكە بە ئاشكرا ئەوەیە ئەردۆغان شمشێری بە دەستەوەیەو دەمیرتاش گوڵ ، كێشە ئەوەیە هەندێك لەو كوردە خۆشخەیاڵەی خۆمان دەیانەوێت وێنەكە ئاوەژووبكەنەوە گوڵەكە وەك شمشێرو شمشێرەكە وەك گوڵ دەبینن ، ئەوەش گرفتی ئاوەزی كوردیە ، هەمیشە رقی لە خۆیەتی و دەیەوێت خەڵكی تر سەرداری بن .

2
ئاوەزی شەڕ ، ئاوەزی هەڵوەشانەوەیە نەك ئاوەزی ئاشتی ، ئەردۆغان لێرەدا خاوەنی تێزو ئاوەزی شەڕەو دەمیرتاش خاوەنی تێزی ئاشتی ، مێژوو لیپە لە گۆڕی ئەو ستەمكارانەی ویستویانە بە شەڕ گرەوەكە بەرنەوە ، لە دووی خۆیشیان جگە لە نەفرەت و نەهامەتی هیچی دیكەیان جێنە هێشتووە ، ئاشتی خوازەكانیش لە ئاسمانی وڵاتەكەیان و دنیادا دەدرەوشێنەوە ، ماندێلاو غاندی و مارتن لۆسەر و زۆری دیكە مایەی شانازی خۆیان و نەتەوەكەیانن، لە وێنە هەقیقیەكە دا دەمیرتاش بە تورك دەڵێت :
ئاشنا وەرە با ئاشنا بین 
لە ئاشنا زیاتر چەشنی برا بین 
نەتبیستوە برا لە پشت برا بێ‌ 
مەگەر موقەدەر لە لای خودا بێ‌ 

كورد لە توركیا دەیانەوێ‌ وەك براو ئاشنا سەیری تورك بكەن ، لێ‌ تورك سەیری دەمی ئەردۆغان دەكەن لە بری پەیامی ئاشتی پەیامی شەڕ بۆ قەندیل دەنێرێت ، بە ئەردۆغان بڵێن با حەمەدۆك بخوێنێتەوە .

3
ئەگەر كورد لە نێو خۆیاندا تەباو باش بن ، هەزاری وەك ئەردۆغان بە پوشێ‌ ، لە فیلمی لاوانەوەی یەڵماز گۆنایدا پۆلیس و عەسكه ر بە دەست كوردە بەد بەخت و قاچاغەكانەوە كەلەلابوونە ، هەرچەند سروشتیش لە دژی كورد وەستاوەتەوە كەچی نەپۆلیس و عەسكەر نە سروشت ناتوانن ئەو چوار چەكدارە بكوژن ، دواكەسیان كە خودی گۆنایەو پاڵەوانی فیلمەكەشە ، جوتیارێكی كورد دەیكوژێت ، دەمیرتاش پاڵەوانێكە لە زیندانا كورد جوامێرانە دەنگی پێبدەن زۆرشت دەگۆڕێت ، لێ‌ كێ‌ دەڵێت هەموو كوردی باكور وا بیر دەكەنەوە . 

ئەگەر كورد بەیەكەوە بن ئەردۆغان نەك شمشێر ئەتۆمیشی پێبێت لە بەرانبەر دەنگی میوزیك و سترانا بە چۆكا دێت .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی