ئەركەكانی بەرەی بەرفراوان

24/06/2018

مەلا فرمان

لە هەنگاوی یەكەمدا دەبێت بزاندرێت و ببیندرێت لەم هەرێمی كوردستانە گەلێكی وشیار و بە ئاگا دەژێت، دەزانێ جۆن ژیانی خۆی رێكبخات. ئەوانەی پێچەوانە باس لەم میلەتە دەكەن، ئەوانەن جگە لە بواری ستەم و دزی لە تەواوی بوار و چەمكەكانی تری ژیان كڵۆڵ و كۆڵەوارن.

پێكهاتەی بەرەی فراوان:
ئەم بەرەیە دەبێت هەموو ئەو دەنگە ناڕازیانە لە خۆ بگرێت دەیانەوێ نەك تەنها تەواوی هاوڵاتیانی كوردستان لە  نادادپەروەری دەسەڵاتی جوتحیزبی رزگار بكەن، بەڵكە خودی دەسەڵاتدارانیش بێننەوە ناو ژیانی ئاسایی كۆمەڵ تا زیاتر و زیاتر رەشنەبن.

لەبەر ئەوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بەدرێژایی ٢٧ ساڵی رابردو نەك خەباتی نیشتمانی بەرەوپپێش نەبردوە، بەڵكە قورس و قورستری كردوە و كۆسپی گەورەی تازەی بۆ دروست كردوە. بۆیە ئەم بەرەیە پێویستە ، لە خەباتی بەرفراوانی میلیدا ٢ دو رێچكەی سەرەكی دیاری بكات:
1- خەباتی ناوخۆ
ئەم خەباتە دژ بە دەسەڵاتە ستەمكارەكانی ناوخۆ دەكرێت، دژ بەو دەسەڵاتانەی نادادپەری و ستەمیان چاندوە. ئەم ئەركە تا بڵێی قورسكراوە، چونكە لەم هەرێمە یەك دەسەڵات نیە، بەڵكە دەسەڵات بریتیە لە: دەسەڵاتی ٢ دو حیزب و ٢ بنەماڵە لە ناو حیزب و بنەماڵەش چەندین دەسەڵاتۆكە و ناوەندۆكەی بڕیار هەیە. دو بازگەكەی دۆڵی سماقوڵی و بازگەی دێگەڵە  كە بونەتە هەڕەشە لەسەر پێكەی دو لەتبونی ئەم هەرێمە، یەكێكە لە شاكارەكانی دەسەڵاتی جوتحیزب.  بۆیە دەبێت بە راشكاوی ئەم بەرەیە باس لە زەرورەتی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی و لابردنی هەموو دەسەڵاتە ستەمكارەكان بكات.  ئەمەش ببێتە دروشمی سەرەكی و ناوەڕۆكی بەرنامەی كار. راستیەكیش هەیە پیویست بەزانین دەكات، ئەویش لە كاتی زیادكردنی فشار و هێزی ئەم بەرەیە ئەم دەسەڵاتانە دەبن بە یەك و وەك مناڵی ترسێندراو و دەستەمۆكراو خۆیان دەدەنە پاڵ چارۆگەكەی دایە گەورەیان. بەكورتی خەباتی ناوخۆ پێویستە بۆ ژیانەوەی ژیان بێت لە هەرێمی كوردستان.

2- خەباتی نیشتمانی
بۆ ئەم قۆناغە پێویستە كار بكرێت بۆ لابردنی هەمو ئەو كۆسپانەی دەسەڵاتە ستەمكارەكانی هەرێم دروستی كردون و پاشان  هەنگاونان بەرەو دروستكردنی پایەكانی كیانی كوردستان:
جوانكردنەوەی روی هەرێم لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ئەمەش بە ڕیزگرتن دەبێت لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت.

ئاساییكردنەوەی پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەكان لە رێگەی دامەزراوە شەرعیەكانەوە و كۆتاییهینان بەو پەیوەنیە حیزبی و كەسیە گوماناویەی ئێستا هەیە.

مامەڵەكردنی سیاسی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستور بێت و مافەكانی گەلی گوردستان لە ئەولەویەتی ئەو مامەڵەكردنەدا بێت.

دوبارە بونیادنانەوەی بوارە جیاجیاكانی ژیان لە هەرێم و گەڕانەوەی ئومێد و هیوا بۆ هاوڵاتیان.

بەڵێ، ئەم بەرەیە دەتوانێ هەنگاوی باش بنێت و ببێت بە بەدیلی ئەم دەسەڵاتانەی ئێستا و ژیان لە كوردستان بژێنێتەوە.

مەلا فرمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی