جەنگی سەرۆكەكانی ئەمریكا

02/07/2018

هونه‌ر تۆفیق

لەمێژووی سێ سەدەی ڕابردووی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ، هیچ سەرۆكێكی ئەمریكی نەبووە جەنگێكی تایبەت بەخۆی نەبێت . لە كەلتوری سیاسی كۆشكی سپیدا چۆنیەتی هەڵگیرسان و ئیدارەدان و بردنەوەی جەنگەكان كەسایەتی و ئەدای سەرۆكی ئەمریكی دیاری دەكات . 

سەرۆكەكانی پاش جەنگی جیهانی دووەم بەنمونە وەربگرین :
ترومان ١٩٤٥ -١٩٥٣ جەنگی كۆریا

ئێزینهاوەر ١٩٥٣ - ١٩٦١ جەنگی سوێس ، جەنگی دژ بە كوبا

جۆن كینێدی ١٩٦١ - ١٩٦٣ جەنگی نەبوو!! كوشتنەكەی نهێنیەكی بێ جەنگی یە

جونسۆن ١٩٦٣-١٩٦٩ قۆناغی دووەم جەنگی ڤێتنام

نیكسۆن ١٩٦٩ - ١٩٧٤ جەنگی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، كورد -عێراق

جیراڵد فۆرد ١٩٧٤ - ١٩٧٧ جەنگەكانی ئەمریكای لاتین ، نیكاراگوا

كارتەر ١٩٧٧ - ١٩٨١ شۆرشی ئێران ، جەنگی عێراق - ئێران

ڕیگان ١٩٨١ - ١٩٨٩ توندكردنەوەی جەنگی ئەستێران سۆڤیەت - ئەمریكا

بوشی باوك ١٩٨٩-١٩٩٣ جەنگی عێراق - كوەیت

كلنتۆن ١٩٩٣ - ٢٠٠١ جەنگی یوگوسلافیا 

بوشی كوڕ ٢٠٠١ - ٢٠٠٩ جەنگی عێراق و ئەفغانستان

ئۆباما ٢٠٠٩ - ٢٠١٧ جەنگی بەهاری عەرەبی - داعش 

ترامپ ٢٠١٧ - ؟؟ هەتا ئێستا جەنگە تایبەت بەخۆكەی دیار نی یە 

ترامپ لەسەرەتای دەست بەكاربوونیەوە لەبەردەم هەڵبژاردنی سێ جەنگدابوو . جەنگی سوریا ، جەنگی كۆریای باكوور ، جەنگی ئێران . 

هەردوو جەنگی سوریا و كۆریا بەپێ ی ڕێكەوتن و پێكهاتنەكانی لەگەڵ لایەنەكانی جەنگی سوریا و ڕاستەخۆ لەگەڵ سەرۆكی كۆریادا ، ترامپ لەهەڵبژاردنی سوریا و كۆریادا هیچیانی دەست نیشان نەكرد . 

ئاماژەكانی توندكردنەوەی فشارەكانی بۆ سەر ئێران ، پێدەچێت ترامپ جەنگەكەی خۆی بە جەنگی ئێران دەست نیشان بكات . ئەم سەرۆكە سەرمایەدارەی ئێستای ئەمریكا ، تەنیا دوو ساڵی لەبەردەمدا ماوە بۆ هەڵبژاردنی جەنگە تایبەتەكەی خۆی وەك عورفی سەرۆكایەتی ئەمریكا . كە هەندێ جار بەهۆی جەنگەكانەوە ، لە هەڵبژاردنی ئاییندەدا هاوڵاتیانی ئەمریكی ، سەرۆك بۆ جاری دووەم هەڵدەبژێرنەوە ، بۆ ئەوەی جەنگەكەی تەواو بكات . 

ترامپ هەڵبژاردنێكی قورسی كردووە . ماوەیەكی كورتیشی بۆ جەنگ لەبەردەمدا ماوە . بەڵام لەئەگەری ڕوودانی جەنگێكی ئەمریكی - ئێرانیدا ، پێناچێت بەشەش ساڵی سەرۆك كۆتایی بێت . بەڵكە دەبێتە سەخترین و هەڵەترین جەنگ لەناو جەنگەكانی هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكادا.

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی