چاكسازیتان باش

26/06/2018

هیوا سەید سەلیم

   وا بۆ دوو ساڵ دەچێت سەری زار و بنی زاری بەرپرسانی ئەو هەرێمی كوردستان بۆتە چاكسازی، بۆ ئەم مەبەستە كەس نەماوە باسی چاكسازی نەكات، حزب و حوكمەت و بەرپرس و  سەرۆكەكان، پەرلەمان و پەرلەمانتاران،  هەموویان دێن و قسە لە چاكسازی دەكەن، بەناوی چاكسازی لیژنەی قەبەبە قەبەو و بەڵێنی گەورە و پڕۆژەی پانوبەرین دەخرێنەڕوو.
لەو ماویەدا هەموو ئەمانە قسەو باسی سەر شاشەكان و گفتوگۆی بێزەنتی نێو هۆڵ و دانیشتنەكان بووە، بەڵام هەتا ئێستا دەرنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتۆتەوە،  تا ئێمەش  بڵێین ڕاستە ئەوانە لەخەمی چاكسازی دانە.
ئەوەی كە لەنێو ئەو مشومڕە بە ئەرێنی شكاوەتەوە چەند خاڵێكە، یەكەمیان بریتیە لەوەی ئەو دەسەڵاتە دانی ناوە بە بوونی گەندەڵیەكی زۆر لە سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان و سیستەمی ئیدارە و تەنانەت دارایش.
هەر بە قسەی ئەمانە بێت كە حوكمی هەرێمی كوردستان دەكەن، سەرجەم جومگەكانی حوكمڕانی هەرێم لە گەندەڵیەوە تێوەگڵاوە، ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەری بندیوارە لە وەزارەتەكان و هێزی پێشمەرگە و تەنانەت پۆستی باڵاشدا هەیە، بەسەدان كەس بە ناشایستەی بە پۆستی باڵا خانەنیشین كراوە،  بەبێ ئەوەی رۆژێك لەو پۆستە كاری كردبێت.
دەسەڵات دوای قەیرانێكی گەورەی ئابووری،  كە بەشی هەرە زۆری ئۆباڵی قەیرانەكە دەكەوێتە ئەستۆی خۆیان، دێت  داندەنێت بەو هەموو گەندەڵیەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، نەك هەر دانی بەو گەندڵیانە ناوە  بگرە بەڵێنی زۆریش دا بۆ چارەسەركردنیان.
لەو ساڵەشدا بەرپرسانی هەرێم بە تایبەت لەناو حكومەتدا ، پرسێكی زۆر هەستیاریان بەستەوە بە چارەسەری پرسی گەندەڵی، ئەوەیش هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەیان و گێڕانەوەی مووچەی بڕدراوی فەرمانبەرانیان بەستەوە بە جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی.
بۆیە لەو ماوەیەدا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە پێناوی گەڕانەوەی مووچەی بە ناحەق بڕدراویان چاوی زۆریان لەسەر هەنگاوەكانی چاكسازی ئەو دەسەڵات بووە، ئەگەرچی بەهۆی ئەزموونی خرابیان لەگەڵ ئەو دەسەلاتە بەڵام هەر بە ئومێدەوە دەیان ڕوانیە هەنگاوەكان بۆ بە پڕاكتیك كردنی ئەوەی پێی دەوترێت چاكسازی.
لە هەرێمی كوردستاندا چەندی كۆسپ لەبەردەم چاكسازی ڕاستەقینە بوونیان هەیە،  ئەویش بریتیە لە نەبوونی ئیرادەیەكی جدی بۆ چاكسازی،  كە ئەمەشیان بەهۆی تێكەڵاوبوونی بەرژەوەندی چەندین ناوەندی گرنگی سیاسی و حوكمڕانیەوەیە، واتا چاكسازی بە مانی لێدان لە بەرژەوەندیە كەسی و حزبیەكانی ئەمانە تەواو دەبێت.
لە ئێستاشدا كە پرسی چاكسازی كراوەتە موزایەدێكی زەقی نێوان حزبەكان لە لایەك و حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان لە لایەكی تر، رۆژانە ئەو ئەویتر تۆمەتبار دەكات كە نایەوێت چاكسازی لە هەرێم ئەنجام بدرێت، لە ڕاستیشدا هیچ یەك لە لایەنەكانی دەسەڵات جدی نین بۆ پرسی ئەنجامدانی چاكسازی.
ئەو پرۆژەیەش كە گوایە لە پەرلەمانی كوردستانە،  تا پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات،  بەو دۆخەی ئێستا لە كوردستان هەیە، پرۆژەكە تۆزی لێدەنیشێت و بۆ ماوەیەكی زەمەنی تر لە پەرلەمان دەخەوێندرێت تا بەیەكجاری وەك دەیا دەتوانین بڵێین بەو دەسەڵاتە حزبیەی كە لە پشتی بەرهەمهێنانی ئەو گەندەڵیەیە تا ماوەیەكی تر تۆزی لێدەنیشن پرۆژەی تر مردار دەكرێت، خەڵكیش بە گشتی و مووچەخۆرانی هەرێم بەتایبەتی دەبێت وەك پەندە كوردیە هەر بڵێن:
(ئەو نانە بەو دۆشاواوە)
چونكە ئەزموونی خرابی حوكمڕانی كوردستان ئەوە دەسەلمێنێت كە چاكسازی كەسی چاكەخوازی خۆی دەوێت ، تا پشت بكات لە بەرژەوەندیە كەسی و حزبیەكان و بەرژەوەندی گشتی ڕەچاو بكات.
لەو رۆژانەشدا كە بە روونی دەبینرێت كە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان  خۆیان لەو بەرپرسیاریەتیە دەدزنەوە، ئەوە  نیشانەی ئەوەیە كە نەك ئەمانە  ناتوانن شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژوویە،  بگرە ئەوەی ئەوان دەیكەن تەنیا كات كووشتن و خۆڵكردنە چاوی خەڵكە،  بۆیە ئێمەش پێیان دەڵێین:
چاكسازیتان باش حكومەت و پەرلەمانی كوردستان. 

هیوا سەید سەلیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی