دنیای ڕاستیی دنیای نالێبوردەیی

28/06/2018

پەیکەر عوسمان

 جاران لە جەریدەکاندا گۆشەیەك هەبوو ناوی پۆزش بوو، ئەگەر نوسەرێ یان ڕۆژنامەنوسێ فاوڵێکی بکردایە، لە ژمارەی داهاتوو لەو گۆشەیەدا پۆزشی ئەهێنایەوەو شتەکەش زۆر ئاسایی بوو. ئێستا شتێك نەماوە بەناوی پۆزش، چونکە کەس هەڵە ناکات، ئێستا نوسەرەکان هەمیشە ڕاست ئەکەن و ئەو کاتەشی کە فاوڵێك ئەکەن، ئەوە هەڵە نیە، ئەوە توێژینەوەو تاقیکردنەوەیەو ئێمە ئەبێ سوپاسیان بکەین کە جارجار "ئەوانی هەمیشە ڕاست" لەخۆیان ئەبورن و لەبەر خاتری ئێمە هەڵەیەك ئەکەن! جا خۆش هەر ئەوەنیە کە ئەو بە هەڵەکانی خۆی ئێمە تاقی ئەکاتەوە، خۆش ئەوەیە لە تاقیکردنەوەکەش ئەوخاو دەرتناچێنێ! ئەوان هێندە مەغرورن کە بێزیان نایەت لە فلتەری ڕاستییەکانی خۆیانمان بدەن، بەڵکو تەنیا لە فلتەری هەڵەکانی خۆیانمان ئەدەن و دەریش ناچین، ئەوان هێندە بەرزن کە ئێمە تەنانەت لە خوار هەڵەکانیشیانەوەین!! هیچ شتێك وەکو ڕاستیی ژیانی تێك نەدا، تۆ تەنیا ئەو کاتە لە کەس نابوریت و داوای لێبوردنیش لە کەس ناکەیت، کە ڕاستیت، هیچ وەکو ڕاستی مرۆڤی نەبردە کەلی شەیتان و هیچ وەکو ڕاستی مرۆڤی لە کەلی مرۆڤایەتی نەهێنایە خوارەوە! کەلی مرۆڤایەتی لێبوردەییەو لێبوردەییش پێوستی بە ڕاستی نیە، پێویستی بە هەڵەیە، هەڵەی مرۆیانەش تەنیا هەڵەیەو تەفسیری ترو ناوی تری نیە، بۆیە ڕاستەوخۆ لێبوردەیی و داوای لێبوردن و بەخشین بەدوای خۆیدا ئەهێنێ و ژیان جوان ئەکات! چەن جوانە ئەو هەڵەیەی کە ئێمە وەکو 'مرۆڤ' ئەیکەین و لێبوردنی پێ بەرهەم ئەهێنین، چەن ناشرینە ئەو هەڵانەی کە ئێمە وەکو واعزێكی موقەدەس ئەیکەین و هەڵەیەکی تر بەدوای خۆیدا ئەهێنێ! دۆخی 'ناهەڵەیی' بوونی نیە، بۆیە ئێمە نابێ بەدوای وەهمی ڕاستییەوەبین، ئێمە ئەبێ بەدوای شوێنی ڕاستی هەڵەوەبین و هەڵەکانمان نەبەینە شوێنێکی هەڵە! جا وەرن با هەڵەکانمان لە کەلی مرۆڤدا بکەین بۆ ئەوەی دواتر لە یەك ببورین، نەك ئەوەی هەڵەکانمان لە کەلی شەیتانا بکەین و هەڵەی ترو ڕق و درۆی پێ دروست بکەین. دۆخی ڕاستی دۆخی ناهەڵەیی نیە، دۆخی ڕاستی دۆخی لێبوردەییە، لێبوردەییش ڕاستی ناوێ، تەنیا لەبری هەڵەی مەغرور، هەڵەی خاکی و متەوازعی ئەوێ. جا من ئێستا داوای لێبوردنت لێ ئەکەم، ئەگەر کەرەستەیەکی باشی ناو توێژینەوەکەی تۆو تەلەبەیەکی باشی ناو تاقیکردنەوەکەی تۆ نەبووبم. ئەزیزم تۆش جورئەت بکەو داوای لێبوردن بکە لەوەی، کە بۆ هەڵەیەك لەبری داوای لێبوردن، توێژینەوەو تاقیکردنەوەیەکت داتاشی!!

پەیکەر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە