بیری ناسیۆنالیزمی کورد بەرەو کوێ ؟

26/06/2018

پیشڕەو بابەشێخ

 

گەلی کورد بە درێژایی مێژوو لە خەبات و بەرخۆدان و بەرگری دابوە، خەباتی کردوە تا بتوانێت کیانێک، قەوارەیەک وەک هەرنەتەوەیەکی تر دروست بکات، لە بەرخۆدان دابوە تا بتوانێت پارێزگاری لە خاک و نەتەوەو نیشتمان و کلتوری بکات لە بەرامبەر هەموو ئەو هێزانەی دەوروبەر کە وەک داگیر کەرو هێزی توێنەرەوەی نەتەوەی کورد لە کۆشش دابون، بۆ فراوانخوازی سنوریان و زاڵبونیان وەک نەتەوەیەکی پێشەنگ و کوردیش وەک پاشکۆ و ژێردەستە . کورد وەک گەلێکی ژێردەستەوداگیرکراو بەردەوام لە شۆڕش و خەبات دا بوە، لەلایەک لەخەبات دا بوە بۆ ڕزگاربون لە ژێر دەستەیی و لەلایەکی تر شەڕی مانەوەی کردوە لە بەرامبەر هەوڵی سڕینەوەی لە لایەن تورک و عەرەب و فارس . ئەگەر شۆڕشی فەڕەنسی لە ۱۷۸۹ و لێکەوتەکانی بە وەرچەرخان و پەیدا بون و دەرکەوتنی بیری نەتەوەیی و شۆڕشی نەتەوەیی دابنرێت لە ئەوروپا، ئەوا دەکرێت بڵێین لە ناو کورد دا شۆڕشی شێخ عوبیدوڵای نەهری لە ۱۸۸۰ بە یەکەم شۆڕشی بیری ناسیۆنالیستی کوردی دادەنرێت، بە تایبەت دوای پێکهێنانی شێوە ڕێکخراوێک بەناوی (یەکێتی کوردان) ، کە دوای ئەمە بیری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورد ڕەنگدانەوەی هەبوە و خەباتی بۆ کردوە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی . ناسیۆنالیزم و هۆکاری کاڵبونەوەی لە باکور وباشور : ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان هەریەک لە پارچەکانی کوردستان لەم کات و سەردەمەدا، دەبینین هەستی نەتەوەیی لە هەر لایەک و بە هۆکاری جیاواز لە پاشەکشەدایە لە بڕی گەشەکردن و بەرەو پێشچوون . هەڵبژاردنەکانی تورکیاو ڕێژەی دەنگ و کورسیەکانی پارتی کۆمەڵگای دیموکرات HDP و بەراوردکردنی بە ژمارەی دەنگدەر و ئەو کورسیانەی بۆ شارە کوردیەکان دانراون، دەمانگەیەنێت بە یەقین لەوەی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی لە پاشەکشەدایە و مایەی نیگەرانیە بۆ ئێمەمانان، کە دەبینین پارتێکی کوردی لە باکور نوێنەرایەتی پلە یەکی نەتەوەیی دەکات ئینجا ئاشتی و پێکەوە ژیانی نەتەوەیی، بەڵام نیوەی زیاتری کورد لە باکور پشتیوانی ناکەن . لە کاتێکدا بۆ تاکی کورد دەبێت پرسی نەتەوە و نیشتمان لە پێشەوەی هەر پرسێکی تربێت . ئەگەر هۆکاری ئاینی و ترس لە زوڵمی حوکمداری نەبێت ؟ چ هۆکار گەلێکن وا لە نیوە زیاتری دەنگ دەری کورد دەکات پشت لە تاکە پارتی کوردی بکات و ببێ بە پشتیوانی پارتێکی دەسەڵاتدار و کورد کوژی وەک ئاک پارتی ؟ لە کاتێک دا ئەگەر بۆ نەتەوەیەک، نەتەوە پەرستی ئاسایی بێت ئەوە بۆ کورد دوو جار ئاساییە لەلایەک وەک نەتەوەیەک لەژێر هەڕەشەی توانەوەیە و لە لایەکی تر بەجێهێنانی ئەرکی نەتەوەیی . ئەگەر هەستی نەتەوەیی بەشی زۆری کوردانی باکور پەلکێشی شۆڕشی چەکداری و خەبات و چونە چیا نەکات، بە بیانوی باوەڕنەبون بە خەباتی چەکداری و خوێن ڕشتن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان، چی وا دەکات لە خەباتی پەرلەمانی و مەدەنی پشتیوانی تاکە پارتی کوردی نەبن لە باکور ؟ کەواتە ئەگەر داشۆرین و کاڵکردنەوەی بیری نەتەوەیی تاکی کورد لە باکور بۆ ڕۆژگارێک سەرکەوتو نەبوبێت، ئەوا ئەمڕۆ بە شێوەی پراکتیکی ئەو کاڵبونەوە و داشۆرین و پاشە کشەیە لە بیری ناسیۆنالیزمی کوردی لە باکوری کوردستان بەدی دەکرێ کە هەر خۆشی پێشەوا و دروستکەری شۆڕشی ناسیۆنالیزمی کوردیە . ئەگەر لە باکوری کوردستان ئەمە حاڵی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی بێت، ئەوا لە باشوری کوردستان و لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ و تایبەت تریش لە ئێستادا کە تێیدا گوزەر دەکەین، هەستی نەتەوەیی بە هۆکاری ئاشکراو ڕوون بەرەو کاڵبونەوە هەنگاوی ناوە . لە باشور تا ئەندازەیەک بیری تەسکی حزبی بووەبە شوێنگرەوەی بیری نەتەوەیی لە لایەک و شێوازی حوکمڕانی نادروست و برسیکردن و جیاکاری و نەبونی دادی کۆمەڵایەتی و دزینی داهاتی نەتەوەیی و بەتاڵانبردنی سامان و قوتی خەلک لە لایەن دوو حزبی دەستڕۆیشتو باڵا دەست و لە ناویشیاندا چەند کەسێک و بنەماڵەیەک لە لایەکی تر هۆکاری کاریگەرن لە کاڵبونەوەی بیری نەتەوەیی لای تاکی کورد . دەسەڵاتدارانی باشور دۆخەکەیان بەشێوەیەک گەیاندوە ئەوەی دوێنێ ئامادە بوو ببێ بە قوربانی گەل و نەتەوە، ئەوەی دوێنێ ئامادەبوو لە سەر بیری پیرۆزی نەتەوەو کوردایەتی بچێتە بەر پەتی سێدارە، ئەمڕۆ نەک ئامادە نیە بەڵک و بەشێک لە تێکۆشەرانی دوێنێ پەشیمانی دەردەبڕن و بەدەنگی بەرز هاوار دەکەن ئێمە بۆ ئەمڕۆ و بۆ ئەم شێوازەی حوکمڕانیە خەباتمان نەکرد . قسەی زۆری تاکی کورد ئەوەیە کە ئیتر نەتەوەو نیشتمان بازرگانی پێوە دەکرێت و بوە بە هی ئەوانەی بە سامانی زۆر، کەژاوەی ئۆتۆمبێل، پاسەوانی بێ شومار و بینا چەند نهۆمیەکانی خۆیان و نەوەکانیان و کۆمپانیاو پارە خەوتوەکانی دەرەوەیان و خۆشگوزەرانی خۆیان و خانەوادەکانیان، نەک ئەوانەی بە زگی برسی و بێ موچەیی و موچەی بڕاو و نەبونی سەرەتایترین خزمەتگوزاریەکان ژیانی کولە مەرگی و مەمرە و مەژی بەڕێدەکەن . مەگەر ئەمە نەمانی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی نیە، چی گەنجی نیشتمان هەیە ڕوو لە هەندەران دەکات و ڕێگای هات و نەهات دەگرێتە بەر ؟ ئەگەر خراپی حوکمڕانی هەرێم نەبێت ؟چی وادەکات تاکی کورد ترسناکترین و خراپترین ڕێگای مەرگ بگرێتە بەر بۆ هەڵاتن لە نیشتمان ؟ . لە باشور جگە لە هۆکاری خراپی دەسەڵات بەدەستان هیچ هۆکارێکی تر بەدی ناکرێت، کە پێچەوانەی باکور، حوکمێکی لە نەتەوە کوردی هەیە نەک تورک و فارس و عەرەب . بێزاری لە دەسەڵات تا دێت بەشداری دەنگدەری کورد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەرەو کەمی و کزی دەبات،بە پێچەوانەی ئەو بیرەی لە سەرەتادا لە نێو دەنگدەری کورد ڕەنگدانەوەی هەبوو کە بەرامبەر نەتەوەیەکی تر لە عێراق دەبێت بەشداری کارا بکەن . ئیتر ئەو نەتەوەی لە مێژوودا زۆرترین زوڵمی بەرامبەر ئەنجامدراوە و خاوەنی زۆرترین قوربانی و شۆڕش و ڕاپەڕینە و خاوەنی زۆرترین دوژمن و داگیرکەری نەتەوەی جیاوازی باڵا دەستن، خەریکە لە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی دایدەشۆرن .

پێشڕەو بابەشێخ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی