ئەنجوومەنی نوێنەران، یان ئەنجوومەنی تەزویرچیان

01/07/2018

کاوە محەمەد

ئەوانەی باس لەبراوە و دۆڕاوی هەڵبژاردن دەكەن، دەبێ بزانن ئەوان لەهەڵبژاردن دۆڕاو و لەتەزویر براوە بوون، ئێمەش براوەی هەڵبژاردن و دۆڕاوی تەزویرین..

چونكە ئەو تەزویرە بەرفراوان و حەیابەرەی ئەو لایەنە خۆ بەبراوە زانیوانە كردوویانە، هەموو سنوورێكی سكانداڵی بڕیوە و دەشیانەوێ رووقایمانە و لەسەر بنەمای دەنگی دزراوی خەڵك پەرلەمانتارە ناشەرعیەكانیان بنێرنە بەغدا تا لەجاران زیاتر مافە دەستوورییەكانی كورد بۆ پۆست و ئیمتیازاتی حزبی و بنەماڵەیی ورد بكەنەوە و هێندەی دیكە ژیان و ئایندەی خەڵك وێران بكەن، بۆیە هەر زوو و دوای راگەیاندنی ئەنجامە تەزویركراوەكان، هاوپەیمانێتی نێوان هێزە تەزویركارە كوردی و شیعی و سوننیەكان دروستبوو و دەستیانكرد بە پیلانگێڕان لەو هەوڵانەی ئێمەومانان (بەرەی  دژەتەزویر) بەڕێمانخست بۆ كەشفكردنی راستییەكان، توانیشمان هەنگاوی یاسایی و سیاسی گرنگ بنێین، بڕیارەكانی (٥/۲۸) و تەشریعكردنی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە(٦/٦)دا شایەدی ئەوە دەدەن، دواتریش دادگای فیدرالی دەستووریبوونی یاساكەی سەلماند كە دەبوو بەپێی ئەوە دەستژمێریی سەرتاسەی بۆ دەنگەكان لەتەواوی عیراقدا بكرێت، بەڵام دواتر بەداخەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پێچەوانەی یاساكە و بڕیاری دادگای فیدرالی، بڕیاریدا كە تەنیا ئەو سندوقانە دەستژمێرییان بۆ بكرێت كە تانەیان لێ دراوە!.. 

ئەمڕۆش، كە دوایین رۆژی ئەم خولە پەرلەمانییەی عیراقە،  هەوڵماندا نیصابی یاسایی تەواوكەین بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری چوارەمی یاساكە، كە كۆمسیۆن ناچاركەین تەواوی سندوقەكانی دەنگدان لەعیراقدا دەستژمێریان بۆ بكرێت، بەڵام بەداخەوە بەشێك لەوانەی بەشداری دانیشتنەكانی پێشوویان كردبوو، بەهۆكاری جیا جیا، ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون و تەنیا (۱۲۷) پەرلەمانتار لەناو هۆڵی پەرلەمان بوونیان هەبوو، لەبەرئەوە ئەم هەوڵەمان سەری نەگرت و تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانیش كۆتاییهات.

ئێستا ئەو لایەنەی زەروورە رۆڵی خەمخۆرانە و یەكلاكەرەوە لەبەرامبەر ئەم تەنگژە سیاسی و یاسایی و دیموكراسییە ببینێت، دەسەڵاتی قەزایە، بەتایبەتیش دادگای فیدرالی، كە بتوانێ قسەی راست و دروستی خۆی بكات و رایبگەیەنێت كە؛ دەبێ بەپێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن و بڕیاری دادگاكەی خۆیان، تەواوی سندوقەكانی دەنگدان لەسەرتاسەری عیراقدا دەستژمێریان بۆ بكرێت، نەك تەنیا ئەوانەی تانەیان لێ دراوە، بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین پرۆسەی سیاسی و دیمەكراسی عیراق لەدەستی مافیاكانی تەزویر دەردەهێنرێت و دەخرێتە سەر راستەڕێی خۆی، ئەگەرنا ئەوا خولی چوارەم دەبێتە ئەنجومەنی تەزویركاران، نەك ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی داهاتووی عیراق و تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەتیش ناقسی شەرعیەت دەبن، چونكە لەلایەن ئەنجومەنێكەوە متمانە وەردەگرن كە لەدایكبووی دەنگ و ئیرادەی خەڵك نیە، بەڵكو هی ئیرادەی تەزویرچی و دەنگدزەكانە.

كاوە محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی