هێزی گۆڕین !

28/06/2018

هونەر تۆفیق

 

ئیکهارت تۆلێ ی ڕۆحانی لە باسی مومارەسەکردنی هێز لە ئێستادا دەڵێت : باشترین پەند لەو پشیلەیە وەردەگیرێت کاتێک لەبەردەم کونە مشکێکدا بۆسە دەنێتەوە بۆ نێچیرەکەی . ئەو ساتانە هێزی ئاگایی و تەرکیز لەوپەڕی دیقەتی خۆیدایە . ساتێکە بیرکردنەوە زاڵ نیە بەسەر عەقڵدا . عەقڵ خەریکی چارەسەری و ئامادەیی گۆڕانکاریە . هیچ بیرکردنەوەیەک نیە لە چرکەی ئێستادابێت . بیرکردنەوە هەمیشە لەدوو زەمەندایە . یان بیرلە زەمەنی ڕابردوو دەکرێتەوە یان لەداهاتوو . چرکەساتی ئێستایی ، بیرکردنەوە تیایدا ڕوونادات . بەڵکە ئاگایی و تەرکیز و چارەسەری لە ساتەکانی ئێستادان . هەرکاتێک بیردەکەینەوە ، تەرکیزمان لای ئێستا نامێنێت . ژیان و گوزەرانیش لە ئێستادایە . چاککردن و گۆڕینی ئێستا گرنگترە لە بیرکردنەوە لە ڕابردوو یان داهاتوو . پەیداکردنی هێز لە ئێستادا وەک تۆلێ باسی دەکات ، لەو ڕێگایەوە دەستەبەردەبێت کە ڕاوچیانە ئاگایی - Attention و تەرکیز - Concentration دەخرێتە گەڕ . بۆ هەر دیاردە و داکەوتێکی ئێستایی - ئانی ، ئەگەر بتەوێت چارەسەری بکەیت و بیگۆڕیت ، دەبێت بەوپەڕی ئاگایی و تەرکیزەوە دیقەتی بخەیتەسەر . نەهێڵیت زەینت بەلای ڕابردوو و داهاتوودا بچێت . ئەوکات نێچیرەکە ( دیاردە و داکەوت)ەکە لەژێر کۆنترۆڵی خۆتدا دەبێت . جیاوازیەکی گەورە هەیە لەنێوان خواستی گۆڕین و هێزی گۆڕیندا . زۆرینەی ئینسانی کۆمەڵگەی کوردی ناڕازیە بە ژیانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی ئێستای . خواستێکی زۆریشتی هەیە بۆ گۆڕینی . بەڵام گۆڕانکاری لەهیچ کایەیەکی ژیاندا ڕوونادات !؟ هۆکارەکەی ئەوەیە خواستی گۆڕین بەبێ هێزی گۆڕین دروست نابێت . بۆئەوەی هێزی گۆڕین بێتەدی ، دەبێت هێزی ئاگایی و تەرکیزمان زیندوو و ئامادەبکەین .ئامادەبین لە ( زەمان ) ئێستادا . ئێمە کەمترین ئامادەیمان لە ئێستادا هەیە و زۆرترین بوونمان لە ڕابردوو و داهاتوودایە . وەکو زەمەنی بیرکردنەوە . بۆیە دۆخی ناڕازی بوون بە ئێستامان ، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت لە بەراوورد کاریدا، وەکو ڕابردوو نیە ( ڕۆمانسیەتی ناستالۆژیا) یان وەکو وێناکانی داهاتوو نیە . لەم حاڵەشدا ئێستا دەگێڕینەوە ناو ڕابردوو و دەیسپێرین بە داهاتوو . بۆیە هیچ چارەسەرێکی ئێستایمان پێ ناکرێت و ئێستەمان لە فەرامۆشیدا دەمێنێتەوە .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی