حیزب ئامرازە بۆ گەشتن بە ئامانج

24/06/2018

ئومێد جاف

ئامانجی خۆشگوزەرانی و ماف و ئازادیەكانی هاونیشتمانیان لە مەترسیدایە، ستایلی حزبی كوردی لە چارەكە سەدەی رابردوو هەرسی هێنا، ئەوەی بینرا جگە لەماڵوێرانی، هەڵوەشاندنەوەی باها كۆمەڵایەتیەكان، ئەنجامدانی شەڕی ناوخۆو، دزینی سەروەت‌و سامان‌و بە هەدەردانی داهاتی میللە و دابەشكردنی هەرێمی كوردستان و ناساندنی خاكی كوردستان بە جێناكۆك و رادەستكردنەوەی بە دوژمنان، لاخستنی سوپای نیشتمانی و برەودان بە هێز خێڵ و كەسایەتی، شاكاندنی شكۆی تاك و لاقەكردنی دیموكراسی و دەست تێوەردان لە سەربەخۆی دادگاكان وشێواندنی بنەماكانی دادگەری...هتد، كە سەرجەمیان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو لوتكە لە هەڵكشاندایەو بە هایەك بۆ جوانیەكانی ژیانی هاونیشتمانیان نەماوە لەم هەرێمەدا. لە بەرامبەردا حزبە راست رەوەكان ئامادەنین خزبەكانیان بكەن بە ئامرازێك بۆ پاریزگاری لە بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل بە دروستكردنی هاوپەیمانیەك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن.

بەپێی رێنمایی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ماوەی دروستكردنی هاوپەیمانی لە نێوان حزبە كوردستانیە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە (٢٥/٦/٢٠١٨) كۆتایی دێت. بەڵام تا ئێستا هەندێك حزب كە دۆستی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل و بەرەی بەرەنگاری گەندەڵكاران بوە لە ماوەی رابردودا، ئامادە نین بێنە ناو بەرەیەك بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە هاو ئامانجەكانی، لە پێناو گەشتن بە ئامانجی راستەقینە لە خۆشگوزەرانی خەڵك و وەستان و بە گژاچونەوەی ئەم دۆخە پر كارەساتە.

لە واقیعدا سەرجەم ئەو حزبانەی ئامادەی خۆیان پیشانداوە بۆ  پێكهێنانی بەرەیەكی هاوپەیمانی بۆ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێگەی جەماوەری خۆیان هەیە، تەنها ئامانجان یەكخستنی هێزەكانە بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە.

لە روانگەی یاسای هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەموواركراو، ژمارە كورسیە گشتیەكان (١٠٠) كورسیە كە حزبە بەشدارەكان كێبركێ لەسەر دەكەن، هەموو حزبێك مافی هەیە لیستێك پێشكەش بكات لە (٣) كەس كەمتر نەبێت و لە (١٠٠) كەس زیاتر نەبێت بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی (٣٠%) ژنان لە لیستەكەیدا. هەروەها  لە ماددە (٢٩)ی هەمان یاسادا هاتووە دوای دەنگدانی بە حزب یان هاوپەیمانیەكی دیاری كراو، پاشان دەنگدەر مافی هەیە دەنگ بە پاڵیوراوێك بدات.

ئەم سیستەمە كە پەیرەو دەكریت بەپێی یاسای هەڵبژاردن پارێزگاری لە قەبارەی دەنگی حزبە جیا جیاكانی ناو هاوپەیمانیەتەكە دەكات كە دەتوانن  ئەندام و لایەنگرانی خۆیان ئاراستە بكەن كە دەنگ بە پاڵیوراوەكانی خۆیان بدەن لە ناو لیستی پاڵیوراوانی هاوپەیمانیەتیەكەدا.

بۆیە خوازیارین لەو حزبانە لە ئاست بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغە هەستیارەدا بن، بتوانن پێشەنگی ئەم قۆناغە بكەن لە گەڵ حزبە هاو ئامانجەكان، بە دروستكردنی بەرەیەكی هاوپەیمانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. بەپێچەوانەوە سەرجەم لایەنەكان وەك خولەكانی رابردو ناتوانن كاریگەری ئەو تۆیان هەبێت لە پرۆسەی چاكسازی هەرێمدا.

ئومێد جاف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی