سوتانی كۆگای چەكەكان

03/07/2018

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

هەفتەیەك بەسەر سوتانی كۆگای چەكەكەی بە حركەدا تێنەپەری ، كۆگایەكی چەك وبارودلە تاسلوجەی سلێمانی سوتا ، قسە لەوەش دەكرێت كە هەر لەم رۆژانە كۆگایەكی چەكی رێی مەسیف سەلاحەدینیش سوتاوە ، ساڵانی رابردوش هەمان روداوگەل روویانداوە ، لە راستیدا ئەم كۆگا سوتانانە هیچی لەوە ناچێ‌ بە رێكەوت بێت ، یان بە هۆی كارەباوەبووبێت ، چونكە ناكرێ‌ كارەبا ئەو هەموو بەزم و رەزمە بقەومێنێت و نەتوانرێ‌ چارەسەر بكرێت ، ئەو كۆگایانە بۆ دەسوتێن ، هۆكاری سوتانەكە چیە ، زەرەرو زیانەكان چەندن هەموو ئەمانە پێویستیان بە رونكردنەوەو بە دواداچوونە ، هەموو ئەوەمان بیرە كە پێشمەرگە لە تەلوەردو مەلاعەبدوڵاو وادی نەفت و خورماتوو شوێنەكانی دیكە بو دادو بێدادی بوو بە دەست نەبوونی چەك و تەقەمەنیەوە ، ئەوەشمان بیر نەچوە كە چەك و چۆڵی ئەڵمانی و ئەمەریكی لە بازاڕەكانی كوردستاندا مامەڵەی پێوە دەكرا ،ئەوە ئێستا خێرە ئەو چەك و چۆڵە گڕدەگرێت و هۆكارەكەی نادیارە .

دۆستێكم بۆی گێڕامەوە كە تەنانەت لە كۆگاكانیشدا مامەڵەو كڕین و فرۆش بە چەك و چۆڵەوە كراوە ، تا چەند ئەوە راستە دەبێت حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگە لەو بارەیەوە رونكردنەوە بدەن ، چونكە ناكرێت چەك و چۆڵی دنیا بسوتێت و هەموو مەسەلەكەش بە ڕونكردنەوەیەكی ساكاری ئاسایش یان بەرپرسێك كۆتای بێت ،ئێمەلە هەرێمی سیناریۆو دروستكردنی چیرۆكی خەیاڵیدا دەژین ، هەرێمێك زۆر بە ئاسانی جاشی تیا دەكرێت بە قارەمان و چاكی تیا دەكرێت بە خائین ، هەرێمێك كە سڵ لە هیچ شتێك ناكرێتەوە چ بۆ شێواندنی وێنە ، چ بۆ ناشرینكردنی یەكتر ، ناكرێت تا سەر هەموو گیرۆدەی ئەو سیناریۆ دروستكراوانە بین .

ئەقڵ نایبڕێت لە مەودای 100 ساڵدا بچوكترین كۆگای چەك و تەقەمەنی لەو سعودیەو كوەیتە نەسوتێ‌ و نەتەقێتەوە ، كەچی هەموو ساڵێ‌ لە كوردستان كۆگایەك ببێتە قەرە برووت ، ئەمساڵ كار لە یەك كۆگادا نەبوو !!

ئایە ئەم روداوانە پێویستی بە بە دواداچوونی راستیەكان و دەرخستنیان نیە بۆ رای گشتی ، ئەی نابێت بوار بە میدیا بدرێت ئەو وردەكاریانە بگەیەنێت بە خەڵك ، یان ئەمانەش بە دیزە بە دەرخۆنە كردنێك چاردەكرێن و دۆسیەكە دادەخرێت .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی