لوت بەرزی‌و بەرەو ھەڵدێرچوون!

04/07/2018

ڕۆزا حەمە ساڵح

شەوێك لەڕێگەی مێسەنجەرەوە نامەیەكم بۆ ھات بەناوێكی خوازراوە، بینیم نوسرا بوو:
- سڵاو ھاورێ
من ئاشنام ئەو كچەی كە ھەمیشە لە سەردەمی زانكۆدا گوێت بۆ ئەگرتم و ھەموو جارێك ھانام بۆئەھێنایت و خەمەكانمم لەلاتا بەبا ئەكرد و تۆش هەمیشە بەسنگێكی فراوانەوە گوێت لێ ئەگرتمو ئامۆژگاریت ئەكردم..بەڵام من بەگوێم نەئەكردیت، تۆ ھەرگیز بێزار نەئەبوویت لێم وەك ھاورێكانی دیكەم ...

ناسینی من و ئاشنا!
ئاشنا ھزری منی گەڕاندەوە بۆ ٢٠ ساڵ پێش ئێستا، ئەو كات من لە قۆناغی سێیەمی زانكۆ بوومو سەرەتای دەسپێكردنەوەی قۆناغێكی نوێی خوێندنم بوو ، ڕۆژێك بەرێكەوت لە ناو حەرەمی زانكۆداو لەگەڵ چەند ھاورێیەكمدا دانشتبووین و كاتێكمان زانی بوو بە قیڕە وقاق (ھاوشێوەی قاز) كورەكانی زانكۆ لە بەردەم دەرگای ھاتنە ژورەوە وەستابوون ھەر خوێندكارێكی تازەی قۆناغی یەكەم بھاتایەتە ژورەوە بەھۆی ئەوەی فایلێكیان بە دەستەوە بوو ،یەكسەر ئەناسرانەوە و دەكەوتنە بەر لێشاوی قازەكان، ئەگەر خوێندكارە تازەكان كوڕ بونایە ئەوا بۆیان ئەسندنەوە و بەڵام ئەگەر كچ بونایە و ئەوا سەریان دائەخست و چەند جارێك سەرسمیان ئەدا یان ئەكەوتن بە ئەرزدا( چەند دیاردەیەكی قێزەوەن وناشرین بوو ) ..

لە پڕ كچێكی باڵا بەرزی ئەسمەری چاو ڕەش
( زۆر جوان نەبوو و بەڵام خوێن گەرم و سەرنجڕاكێش بوو) بە خۆی و فایلەكەیەوە دای بەزەویدا وادیار بوو ئێشی پێگەشتبوو ، بەڵام خۆی تێك نەدا ویەكسەر ھەڵسایەوە ویستی بەردەوام بێت لەڕۆشتن ،بەڵام ئازاری قاچی ڕێگەی پێنەدا و پڕ چاوی بوو لە گریان ،من و ھاورێیەكم ھەڵمان ساندەوە وھەر چۆن بێت دەستمان گرت و بردمان بۆ تەبابەكە ( شوێنی چارەسەركردنی سەرەتایی و مۆڵەت پێدان بوو لە ناو زانكۆدا ) ..

دكتۆر وتی لەوە ئەچیت قاچی لە جێ چوو بێت ..ھەرچۆن بێت بردمانە دەرەوەی زانكۆ وتاكسییەكمان بۆ گرت بۆ ئەوەی بڕواتەوە بۆ ماڵەوە ..

لە دوای یەك ھەفتە لە كاتی ڕۆشتنم بۆ ناو ھۆڵی خوێندن ، بەرێكەوت چاوم كەوتە سەر ئاشنا و سڵاوم كرد و ئەویش بە گەرمی وەڵامی دامەوە و سوپاسی كردم بۆ ئەو ڕۆژەی كە یارمەتیماندا، وتی من لەكۆلێژی زمان بەشی كوردیم، وئێستا دەچمە ناو وانە .
-وتم كەواتە لە ئەمڕۆ بەدواوە زوو زوو یەكتر ئەبینین چونكە منیش ھەر لە ھەمان كۆلێژم بەڵام بەشی عەرەبی و ھەموو وانەكانی كۆلێژی زمان ھەر لەم نھۆمەن ...

لە دوای ئەوەی چەند جار یەكترمان بینی و پێكەوە ئەوەستاین و زیاتر قسەمان ئەكرد و ئەو پرسیاری لەمن ئەكرد و منیش وەڵامم ئەدایەوە و باسی ئەوەم بۆئەكرد كە چۆن بە سەختی لە بەشی ناوخۆییی ژیان لەگەڵ ھاورێكانمدا ئەگوزەرێنین، ئەویش وردە وردە باسی ژیانی خۆی بۆ كردم ..

ئاشنا كچێكی دڵ پاك بوو بەڵام ھەستم بەوە ئەكرد كەدوو كارەكتەری ھەیە ، زۆر جار ئەگەر لەگەڵ ھاورێیەكیدا بوایە ھەستم بەوە ئەكرد كە خۆی واپێشان ئەدا كە كچێكی دەوڵەمەندە ودوو خاڵی ھەیە لەھەندەران ئەژین و ئەوان ھاوكاری مادی دەكەن و جاری واش هەبوو كە بەتەنها لەگەڵ من ئەوەستا وتەو گوفتاری جیاوازتر بوو وەك كەسایەتیە ڕاستەقینەكەی دەردەكەوت !!!

ڕۆژێك بە تەنھا بوو كەوتینە قسە كردن و باسی زۆر شتمان كرد پێم وت:
- تۆ كەسێكی خۆش بەختی چونكە دوو خاڵی باشت ھەیە كە ھاوكارتن بۆ ئەوەی خوێندن تەواو بكەیت .
لە پر دەستی كرد بە گریان بەحەسرەتێكی قوڵەوە وتی:
-خاڵی چی و حاڵی چی بۆ ھەر خاڵ و پورەكانم قسەمان لەگەڵ ئەكەن !!!
-وتم كە وا نیین ئەی چۆن بەو شێوەیە وەسفیان ئەكەیت ؟ ئەی ئەم جل وبەرگە جوانانەت لە كوێ بوو؟

وتی وەرە با بڕۆین بۆ كتێبخانەی زانكۆ پێكەوە لەوێ دانیشین و زۆر شت لە دڵمدایە ئەمەوێت باسی لێوەبكەم چونكە متمانەم بە ھیچ كەس نییە كە دەردە دڵی خۆمی بۆ باس بكەم، ھەست بەوە دەكەم كە تۆ ئەوكەسەی كە ئەتوانم ئەو متمانەیەت پێببەخشم.

ئیتر دوو بە دوو دانیشتین و پێش ئەوەی دەست بكات بە باسی ژیانی خۆی، من باسی ژیانی خۆمم بۆكرد كە چۆن باوكم بە ھەموو شێوەیەك ئیش ئەكات، ماندوو ئەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت خوێندن بەمن و خوشك و براكانم تەواو بكات، باسی ماڵی خۆمانم بۆ كرد، باسی ئەوەشم بۆ كرد من نە كچێكی دەوڵەمەند نییم بەڵكو لە خێزانێكی نیمچە ھەژاریشم. ئەم قسانەی كە من بۆم كرد ھەستم كرد ئارامی پێ ئەبەخشێ و ئیدی وردە وردە كەوتە باسی كردنی ژیانی خۆی .....

ئاشنا وتی: باوكم دوو ساڵ پێش ئێستا لە شەری براكوژیدا بێسەرو شوێن كرا ھەتا ئێستا ئەوە بۆ ماوەی دوو ساڵە دایكم و من و خوشكم ھەر چاوەڕوانیین بگەرێتەوە بۆ ناومان ..... لە خانوی كرێچیدا بووین ،دایكم بە ھۆی ئەوەی كە تەنھا بڕوانامەی سەرەتایی ھەبوو بۆیە ھەتا باوكم لە گەڵماندا بوو ودایكم ھەر ژنی ماڵ بوو و ھیچ كارێكی نەبوو ..

بەڵام لە دوای بێ سەروشوێن بوونی باوكم ژیانمان زۆرقورس بوو، بۆ ماوەیەك ڕۆشتینەوە بۆ ماڵی نەنكم (دایكی دایكم ) ، لەوێش ھەموو ڕۆژێك پورەكەمو ھەردوو خاڵەكەم لەسەر ماڵ بوون لەگەڵ نەنكم دەژیان (پورم و خاڵم بە چەندساڵێك لە من گەورەتر بوون ) ئەیان كرد بە شەڕو ئاژاوەنانەوە لە گەڵ من و خوشكە بچوكەكەمدا وپێیان ئەوتین بڕۆن بۆ ماڵی باپیرەتان ( باوكی باوكم) بەڵام ئەوانیش حەزیان بە چارەی دایكم نەبوو، بەھۆی ئەوەی دایكم كوڕی نەبوو، ھەمیشە بەچاوی وەجاخ كوێر لێیان دەڕوانی .. ھەتا باوكم لە گەڵماندا بوو بە بەردەوامی باوكمیان ھان دەدا بۆ ئەوەی ژنی دووەم بھێنێت وكوری ببێت ، بەڵام باوكم دایكمی زۆر خۆشدەویستو ھەموو جارێك بە دایكمی ئەوت گوێیان لێمەگرە وخەفەت مەخۆ و ئەگەر خوا خۆی بییەوێت ئەوا كوریشمان ئەبێت ئەگەر نەشبێت ئەوە ئیرادەی خوایەو ھیچ دەسەڵاتێكی ئێمەی تێدا نیە ،،،

ئیتر بۆیە دایكم بڕیاری دا كە ئیش بكات و ھەرچۆنبێت بتوانیت بژێوی من و خوشكەكەم دابین بكات ،دایكم بە ھۆی خزمێكمانەوە كەیاریدەدەری پزیشك بوو ، وبە كارگوزار دایمەزرا لەو نەخوشخانەیەی كەخۆی كاری لێ دەكرد..

وردە وردە ژیانمان گۆڕانكاری بە سەردا ھات و دایكم خانووی بە كرێ گرت و ڕۆشتینە ماڵی خۆمان.

ئەزانیت دایكم ژنێكی زۆر ڕۆح سوك و قسە خۆشە بۆیە زوو دەچێتە دڵەوە و بە ئاسانی ئەتوانێت لەگەڵ هەموو كەسێكدا بگونجێت؟؟

لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای دەوام دایكم نانی تیری دروست ئەكرد كە ھەتا ئێستاش ھەر بەردەوامە ، لەسەرەتاوە كڕیاری كەم بوو و بەڵام لە ئێستادا ڕۆژانە ھەتا شەوگارێكی درەنگ ھەر خەریكی نان كردنە ومنیش جار بە جار یارمەتی ئەدەم . بۆیە دایكم ھەرچی دەست ئەكەوێت بۆ من و خوشكەكەمی سەرف ئەكات و هەموو جارێك ئەڵێت ئێوە ئەبێت خوێندن تەواو بكەن با وەك منتان لێ بەسەر نەیەت .

سەبارەت بە جل و بەرگەكەشم ھەمووی لە لەنگە ئەكڕم و یەك دوو فرۆشیار ھەن ھەموو جارێك كەبالێی تازە دێت و ئەوا شتە جوان و تازەكانم بۆھەڵئەگرن و ئیتر بە دوو قسەی خۆش و دوو گاڵتە وگەپ لە گەڵیاندا بە نرخێكی ھەرزان و گونجاو پێم ئەفرۆشن .

تكات لێئەكەم ئەم قسانەی كە بۆم باس كردی با ھیچ كەس لە ھاورێكانم نەزانێ و زۆر نهێنی بێت ، منیش پێم وت ھیچ خەمت نەبێت و دڵنیابە لە وەی كە ھیچكەس نازانێت و بەنهێنی لەلای خۆم دەمێنێتەوە ...

ڕۆژگار تێپەڕی و ئاشنام ئەبینی كە وردە وردە تێكەڵبوو بوو لەگەڵ خوێندكارەكانی زانكۆدا لەكۆلێژەكانی تر و بە تایبەتی لەگەڵ كەسانێكی خراپ كە زۆردیار بوون و بە باشی باس نەئەكران. چەند جارێك ئامۆژگاریم ئەكرد و دەموت تۆ دایكت بەو شێوەیە ھەوڵت لەگەڵ ئەدا و تۆش دەبێت یەكەم ئامانجت تەواو كردنی خوێندنەكەت بێت ، بەڵام بێ ھودە بوو لەم گوێیوە دەڕۆشت و لەو گوێیەوە دەرئەچوو ،،،

بە تێپەربوونی كات ئاشنا وای لێھات دوور كەوتەوە لێم جار بە جار سڵاوێكی ئەكرد و دواتر سڵاوەكەش نەما و ھەر كە منی ئەبینی ڕووی ئەكرد بەولاوە وەك ئەوەی كە نەیبینیبێتم ..
لە دوای چەند مانگێك ئاشناش ناوی چووە ڕیزی ئەوخوێنكارانەی كە بە باشی باسیان نەئەكردن ، زۆرجار ئەمبینی نە ئەچووە ناو وانەكانییەوە ، زۆرم پێناخۆش بوو و بەڵام بۆشم نەبوو دەست وەردەمە ژیانی تایبەتی بەڵام هەڵسوكەوتە ناسروشتیەكەی زۆر ئازاری ئەدام !!


كات تێپەری ساڵی خۆێندنمان بەرێكرد ، لەدوای ھاوین گەڕاینەوە بۆ دەسپێكردنی قۆناغێكی نوێی خوێندن، لە ڕێگەی ھاوپۆلەكەی ئاشنا كە لەبەشی ناوخۆی پێكەوەبووین بیستم كە ئاشنا لە دوو وانەدا دەرنەچووبوو ، دواتر لە خولی دوومدا دەرچووە و ھاوسەرگیری لەگەڵ كورێكدا كردووە كە لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە وناسیاوی خۆیانە .....
كاتێك كە گەڕاینەوە زانكۆ و ئاشنام بە جۆرێكی تر بینی ، پەیوەندیەكانی زۆرتر لەگەڵ كەسەدەوڵەمەندەكاندا بوو ھەروەھا ستایلی جل و بەرگی زۆر گرانبەھا و شاز بوو و ھەر پێی لەنگی بوو كە مەرحەبایی كەسانی وەك ئێمە بكات ، ئەمبیست كە دەزگیرانەكەی مانگانە بڕێ ۱٠٠ تا ۲٠٠ دۆلاری بۆ ئەنێرێتەوەو خانمیش بۆ خۆی كەش وفشی پێوە ئەكرد ، لە دڵی خۆمدا ئەموت تۆ بڵێت ئێستا تۆزێ ژیانی ماڵەوەشیان گۆڕابێت یان بە لایی كەمەوە دایكی ئاڵوگۆڕێكی چۆنایەتی بەسەر ژیانی پڕ لە ڕەزالەتیدا ھاتبێ ،،،،
لە دوای چەند مانگێكەوە و بیستم كە دەزگیرانەكەی كاروباری فەرمی بۆ كردووە و ئەیەوێت بیبات بۆ ئەوروپا ، كات تێپەڕی وبەرەو كۆتای ساڵی خوێندن ڕۆشتین ، ئاشناش لە پر دیار نەما، منیش قۆناغی زانكۆم تەواو كرد و ڕۆشتمەوە بۆ شارەكەی خۆم ووردە وردە دوور كەوتمەوە لە ژیانی چوار ساڵەی زانكۆم ودوور كەوتمەوە لە ھاورێكانم ، ھەموو یادگاریە خۆش و ناخۆشەكانم لەوێ بە جێھێشت وزیندە بە چاڵم كردن !!
دیسانەوە و سەر لە نوێ وەك منداڵێكی نامۆ بە زۆر شت تێكەڵ بوومەوە بە ژیانێكی تر و جیاوازتر لە قۆناخی زانكۆ و وەك مامۆستا دامەزرام، ئاشنا بووم بە كەسانێكی نوێ لەڕەنگ وڕوخسارێكی تردا لەگەڵ ژیاندا تێھەڵچومەوە ..

لە دوای ٢٠ ساڵ ، بەڵێ لە دوای ٢٠ ساڵ ئاشنا منی لە رێگەی فەیسبوكەوە دۆزییەوە و ئەو نامەیەی بۆناردم...

وەڵامی من بۆ ئاشنا!
سڵاو لە تۆش ئاشنا گیان ، چەند خۆشحاڵت كردم بەم نامەیە. پێم وت خۆشحاڵ دەبم ئەگەر بتوانییت بەتەلەفۆن قسە بكەین؟
ئاشنا وتی : ئێستا كات درەنگە و منیش تەندروستیم زۆر باش نییە، من زیاتر خۆشحاڵ ئەبم و لە كاتێكی تردا خۆم پەیوەندیت پێوە ئەكەم ..

لە دوای چەند ڕۆژێك ئاشنا زەنگی بۆ لێدام و كەوتینە قسە كردن و باس لە ژیانی ڕابردوو و ئێستا ھەردوولامان كرد ..
ئاشنا زۆر بە پەرۆش بوو بەھەمان شێوەی سەرەتای یەكتر ناسینمان، بۆ ئەوەی باس لە ژیانی خۆی بكاتو لەو ساتە وەختەی كە كوردستانی بە جێھێشت ھەتا ئێستا ، وتی ھاورێ گیان من ئێستا ئەو ئاشنایەی ڕابردوو نیم كە پێم لەنگی بوو بڵێم كچی دایكێكی ھەژارم ،لە دوای ئەوەی باجی لە خۆبای بوونی خۆممدا بۆیە زۆر پێم خۆشە ھەموو كەس چیرۆكی من بزانێت بۆ ئەوەی وانەو ئەزمونێك بێت بۆ ھەزارەھا كچی تر كە بەو شێوازەی من ڕەفتار ئەكەن ...
ئاشنا كەوتە گفتوگۆ بە یادگاریە تاڵەكانی خۆیدا گەڕایەوە وتی :
-لە دوای ئەوەی ڕێبواری دەستگیرانم كار و باری فەرمی بۆ جێبەجێكردم بۆ ئەوەی بگەمە وڵاتی دانمارك ئیتر چارم نەما، ھەرچەندە زۆر خوشحاڵ نەبووم بەو بڕیارەی ڕێبوار چونكە لە ڕاستیدا من ڕێبوارم خۆش نەئەویست و تەنانەت خوشەویستیشم ھەبوو لە ناو زانكۆدا، ھاوسەرگیریەكەشم تەنھا لە بەر پارە و باق و بریقی ئەوروپا بوو، ئەمویست جیاوازتر دەربكەوم لە ناو ھاوپۆلەكانمدا و پۆز بە سەریاندا لێبدەم و ھەموو كەموكورتیەكانی باری ناھەمواری خانەوادەكەمی پێ پڕكەمەوە ، ، ھەرچەندە دایكم پێیخۆش بوو كە زانكۆ تەواو بكەم بەڵام ڕێبوار لەسەرەتاوە ئەوەی خستە بەر چاومان كە ئەو ناوەستێت تا من زانكۆ تەواو بكەم .
ھەموو شتێكم بە جێھێشت دایكم و خوشكەكەم زانكۆو تەنانەت خۆشەویستەكەشم ھەرچەندە لە دوای ھاوسەرگیریەكەمەوە تەواو لێم زویربوو!!

لە گەڵ دایكم كاروباری فەرمی ناو كوردستانم تەواوكرد و بە ڕێ كەوتم بۆ وڵاتی سوریا، بەڵام لە سوریا ئیش و كارە فەرمیەكان لە مانگێك تا سێ مانكی پێئەچوو ، چوار ھەفتەی یەكەم ھەرچۆن بێت رێبوارم لە گەڵ مایەوە و بەڵام دواتر ناوم نەھاتەوە، ڕێبوار ئیشی ھەبوو دەبوایە بگەرایەتەوە بۆ دانمارك ،،،
ئەوە بوو ئەو ماوەیەی كە لە سوریا بووین ،خێزانێكمان ناسی لە ھەمان ئەو بینایە بوون كەشوقەكەی ئێمەی لێبوو و خەڵكی ناوچەكانی دەوروبەری سلێمانی بوون. دایكێك و دووكور بوون یەكێك لە كورەكانی ساڵێك لە من گەورەتربوو و ئەوی تریشیان تەمەنی منداڵتربوو ، ئەوانیش باوكیان ھەر لە دانمارك بوو چاوەروانی ئەوەیا ن ئەكرد كە ناویان بە فەرمی بێتەوە ، دایكەكە زۆر ژنێكی باش بوو و زۆر بە سۆز بوو و زۆر دڵنەوای ئەكردم و كاتێك ڕێبوار گەڕایەوە داوای لەو ژنە كرد كەئاگای لە من بێت و ئیتر ئەویش بەرێبواری ووت ھیچ خەمت نەبێت ھەتا من لێرە بم و ئەوا وەك كچی خۆم مامەڵەی لەگەڵ دەكەم و ئەیخەمە سەر چاوانم ..
ڕێبوار گەرایەوە و منیش بە تەنھا مامەوە و زۆر جار ھەتا درەنگانێكی شەو دەرۆشتمە لای ئەو خێزانەو جاری واش ھەبوو لەلای ئەوان ئەخەوتم ( ڕێبواریش ئەیزانی ) ئەوە بوو وردە وردە ھەستم بەوە ئەكرد كەھەستێك بەلای كورەگەورەكەی ئەو ژنەدا ڕام ئەكێشێت( ناوی سۆران بوو ). ئەوەم لا دروست بوو كە ئەویش ھەمان ھەستی منی ھەیە ، ئیدی پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانماندا پەیدا بوو ، زۆر ویژدانیشم ئازاری ئەدام بەڵام چاری خۆمم نەئەكرد ونەمئەتوانی زاڵبم بەسەر خۆمدا ، زۆر جار ئەموت نابێت من خیانەت لە ڕێبوار بكەم چونكە ئەو منی زۆرخۆش ئەوێت و متمانەی زۆری بە من ھەیە ، بەڵام نەمئەتوانی ئەو ھەستەم كە ھەمە بەرامبەر بە سۆران بێدەنگی لێ بكەم ( سۆران ئەو كورە جوان و قۆزەش نەبوو بگرە ڕەنگو ڕوخسارو كەسایەتی ڕێبوار زۆر لەو باشریش بوو ) بەڵام نازانم بۆ ئاوام بە خۆم كرد ؟ئایا ھۆكارەكەی تەنیای بوو ؟ یان دەبەنگی و گێلی وبێویژدانی خۆم بوو !!یان كەمی ئەزموون بوو !!یان باجی باری ناھەمواری خێزانەكەم بوو !!
بەڵام بەدیوێكی تریشدا خەتای سۆرانی زۆر تیادابوو و ھەمیشە گۆرانی ڕۆمانسی بە كاسێت بۆ لێ ئەدام و قسەی خۆشی بۆ ئەكردم و ئەیوت من یەك خولەكەك بە بێ تۆ ناتوانم بژیم ،بەڵێنت پێ دەدەم گەشتینە ئەوروپا دوای ئەوەی كە لەڕێبوار جیابویتەوە ئەو كات خۆمان ھاوسەرگیری ئەكەین و خۆشترین ژیانت بۆ دابین دەكەم و هەموو خەم و حەسرەتەكانی ڕابردووت بیردەبەمەوە .. وەك شەیتانێك بە كۆڵمەوەبوو وازی لێنەئەھێنام و بینەقاقای گرتبووم ،،،، ئیت روردە وردە پەیوەندی نیوانمان قوڵتر ئەبوو بەڵام لە لای دایكی وا خۆمان پێشان نەئەدا ، چەند جارێك بەگرێبەستی ھاوسەرگیری ڕێبوارەوە لە گەڵ سۆران لەسوریا ئەڕۆشتمە ھوتێلەوە !!
ئای چەند ساویلكە و نەزان بووم ، وا ھەستم ئەكرد سۆرانیش وەك من وایە بەڵام نەمئەزانی كە بەتەنھا دەستی خۆیم پێگەرم ئەكاتەوە و كاتم پێ بەڕێ دەكات!
لە دوای نزیكەی دوو مانگ ناوی من ھاتەوە و ئەوەبوو سەفەرم كرد و گەشتەمە وڵاتی دانمارك و كاتێك لە فرۆكەخانە دابەزیم ڕێبوار بە چەپكە گوڵەوە ئامێزی بۆ كردمەووە و توند توند لە باوشی گرتم ولە خۆشیدا چاوەكانی ھۆن ھۆن فرمێسكی پیا دەھاتە خوارەوە!!! منیش بێ دەنگ وەك موقەبا و تەنانەت نەمئەتوانی یەك وشەش بڵێم ئەگەر بەڕوكەشیش بێت ، ڕێبوار وتی ئەوە چییە بۆ وا بێدەنگی ، وتم باوەر ناكەم كەگەشتبێتم .
بەرێكەوتین بۆ ماڵە خنجیلانەكەمان و دەرگای بۆ كردمەوە و ھەموو ماڵی ڕازاندبووە بە گوڵی سور ...
دڵم بە ھیچ خۆش نەبوو و ھەر بیرم لە لای سۆران بوو وە لە دڵی خۆمدا ئەموت تۆ بڵیی من و سۆران بەیەك بگەین و خەونە ئاڵاو واڵاكانمان ببێتە واقع !!
وتم ھیلاك و ماندووم ، ئەویش وتی بڕۆ ڕاكشێ وئیسراحەت بكە و منیش ئەڕۆم و بازاریەك ئەكەم وتم دەباشە كارتی تەلەفۆن بكڕە با كە گەڕایتەوە وپەیوەندی بكەین بە دایكمەوە ..
ڕێبوار وتی بە چاوان ...
ڕێبوار كە گەڕایەوە لە بری كارتێ پێنج كارتی تەلەفۆنی ھێنابوو و تی وەرە با پێشانت بدەم كە چۆن ژمارەی كارتەكە لێئەدەی و دواتر ژمارەی ئەو كەسەی كە ئەتەوێت پەیوەندی پێوە بكەیت ... ئەوە بوو ئەو كات نوسینگە ھەبوو لە سلێمانی و دبوایە تەلەفۆنمان بۆنوسینگەكان بكردایە و ئەوانیش كاتێكیان لە گەڵ كەس وكار دائەنا و لە دوای چەند كاتژمێرێك ئەھاتن بۆ نوسینگە و ئێمەش لێرەوە و تەلەفۆنمان ئەكرد ،لەگەڵ دایكم قسەم كرد و ھەر ئەگریام و ئەموت دایكە زۆر بیرت ئەكەم و زۆر پێویستیم پێتە و ئەویش ئەیوت ڕۆڵە شوكری خوا بكە و ئیتر تازە ئەو ژیانە خۆت ھەڵتبژاردووە و ڕێبواریش كوری چاكە و من دڵنیام لەوەی كە جێگای ھەموو كەسێكت بۆ ئەگرێتەوە ...
ئای دایكە بریا لەوێدا ھەموو شتێكم لە بیربكردایەو سەر لە نوێ ژیانێكی پاكم لەگەڵ ڕێبواردا دەست پێبكردایەتەوە ...

ڕێبوار ھەموو ڕۆژێك لە كاتژمێر ٧ بەیانی ھەتاكاتژمێر ٤ ئێوارە لە سەر كار بوو، بەھۆی ئەوەی پێشوتر یەك مانگ پشووی وەرگرتبوو كاتێك لە سوریا لە گەڵمدابوو، بۆیە نەیتوانی دیسانەوە پشوو وەرگرێتەوە..
بەیانیان كە ئەو ئەرۆشت بۆ سەر كار، منیش یەكسەر پەیوەندیم بە سۆرانەوە ئەكرد ( سۆران و خێزانەكەی ھێشتا ھەر لە سوریا بوون ) وقسەمان ئەكرد، ڕۆژێكیان سۆران وتی ناوی ئێمەش ھاتۆتەوەو سبەی سەفەر ئەكەین ، زۆر دڵ خۆش بووم ، لەو ڕۆژەوە كە ھاتبووم تاقەتی ھیچ شتێكم نەبوو و ھەر ئەگریام، بۆیە ھەستام و دەستم كرد بە ماڵ پاككردنەوە و ھەتا ڕێبوار لە سەر كار گەڕایەوە وچێشتیشم لێنا، كاتێك ڕێبوار گەڕایەوە ، زۆر دڵخۆش بوو بەوەی كە ماڵ پاكە و چێشت لێنراوە ومنیش دڵم خۆشە ، وتی تەواو بێتاقەتیەكەت نەما ، وتم بەڵێ ....
وتم ڕێبوار ئەزانی پێویستیم بە كارتی تەلەفۆنە ووتی ئەی ئەو كارتانە كوان كە كڕیم ، وتم تەواو بووە وقسەم لە گەڵ دایكمدا كردووە ( لە ڕاستیشدا ھەر یەكەم ڕۆژ كە ھاتم قسەم لەگەڵ دایكمدا كردبوو )بۆیە گومانی لا دروست بوو، وتی ئاشنا ژیان لێرە زۆر قورسە و تەلەفۆن كردنیش زۆر گرانە و دەبێت بەلایەنی كەمەوە ھەفتەی یەك جار قسە لەگەڵ كوردستان بكەیت، پێویست ناكات ھەموو ڕۆژێك، ئەگەر وابڕوات ئەبێت من ھەر كار بۆ تەلەفۆن كردنی تۆ بكەم !! ئەی چۆن بژین و خۆشت دەزانی ھەتا تۆ گەشتیتە ئێرە من ھیچ درێخیم لێنەكردووی وھەر چیت وتبێت یەكسەر بۆم ناردووی وتوومە ئەگەر بڵێم نییمە وقەرزم كردووە ئەوا باوەڕ ناكات و پێم ئەڵێت ڕەزیلە بەڵام ئێستا خۆت ھاتویتتە ئێرەو و ئەبێت شتەكان تێبگەیت و خەممان بۆ داھاتووش ھەبێت ..
ئەو زۆر بە جوانی و لە سەر خۆ تێیگەیاندم بەڵام من ھەر نەمویست تێبگەم و ھەر لەبیانوو دەگەڕام دەستمكرد بە گریان و نانم نەخوارد و تەنانەت تۆمەتباریشم كرد بەڕەزیلی .... كەچی لە دوای كاتژمێرێك ڕۆشت دوو كارتی تەلەفۆنی تری بۆ ھێنانم و سەری ماچكردم و داوای لێبوردنی لێكردم ...
ئای چەند بێویژدان بووم !!!
ئەوە بوو لە دوای سێ ڕۆژ سۆران تەلەفۆنی بۆ كردم وتی ئێستا ئێمەش لە دانماركین ، پێم وت سۆران تۆ تەلەفۆن مەكە چونكە ڕۆژانەی شەمە و یەك شەمە ڕێبوار لە ماڵە، من خۆم كەی گونجا ئەوا زەنگت بۆلێ ئەدەم .. ئەوە بوو لەو ھەفتەیەدا ڕۆژی دووشەمە بۆنەیەك بوو و پشوو بوو ومن نەمزانی بە سۆران بڵێم، ماوەی چەند ڕۆژێك بوو قسەم لە گەڵ سۆران نەكردبوو، ئیدی خۆی پێنەگیرا و ڕۆژی دووشەمە زەنگی كرد ، ڕێبوار تەلەفۆنەكەی ھەڵگرد، كە گوی لەدەنگی ڕێبوار بوو یەكسەر دایخستەوە ، لە دوای نیوەڕۆ جارێكی تر زەنگی كردەوە و ڕێبوار بە ھەمان ژمارە تەلەفۆنی كردەوە و بەڵام كەس ھەڵی نەگرت، ئەمە وای كرد كە گومان لە لای ڕێبوار دروستببێت ...
چەند ڕۆژێك تێپەری و قسەمان كرد پێكەوە وناونیشانی ماڵی خۆمانم پێوت و چەند جارێك كە ڕێبوار لە ئیش بوو ، بەیانیان ئەھات و ئەمایەوە ھەتا نزیك ئەو كاتەی كە ڕێبوار لە ئێش ئەگەڕایەوەو جار بەجار ئەڕۆشتینە دەرەوە و پیاسەمان ئەكرد و دەموت من داوای جیابوونەوە لە ڕێبوار ئەكەم كە چی ھەر ئەیوت پەلە مەكە و با منیش تۆزی بخوێنم و زمان فێرببم و ئیشێك بكەم و ئیتر منیش تێنەئگشتم لەوەی كە ئەو تەنھا بۆ ڕابواردن و كات بەسەربردن منی ئەوێت و ھیچی تر ..

ئەوە بوو ڕۆژێك ڕێبوار لە پر لە سەر كارەكەی گەڕایەوە و سۆرانیش لەوێ بوو . ڕێبوار زۆر ڕەنگی تێك چوو ، پرسیاری كرد وتی ئەم كورە چی ئەكات لێرە و منیش وتم ھەر ھاورێمەو بۆ سەردانی كردنمان هاتووە كوری چاك بووە و لە سوریا زۆر ھاوكاری ئەكردم و بە ھەڵە لێمان تێمەگە ..
ڕێبوار زۆر توڕە بوو وتی ھیچ درۆ مەكەن و من لەوەتەی تۆ ھاتوویت و بە ھۆی ڕەفتارەكانتەوە گۆمان ناخمی خواردووە و ھەستم بە زۆر شت كردووە وبەڵام بەڵگەم بە دەستەوە نەبووە و بۆیە ئیستا ئەبێت ڕاستیەكانم پێبڵێن.. ئیتر نەمتوانی لەوە زیاتر پارێزگاری لە خۆم بكەم و ھەموو ڕاستیەكانم بۆ باسكرد وتم ئەگەر ئەو كاتە بە تەنھا منت لە سوریا بەجێ نەھێشتایە و ئەوا منیش توشی ئەمە نەئەبووم ...
ڕێبوار باری دەروونی بە یەكجاری تێك چوو وسۆرانی كردە دەرەوە و بە تەنھا ڕۆشتە ژووری نوستنەكە و ھەتا بەیانی نەھاتە دەرەوە ..
ئای ئەو ڕۆژ و شەوە كات ھەر نەدەڕۆشت و منیش ھەر ئەگریام و ئەترسام لە ھەڵوێستی ڕێبوار و ئەموت دەبێت چ چارەنوسێك چاوەڕوانم بكات ..
كاتێك ڕۆژ بوویەوە وڕێبوار ھاتە دەرەوە و چاوەكانی سوربوبووە وا دیار بوو كە نەخەوتبوو و زۆر گریابوو ،وتم ڕێبوار ھەرچیم لێئەكەیت خۆت ئازادی و منێكی پیس و بێویژدان ھەرگیز شایستەی تۆ نییم ، ئەویش وتی خۆشەویستی بە زۆر نابێت و ھیچ شتێكیشت لێناكەم چونكە من تۆم زۆر خۆشدەویست ، زۆر بەئاسانی لێت جیادەبمەوە و بەڵام ئەبێت ئەم وڵاتە بەجێ بھێڵیت چونكە نامەوێت بە ھیچ شێوەیەك بتبینم...
..ڕێبوار چونكە ساڵانێكی زۆر لە ئەوروپا ژیابوو نەیویست بابەتەكە ئاڵۆز بكات و ھەمیشە لەھەوڵی ئەوەشدا بوو بە شێوەیەكی دور لەتوندو تیژی دەستمان لەدەستی یەكتر بێتەوە و و كەتنەكەی منیش باس نەكات و لەخەمی ئابڕوی خانەوادەكشماندا بوو ،،،
ئەوە بوو ھەر خۆی تاكسی بۆ گرتم و بە سایەق تاكسێكە وتی بیگەینە ووڵاتی سوید..
گەشتمە سوید و لەوێ بە ناوێكی ترەوە خۆم ناساند ،بەڵام ھێشتا ھیوام بە سۆران ھەبوو كە بگاتە لام وپێكەوە بژین ...
لە دوای ھەفتەیەك پەیوەندیم كرد بە سۆران و ھەمووشتێكم بۆ باس كرد وتم تۆش وەرە بۆ سوید ...سۆران وتی چەند گەمژە وساویلكەی ،،،بە چ ئەقڵێكەوە داوای ئەوەم لێ ئەكەی كە خێزان و مافی پەنابەریەكەم بە جێ بھێڵم و بێم بۆ لای تۆ ؟ تۆیە كە وەفات بۆ ئەو پیاوە باشەت نەبوو ، ئێستا وەفات بۆ من چۆن ئەبێت ،،ئەو وەڵامە یەكجار جەرگبڕ بوو
یەكسەر باری دەروونیم تێك چوو و زۆر ھیلاك بووم وزۆر گریام وحەزم بە مردنی خۆم ئەكرد ، ھیچ ئاگام لەخۆم نەما و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك كەوتمە نەخۆشخانەوە و دواتر ڕەوانەی كەمپیان كردمەووە ....
كاتێك دایكم دوای ماوەیەك بە جیابونەوەكەی زانیبوو و یەكسەر خۆی پێنەگیرابوو و ڕۆشتبوون بۆماڵی باوكی ڕێبوار كە لە دەرەوەی سلێمانی دەژیانو لەو سەرەوە كە گەرابوونەوە توشی ڕوداوی ھاتووچۆبوون و خوشكەم مرد ودایكم بریندار بوو و باری دەروونی تێك چووە و ھەتا ئێستا ھەر لە ماڵی دایكێتی ولە گەڵ پورە كەمدا دەژی ...
باوكیشم ھەتا ئێستا ھەر بێسەر و شوێنە ...

ئەو كاتە ناخۆشانەشم تێپەڕاند و زۆر چاوەڕوانم كرد بۆ ئەوەی مافی پەنابەری وەربگرم بەڵام لەوێیش وەرنەگیرام و بڕیارم دا بڕۆمە وڵاتی نۆروێژ و لەوێ پەیوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ پیاوێكی عەرەبدا بەست و كورێكم لێی بوو و بەڵام لە دوای دوو ساڵ نەمتوانی چیتر لە گەڵیدا بژیم و ئەویش توشی دەردە سەری دونیای كردم ....

ئێستا منیش لە گەڵ كورەكەمدا پێكەوە لە وڵاتی نۆروێژ ئەژین، كوڕەكەم ئێستا ھەموو ژیانی منە ومنیش بە تەنھا ھەر بۆ ئەو ئەژیم، ھەرچەندە خۆشم لەڕووی دەرونییەوە زۆر باش نییم ..
بەڵام ئاسودەم بەوەی كە ڕێبوار دواتر ھاوسەرگیری كردەوە و ئێستا زۆر بەختەوەرە لە ژیانیدا و ئەوەشی سەختە بەلامەوە نازانم چۆن جارێ تر بیبینمەوە وداوای لێبوردنی لێ بكەم و تێی بگەیەنم كەمنیش ھەر وەك ئەو قوربانیم، قوربانی دەستی كەلتورو كۆمەڵگا ، قوربانی دەستی ئەو ھەل ومەرجانەی كەبەزۆرو بێ ویستی خۆت بەسەرتدا دەسەپێنرێت ودەتخاتە ململانێیەكی درۆزنانەو ڕوكەشانە لەگەڵ ھەموو درۆو ڕوكەشیەكانی كۆمەڵگا ،،،وە دەشمەوێت سوپاسی بەرزی ئاستی ھۆشیاریشی بكەم كە ئەگەر تێڕوانینی مرۆڤدۆستانەو یەكسانی خوازانەی ئەو نەبوایە ئێستا منیش یەكێك دەبووم لەو كوژراوەنەی كە گۆڕ غەریبن وھیچ كەسێكیش لە كەسو كاریشیان نازانن كەگۆڕەكانیشیان لەكوێن ،،،لەدوا ڕستەشدا پێ بڵێم گەورەم ئەزمونی تۆ منیشی گۆڕی و كردمی بەئادەمیزادێكی تر بەڵام داخەكەم درەنگ كەوتم ،،،،

تێبینی /ڕوداوەكە ڕاستەقینەیە بەڵام ناوەكان خوازراون

ڕۆزا حەمە ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی