ئەنجومەنی پیرانی کوردستان

27/06/2018

سەردار عەزیز

لە پڕۆژەی [دەوڵەتســــازیی: نەخشەڕێگايەك بۆ سەروەركردنی ياسا بەدامەزراوەييكردن له هەرێمی كوردستان]، د. دلاوەر عەلائەدین کۆمەڵێک پێشنیار و ڕێگاچارەی خستوەتە ڕوو بۆ چاکسازی حکومی و ئیداری و سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی هێنانە ئارای “گۆڕانكاری ريشەيی بۆ تۆكمەكردنی پەيكەری كارگێڕی و پرۆسەكانی بڕياردان و ميكانيزمەكانی چاودێری”. کتێبەکە کە جێگای دەستخۆشیە، کارێکی گرنگە لە ساتەوەختێکی وەهادا بۆ هێنانە ئارای بەرچاوڕونیەک دەربارەی ئەوەی کە چی بکرێت بۆ دەرچون لە دۆخی پەرتەوازەیی و بن-بەستەیی هەرێمی کوردستان. یەکێک لە هەرە خاڵە لاوازەکانی حوکمداری کوردی ئەوەیە کە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەی نیە، نە دەربارەی خۆی نە لە سەر خۆی. لە سەروی ئەمەوە کاری پۆلەسی بە دەگمەن بونی هەیە لە دونیای کوردیدا. دیارە پۆلەسی جیاوازە لە سیاسەت. وەک لە وەسفی کتێبەکەدا دیارە د. دلاوەر کاری لە سەر بوارەکانی کارگێڕی، بڕیاردان و میکانیزمەکانی چاودێری کردوە. من هێشتا سەرتاپا کتێبەکەم نەخوێندوەتەوە، ئەوەی لە بەردەستمدایە پوختەیەکی کتێبەکەیە کە لە لایەن د. دلاوەر خۆیەوە نوسراوە، بۆیە باس لە سەرتاپا کتێبەکە ناکەم: یەکەم چونکە بە نوسینێک ناتوانرێت قسە لە سەر سەرتاپا بوارەکان بکرێت لە هەمانکاتدا هێشتا ئاگاداری ووردەکارییەکان نیم.
دوو بوار دەمەوێت قسەی لە سەر بکەم، ئایا کێشەی سەرەکی چیە لە کوردستان و چارەسەرەکەی چیە؟
یەکەم وەها دەردەکەوێت کە کێشەی سەرەکی لە کوردستان، بە پێی خوێندنەوەی ناوەکیانەی کتێبەکە کێشەی نوخبەیە بۆ ئەمەش میکانیزمی بەشداریکردنی نوخبە لە بەڕێوەچونی پرۆسەی حوکمداری وەک چارەسەر پێشنیارکراوە. ئەم بەشداریکردنە لە دوو ئاستدایە، ئاستی یەکەم، “سەرۆكی ئەو حيزبانەی له هەڵبژاردندا‌ كێبڕكێ دەكەن هەميشە كانديد بن هەتا بێنە ناو پەرلەمانەوە”. ئاستی دووەم دروستکردنی ئەنجومەنی پیرانە: “بۆ جێكردنەوەی سەركردە سياسی و حكوميه باڵا‌كان تا ئەزموونەكانيان وون نەبێ و لە خزمەتكردندا بەردەوام بن و لە ئيمتيازاتی سەركردايەتيش بێبەش نەبن. ئەوه دەبێتە هاندەر بۆ ئەوەی نەوە پێشكەوتووەكان بە رێزلێنانەوە دەستبەرداری دەسەڵات ببن و لە سيستەميش دانەبڕێن”. کتێبەکە پێشنیاری سیستەمێکی پەرلەمانی بۆ کوردستان دەکات، کە تیایدا دەسەڵاتی بڕیارداڕشتن (پەرلەمان )و دەسەڵاتی جێبەجێکردن تێکەڵ دەبن. ئەوەی ڕوونە لە سیستەمی پەرلەمانیشدا مۆدێلی وێستمینیستەر وەک مۆدێلێکی زاڵ بە هەندێک دەستکاریەوە دەردەکەوێت، بەوەی کە سەرۆکی حیزب لە هەناو پەرلەماندایە و پی-کیو (پرسیارکردن لە سەرۆک وەزیران پێشنیارکراوە) و هەروەها حکومەت و پەرلەمان تێکەڵ دەبن. پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە، سیستەمی پەرلەمانی بە گشتی دەبێتە هۆی بەهێزبونی حیزب، لە کاتێکدا حیزب کرۆکی قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئیداری هەرێمە، لە کتێبەکەدا باس لە حیزب نەکراوە، کە وەک دەزگایەک و ناوەندێک لە دەرەوە و ناوەوەی حکومەتدایە لە هەمانکاتدا. دیارە پرسی حیزب و حکومەت پرسێكی ئاڵۆزی و پڕ کێشەیە لە هەرێم، بەڵام ڕەنگە هاتنی حیزب بۆ ناو حکومەت یان کەس یەکەمی حیزب بۆ ناو حکومەت لە ئەنجامدا ببێتە هۆی بەهێزبونی حکومەت. ئەم گواستنەوەیە وەک هاوەڵێکی شارەزام لە بواری کۆمەڵناسی پەرلەمانی فرانکۆفۆنیدا بۆی باسکردم زیاتر لە سایەی دیکاتۆریەتدا لە باکوری ئەفریقا روویداوە، کە لە زۆر ڕوەوە لە کۆمەڵگای ئێمە دەچن.
پێشنیارێکی تر کە کراوە بۆ بەشداری حیزب بە تایبەت نوخبەی سیاسی لە حکومەتدا دروستکردنی ئەنجومەنی پیرانە. لێرەدا ساتێک لە سەر ئەم پێشنیارە دەوەستم. دەمێکە پرسی ئەوە لە ئارادایە ئایا نوخبەی سیاسی هەرێم، بە تایبەت نوخبەی سیاسی پیربوی هەرێم چی لێبکرێن، چونکە حەز دەکەن هەتا مردن دەسەڵات و پێگەیان هەبێت. پرسی ئەوەی کە کورسی یانی ژیان و ژیان بێ کورسی یانی مەرگ، پرسێکی جەوهەرییە لە دونیای سیاسەتی کوردی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی.
ئەنجومەنی پیران، کە ڕەنگە وەرگێڕانێکی گونجاوی سێنات یان لۆردات بێت، چونکە ئامانجی سەرەکی لێی جێکردنەوەی پیرەکانە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆکاری هاتنە ئارای جۆرێک لە جێرۆتۆکراسی. دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە سیستەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە جوت-ژوری بایکامیڕاڵ. ئەم دەزگایە لە دونیادا بە شێوازی جیاواز بوونی هەیە. بە گشتی ئەنجومەنی پیران بچوکترە، ژمارەی ئەندامانی کەمترە، ماوەی ئەندامێتی درێژترە و هەروەها دەسەڵاتی دەتوانرێت بوترێت کەمترە. لە مێژودا هۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەم ئەنجومەنە ئەوەبوە کە دەسەڵات بداتە نوخبەی کوێخا، ئیستەیت، خەڵکانی خاوەن موڵک. بەڵام بە گۆڕانی کۆمەڵگا و سیستەمی حوکم هۆکاری تر هاتنە ئاراوە، هەرە دیاریان فیدڕالیزمە. سیستەمی فیدڕاڵ پیویستی بە جوت ژوریە، بۆ ئەوەی هاوسەنگیەک لە نیوان فیدڕاڵەکاندا دروست بکات، ئەمە یەکێکە لە کەموکورتیەکانی فیدڕاڵیزمی عێراقی. هۆکاری تر هەن وەک پێدانی پێگە بە کەسانێک کە پێویستن لە حوکمڕانیدا بەڵام ناتوانن لە رێگای دیموکراسیەوە بێنە ناو کایەی حکومەتەوە، بە گشتی خەڵکانی شارەزا، هەروەها بۆ پێدانی دەرفەت بە بواری و شوناسی جیاواز. بەڵام هۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەم ژورە لە کوردستان، کە بۆ خۆی تا ئاستێکی زۆر ناوازەیە (ئەنۆمەلی) چونکە، هیچ پەرلەمانێکی هەرێمی لە دونیادا پێنازانم کە بایکامیڕاڵبێت، ئەوەیە کە پێگە بدات بە کەسانێک کە کاتی بەشدارییان لە سیستەمی حوکمڕانیدا تەواوبوە بەڵام نایانەوێت دەسەڵاتیان نەمێنێت، بۆیە ناڕۆن. ئەمە دیاردەیەکی ئاڵۆزە، کە پێش ئەوەی بیری لە چارەسەری بکەینەوە دەبێت بە ووردی دیبەیتی بکەین.، بۆئەوەی لێی تێبگەین. ئەمە لەهەمانکاتدا پرسی چیەتی دەسەڵات و بون و کەسایەتی و پێگەو و سایکۆلۆجیە. دیارە بێگومان ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئاسایشیشی هەیە.
کرۆکی پێشنیارەکانی دوکتۆر، کە دوای چەندین دیدار و کۆڕ و کۆبونەوە هاتوە، ئەوەیە کە دەبێت زەمینە بڕەخسێنرێت هەتا نوخبەی سیاسی ئێمە بە شێوازی دیموکراتی و بە شێوازی نادیموکراتی هەمیشە لە دەسەڵاتدابن. شێواز دیموکراتیەکەی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە سەرۆکی حیزبەکان بۆیان هەبێت بەردەوام خۆیان کاندیدبکەن، ئەمە لە کاتێکدا کە سەرۆکی حیزب پۆستێکی نەگۆڕە لە کوردستان، بە شێوازە نادیموکراتیەکەی لە رێگای ئەنجومەنی پیرانەوە. بەمجۆرە نوخبەی سیاسی کوردی هەتا لە رێگای دیموکراسی یان هەڵبژاردنەوە بۆی بلوێت لە دەسەڵاتدابێت، کە دەرفەتی نەما لە ئەنجومەنی پیراندابێت. 
پرسەکە ئەوەیە بۆ سیاسی ئێمە ناتوانێت لە دەرەوەی کورسی وێنای بونی خۆی بکات وەک کەسێکی خاوەن پێگەو رێز. زۆرێک لە نەوەی شاخ هۆکاری ئاسایشییان هەیە، کە بەبێ دەسەڵات ترسیان لە سەر ژیانی خۆیان هەیە، ئەمە دەبێت لە بەرچاوبگیرێت، بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتە نەریتێک کە نوخبەی سیاسی وازهێنانی نەبێت لە سیاسەت هەتا مردن، دۆخێکی زۆر سەخت دروست دەکات.
ئەم کتێبە یەکێکە لەو دەقە ناوازانە کە دەست دەخاتە سەر کرؤکی کێشەکان و پرسی چارەسەریشیان دەوروژێنێت. پرسی نوخبەی سیاسی ئێمە لە دونیای ڕۆشنبیری کوردیدا تەنها بە ڕەخنە لە هەڵسوکەوت و ڕەفتار مامەڵەی لە گەڵداکراوە، لە ئەنجامدا دۆخێکی پەرتەوازەیی پڕ لە کێشەی ناسیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئاسایشی هاتوەتە ئاراوە، کە حکومەتی پەکخستەوە، کۆمەڵگای تاروتورکردوە، هەروەها هیچ کلۆجێکی بۆ چارەسەر نەدیوەتەوە. 
ئایا ئێمە دەتوانێن میکانیزمی دروستبونی نوخبە و نوێبونەوەی نوخبە بهێنینە ئاراوە ؟ ئەمە لە سەر جۆری ئەو سیستەمە سیاسیە وەستاوە کە توانای وێناکردنیمان هەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی