بێمتمانەیی گۆڕان و غروری کۆمەڵ، هاوپەیمانی و یەکگرتوویان بێهیواکرد

29/06/2018

بەڵێن عیزەت میکە

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی دوانزەی ئایاردا چەند لایەنێک بانگەشەی ئەوەیانکرد ساختەکاری دژیان کراوە و ئەو دەنگانەی هێناویانە سەنگی ڕاستەقینەی ئەوان نیە، بە چەندین ڕێگە هەوڵیاندا  ئەنجامە ساختەکان ڕاستبکەنەوە، تا کار گەشتە ئەوەی هەریەک لەو پارتانە لە ڕاگەیاندنی خۆیانەوە بانگەشەی پێکهێنانی یەک بەرەیی و یەک هەڵوێستیان کرد و ئاماژەشیان بەوەکرد پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەگەرێکی کراوە و بەهێزە.
بەڵام کە کار گەشتە ئەوەی وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەکان دیاریکرا لەلایەن کۆمسیۆنەوە، ئەوان کەمترین قسەیان لەو بارەیەوە کرد، دواجار وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەکان کۆتاییهات و لایەنە نارازیەکان و بەتایبەتیش گۆڕان و کۆمەڵ و یەگرتوو و هاوپەیمانی نەیانتوانی لیستێکی هاوبەش پێکبهێنن و بە ناڕاستەوخۆ هەریەکە و تاوانەکەی دەخستە ئەستۆی ئەویدی.
بزوتنەوەی گۆڕان کە گەورەترین پارتی  (ناڕازی)ە، زیاتر بە بەرپرسیار دەزانرێت لە پێکنەهێنانی لیستی هاوبەش، بە سەرنجدان لە هەڵوێستەکانیی، پێناچێت گۆڕان مەیلی بۆ یەک لیستی هەبوبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی جەماوەریی ئەو بزوتنەوەیە کە بە بەرواورد بە پارتە ناڕازیەکانی تر فراوانترین مەودای داگیرکردووە، بەپشتبەستن بەو تێزەی کە پێیوایە دروستکردنی هەر هاوپەیمانێتیەک دەبێت لە بەرژەوەندی پارتەکەدا بێت و دەسکەوتی زیاتری لێ دوسکەوێت، ئەوا گۆڕان هەڵوسێستێکی واقعیی هەبووە چونکە ڕوون نیە درسوتکردنی ئەو لیستە هاوبەشە، دەستکەوتی زیاتری لێ بێتە ئاراوە لەوەی گۆڕان لە ساڵانی ڕابردودا بەدەستیخستووە.
ئەگەرچی گۆران ڕایگەیاند ئامادەی هەموو کارێکی پێکەوەییە، بەڵام ڕوونە، ئەو هەڵوێستە تەنها بۆ ڕاگەیاندەکان و جەماوەری سادەی بزوتنەوەکەیە، چونکە ڕاگەیاندنەکە لە کاتێکدابوو کە کەمتر لە بیست کاتژمێر مابوو بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانییەکان، بۆیە ڕاستییەکەی ئەوەیە گۆڕان دژی یەک لیستیی لایەنە ناڕازیەکان بوو، لەبەر چەند هۆکارێک:

یەکەم/ گۆڕان پێیوابووە چوونە ناو هاوپەیمانیەوە لەگەڵ کۆمەڵێ پارت کە سەرجەمیان قەبارەیان لەو بچوکترە لەبەرژەوەندی ئەوانیترە، نەک گۆڕان.
دووەم/ گۆڕان ئەزموونە شکستخواردووەکەی لیستی نشتیمانی بیرنەچووە، کە هەرسێ پارتە بەشدارەکەی تووشی شکستکرد لە ناوچە جێناکۆکەکان.
سێیەم/ گٶڕان بەهۆی ئەو بانگەشە ڕاگەیاندنەی لەماوەی ڕابردوودا دژی یەکگرتووی ئیسلامی وەڕیخستبوو وای لە لایەنگرانی گەیاندووە یەکگرتوو گوێڕایەڵی پارتییە و ناتوانرێت متمانەی پێبکرێت بۆ کاری سیاسیی هاوبەش بۆیە خۆی پاراست لە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکگرتوو.
چوارەم/ کۆمەڵی ئیسلامی ئەگەرچیی زۆرجار لەگەڵ گۆڕان هاوهەڵوێستە بەڵام بزوتنەوەکە چاک لەو ڕاستییە تێگەشتووە کۆمەڵ کاری کردووەتە سەر عاتیفەی هەندێک لە لایەنگرانی و هێدی هێدی، هێڵی جیاکەرەوەی لایەنگرەکانیان کاڵ دەبێتەوە، بۆیە گۆڕان دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەو هێڵە بە تۆخی بکێشێتەوە و سەنگی ڕاستەقینەی خۆی دەربخات.
پێنجەم/ سەبارەت بە هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، گۆڕان تا ئێستا متمانەی تەواویی بەو پارتە نوێیە نیە، نەبوونی متمانەکە دوو بەشە، بەشێکی پەیوەندی بە ئاراستەی کارکردنی هاوپەیمانییەوە هەیە کە ڕوون نیە هەڵوێستی چی دەبێت بەرامبەر لایەنەکانی دەسەڵات، بەشێکی تریشی پەیوەندی بە ناڕوونی قەبارەکەیەوە هەیە، کە ئەمەی دووەمیان هۆکارە سەرەکیەکەیە، چونکە هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری تائێستا تەنها بەشداری لە یەک هەڵبژاردن کردووە  کە گوومانی زۆر لە ئەنجامەکانی دەکرێت، بۆیە گۆڕان گوومانی هەیە لەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی دوانزەی ئایار سەنگی راستەقینەی هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵحە یان بە فعلیی ساختەکاری گەورە دژی ئەنجامدراوە.
شەشەم/ گۆڕان ترسی هەبووە لەوەی لە ئەگەری پێکهێنانی یەک لیستدا کەسایەتی کاریزمی بەرهەم ساڵح گاریگەریی هەبێت بەسەر ئاراستەی کارکردنیانەوە و بەوەش گۆران لە هێزی خاوەن کاریگەریەوە دەبێتە هێزی بەرکار.
یەکگرتووی ئیسلامیش بەو پێێەی هێزی دووەمی ناڕازییە لەڕووی قەبارەوە چاوەڕوانی زیاتری لێدەکرا لە دەسپێشخەربوون بۆ پێکهێنانی یەک لیست، ئەمەش پشتبەستە بەو هەڵوێستە میانڕەوویانەی کە ئەو پارتە لە مێژووی خۆیدا هەیبووە و بەردەوامیش ئامادەی چوونە هەر بەرەیەکەوە بووە کە لە بەرژەوەندی خۆیدا بینیبێتی، یەکگرتوو لەماوەی پێش کۆتاییهاتنی وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەکاندا چەندین هەوڵی جیاوازی داوە بۆ پێکهێنانی لیستی هاوبەش بەڵام سەرکەوتونەبوو لە هەوڵەکانی، بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناڕازیەکان و دواجار بەستنیی هاوپەیمانیی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیی پێ باشتربوو لە چوونە ناو هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵح.
سەرەتا هەوڵی ئەوە لە ئارادابوو سەرجەم لایەنە ناڕازیەکان بەیەکەوە لیستێک پێکبهێنن بەڵام هەرزوو دەرکەوت ئەو مەیلە نابێتە واقیع، دوای ئەوە یەکگرتوو هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنە ئیسلامیەکانی دا لە لیستێکدا، بەڵام ئەوەش سەرکەوتو نەبوو، لەئەنجامدا تەنها توانی بزوتنەوەی ئیسلامیی ڕازیی بکات بە پێشنیارەکەی و لیستی بەرەو ئیسڵاحیان پێکهێنا، یەکگرتوو لەلایەن هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵحەوە پێشنیاری بۆکراوە بۆ ئەوەی بچێتە ناو لیستەکەیەوە و بەو شێوەیەی کە بەدڵیانە گۆڕانکاری لە لیستەکە و کاندیدەکانیدا بکەن، بەڵام یەکگرتوو ئەوەشی ڕەتکردوەتەوە لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم/ بەشێکی زۆری سەرکردەکانی هاوپەیمانیی پێکدێن لە سەرکردە کۆنەکانی یەکگرتوو، بۆیە ئەو پارتە چوونە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە بە تەسلیمبوون و کۆتاییهاتنی مێژووی یەکگرتوو وەکو پارتێکی سیاسی دەبینێت.
دووەم/ یەکگرتوو ترسی هەیە لەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتودا لێشاوی ساختەکاریی دژی هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵح بەهێزتربێت و نایەوێت بەو هۆیەوە سەنگی خۆی لەدەست بدات.
سێیەم/ یەکگرتوو گومانی هەیە لە سەنگی ڕاستەقینەی هاوپەیمانیی و ناتوانێت وەکو پارتێکی قەبارە دیار، کاری لەگەڵ بکات و ئەوەش کارەکە سەختتر دەکات چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ وەها پارتێکدا ریسکێکی گەورەیە.
کۆمەڵی ئسیلامیی کە لەماوەی رابردوودا لە زۆرتین ڕوداوەکاندا هاوهەڵوێستی بزوتنەوەی گۆران بووە، ئەمجارە پێێ باش نەبوو نە لەگەڵ گۆڕان و نە لەگەڵ هیچ پارتێکی تر بە یەک لیست بەشداری بکات، بەشێکی ئەوە دەگەڕیتەوە بۆ غرورێک کە لە فراوانبوونی پێگە جەماوەریەکەیەوە سەرچاوەیگرتووە، هەرچەندە سەرکردایەتی کۆمەڵ بە زۆرینەی دەنگ پێکهێنانی یەک لیستیی پەسەند کردووە، بەڵام مەکتەب سیاسی ئەو پارتە بڕیارەکەی ڕەتکردوەتەوە و پێی باشبووە بەجیا بەشداری لە هەڵبژاردنەردنەکەدا بکات، بەو مەبەستەی پاداشتی هەڵوێستەکانی چەند ساڵی ڕابردووی سەبارەت بە خواستەکانی هاوڵاتیان دژی دەسەڵات وەرگرێتەوە، بەرپرسانی ئەو پارتەش ترسیان هەبووە لەوەی بە نزیکبوونەوەی زیاتریان لە گۆڕان ببنە پاشکۆی ئەو بزوتنەوەیە و چیتر کاریگەریان نەمێنێت، سەبارەت بە هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، کۆمەڵ تەنها لە کاتی ناچارییدا خواستی هەیە مامەڵەی لەگەڵ بکات، چونکە بەشێکی زۆری کەسە دیارەکانی پێشووی کۆمەڵی تێدایە و هەر نزیکبوونەوەیەکی زیاتر لێی دەبێتە هۆی لەدەستدانی پێگە جەماوەرییە ئیسلامیەکەی،   بەڵام ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ دوو لایەنە ئیسلامیەکەی تر واتە یەکگرتوو و بزوتنەوە، بڕایارێکی چاوەڕواننەکراوبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردودا لایەنە ئیسلامیەکان چەندین کۆنفرانس و دیداری گەورەیان ئەنجامداوە بۆ نزیکبوونەی زیاتریان لە یەکتر، ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکان لەلایەن کۆمەڵەوە دەگەڕیتەوە بۆ چەندین هۆکار:
یەکەم/ کۆمەڵ دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا سەنگی ڕاستەقینەی خۆی دەسکەوێ و پاداشتی هەوڵوێستەکانی وەرگرێتەوە.
دووەم/ کۆمەڵ نایەوێت بە نزیکبوونەوە لە لایەنە ئیسلامییەکان هاوپەیمانییە ڕانەگەیەنراوەکەی لەگەڵ گۆڕان کۆتایی پێبهێنێت چونکە دەزانێت دوای هەڵبژاردنەکان دووبارە جەماوەرەکەی داوای ئەو هەڵوێستانەی لێ دەکەن کە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانیشن.
سێیەم/ کاری هاوبەشی ئیسلامیی دەبێت لەپێناو گەورەتربوونی ئەو لایەنانەدا بێت، بەڵام کۆمەڵ وای دەبینێت ئەو سێ لایەنە ئیسلامییە ئەگەر بە یەک لیستیش بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن هەر ناتوانن دەسکەوتی گەورەتر لەوەی ئێستە بەدەستبهێنن.
هەرچی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەرییە کە نوێترین پارتی سیاسییە توانیبێتی کاریگەریی بکاتە سەر هەڵوێستی لایەنەکانیتر، هەرزوو ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ هەر هەنگاوێکیی هاوبەش و پێکەوەیی و هیچ سڵ ناکاتەوە لە پێکهێنانی یەک لیستییش بۆ هەڵبژاردنەکان، بە لەبەرچاوگرتنی نوێیی ئەو پارتە و نادیاریی سەنگەکەیی و ناڕوونیی ئاراستە سیاسیەکەی، کەمترین مەرجی هەبووە بۆ چوونە ناو هەر لیست و هاوپەیمانێتییەک، ئەمەش پشتیبەستە بەو گوتارەی کە هەڵیگرتووە و بەردەوام جەخت لە کاری هاوبەش و یەکتر قبوڵکردن دەکات، هاوپەیمانیی بە بوونی چەند سەرکردەیەکی شارەزا و خاوەن پێگەی سیاسیی دەیتوانی زۆر باشتر یاریەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە کە بریتیبوو لە پێکهێنانی لیستێکی یەکگرتوو، بەڵام کات تێپەڕیی و نەیتوانی لەو کارەدا سەرکەوتوبێت، ئەوەی ڕوونە هاوپەیمانی  هەر لەسەرەتاوە ئامادەبوو لەگەڵ سێ لایەنە نارازیەکەی تر و تەنانەت لەگەڵ گۆڕانیش بەجیا لیستێک پێکبهێنن بەڵام لەبەر ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، لایەنەکانی تر ڕەتیانکردەوە، لەڕاستیدا هاوپەیمانی لەو پیاوە بازرگانە دەچێت کە هاوڕیکانی نازانن سەرمایەکەی چەندە، بۆیە ترسیان هەیە لەوەی ببنە شەریکی، لەکۆتا ڕۆژەکانی ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەکاندا گۆڕان بە بەیاننامەیەک موزایەدەئامێز توانی تۆپەکە بخاتەوە یاریگای هاوپەیمانی و توشیی ئیحراجیی بکات، بەڵام هاوپەیمانیی زوو کەوتە وەڵامدانەوە و ئەوەی خستەڕوو کە پاریتەکەیان لەمێژە ئامادەیە بۆ کاری هاوبەش و بە ناراستەوخۆ ئاماژەشی بەوەکردبوو ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی گۆڕانیان کردووە کە لە ڕاگەیاندنەوە ئەو بابەتەیان باسنەکردووە.
دواجار تاکە بژاردە کە لە بەردەم هاوپەیمانیدا مابووەوە ئەوە بوو لە لیستی بەرەو ئیسڵاحدا بەشداربێت، بەڵام ئەوەی ڕەتکردەوە لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم/ پارتەکەی بەرهەم ساڵح وەک بەرەیەکی ئیسلامیی سەیری ئەو هاوپەیمانیە دەکات و دڵنیایە لەوەی بە بەشداریکردن تێێدا زۆرێک لە جەماوەرە نا ئیسلامییەکەی لەدەست دەدات.
دووەم/ هاوپەیمانیی خواستی زۆر گەورەتری هەیە لەوەی لەگەڵ دوو پارتی ئیسلامیدا لیست پێکبهێنێت کە بە هەردوکیان نەتوانن لەسەدا دەی پەرلەمان پێکبهێنن.
سێیەم/ دواجار هاوپەیمنی تێگەشت لەو بێمتمانەیی لایەنەکانتر بەرامبەری هەیانە و بڕیاریدا وەک تاقیکردنەوەیەکی قورس بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و سەنگی ڕاستەقینەی خۆی وەدەربخات.
بە سەرنجدان لەو مەشهەدە سیاسیەی لە سەرەوە خراوەتەڕوو، سەرجەم لایەنە ناڕازیەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدان و هەریەکە و بەشێوەیەک دەیەوێت سەنگی ڕاستەقینەی خۆی بسەلمێنێت، بێگوومان ئەمەش لەژێر کاریگەریی هەڵبژاردنەکەی دوانزەی ئایاردایە کە زۆربەی لایەنە سیاسیەکان زۆرێک لە دەنگەکانیان لەدەستدا و تا ئێستاش ڕوون نیە ئەنجامەکانی هەڵبژرادن چیان بەسەردا دێت، لە کۆتاییشدا ئەگەرێکی بەهێز هەیە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لایەنە نارازیەکان دووبارە نزیکبنەوە لەیەک و کاری هاوبەش وەڕێبخەن، چوونکە ئەو کات هەموویان سەنگی خۆیان دەزانن و سەنگی بەرامبەرەکەشیان دەزانن.

بەڵێن عزەت میکە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی