بۆ ئەوەی دەستی كەس ماچ نەكەن!

23/06/2018

كه‌مال ره‌ئوف

هەرچەندە پەسەند كردنی دادگای فیدراڵی بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكان بە هەنگاوێكی ئیجابی بەئاراستەی چارەسەر دەبینرێت و بۆ ئەم دۆخە بەبریارەێكی باش دەزانرێت، بەڵام لەئاكامدا ئەم هەنگاوەش ناتوانێت ئاوبكات بەئاگری ساختەكاریەكانداو گری تەزویر دابمركێنێتەوە.
  
كاتێك گومانی دەنگدەران و لایەنە نارازیەكان لەلوتكەی هەرەمی بێ‌ متمانەیدا دەمێنێتەوە، كاتێك میكانیزمی دەستبژێری دەنگەكان دیاری نییە، كاتێك دانانی دادوەرەكان بە رێككەوتن نەبووە و پرۆسەی جیاكردنەوەی پاك و پیسیش هەر بەو دامەزراوەیە دەسپێردرێت، كە دەستەبژێری پارتە دەسەڵاتدارەكانە و هەر لەرێگەی ئەو كارمەندانەی كۆمیسۆنەوە پرۆسەكە ئەنجام دەدرێت، كاتێك چاوی گومان هەر لەسەر بەشێك لەئەوانەیە كەخۆیان جێگەی گومانی كردەی ساختەكاریەكانن. ئیتر دەبێت هەمووان چاوەرێی سەردەرهێنانی كارێكی ساختەكاری تربین لە شوێنێكی ترەوە، لەبەرامبەریشدا ئەبێت چاوەرێی سەرهەڵدانی نارەزایەتی تربین لەئاكامەكانی ئەم پرۆسەیەش.

رەتكردنەوەی نەتیجە راگەیەنراوەكانی هەڵبژاردنی 12 ی ئایار، گورزێكی كوشندە بوو لە مسداقیەتی كۆمیسۆن و پرۆسەی هەڵبژاردنەكەش، رەنگە لەئاكامدا ئەم رەتكردنەوەیە بەگشتی پرۆسەی سیاسی عێراق بباتە شوێنێكی نەخوازراوە. سەرهەڵدانی سوتاندن و پەلاماردان و توندوتیژییەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی ئاماژەیەكی مەترسیدارن بۆ ئەوەی پرۆسەی جیاكردنەوەی پاك و پیس زۆربخایەنێت و لە ئامیشدا هیچ لایەنێك پێی رازی نەبێت. 

ئەوەی كە بەندە لەم نوسینەدا دەیخوازم ئەوەیە، پێویستە لایەنە كوردیەكان هەموویان مەترسییەكان وەك خۆیی ببین، بەتایبەت كە ئێستا هەرێم لەبەردەم هەڵبژاردنێكی تردایەو قەوارەی هەرێمیش لەبەردەم مەترسیەكی گەورەدایەو ئاگری شەری بەوەكالەت لەنێوماڵدایە، بۆیە باشتروایە دەستوموچی سوارو پیادەیی بكەن تا بتوانن بەیەكتری بگەن، دەنا كە پرسەكە لەدەست چوو ئەوكاتە دەبێت لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان  تەنها دەست ماچ بكەن ئەگەر لێشیان قبوڵ بكرێت.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی