ئیسلامیی ئێمە و ئیسلامیی ئەوان

04/07/2018

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

بزووتنەوەی نەهزە لە تونس پاشگری ئیسلامیی نییە، بەڵام بزووتنەوەكە خۆی لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا كە رۆژی ٦ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بۆ شاری تونسی پایتەخت خاتو سوعاد عەبدولڕەحیم - یان كاندید كردبوو، بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتە عەرەبییەی باكووری ئەفریقا، خاتوو سوعاد پلەی یەكەمی هێنا و بووە سەرۆكی شارەوانی و نازناوی " شێخی شار"ی پێدرا.

سوعاد لەچكی بەسەرەوە نییە، ساڵی ١٩٩١ بەهۆی چالاكییەكانییەوە خرایە زیندانەوە، لە زیندان بڕیاریدا ئیتر لەچكەكەی فڕێ بدات، بەڵام نەهزە ئەمەی نەدایەوە بەناو چاویا و كاندیدی كرد.

ژنی ناو ئیسلامییەكانی ئێمە، دەبێ هەرگیز تەوقە لەگەڵ پیاودا نەكەن، لە كۆنگرەكانیاندا دەبێ سەففی ژنان جیابێ لە هی پیاوان، ئەكسەریەتیان محاجەبەی رەنگ قاوەیی و جەرگیی تۆخ تۆخ دەكەنە بەریان كە هیچ رەونەقێكی تیا نییە و ئەسڵەن مردووترین رەنگن. بێجگە لەوە ستایلێكی زۆر كۆن و بەجێماوی حیجابە لە دنیای موسڵماناندا ئێستا.

من ژنی ئیسلامیی توركم بینیوە و زۆر ئاسایی تەوقەی لەگەڵ پیاواندا كردووە، ژنی ئەردۆغان باشترین نموونەیە. كەچی حزبی ئیسلامیی ئێمە هێشتا لە قۆناغێكدا تەوقەكردنی ژن بە كفرێكی گەورە بزانێ و لەمسەر بۆ ئەوسەری كوردستان ژنێكیان تێدا نەبێ بە بەرچاوی خەڵكەوە تەوقە لەگەڵ پیاوێكی هاوتای خۆیدا بكات. نەخاسمە ژنێكی بێ لەچك كاندید بكات.

جێی پرسیارە ئایا ئیسلامیی عەرەبی یان ئیسلامیی توركی خاوەن عەقیدەیەكی شڕۆڵن كە رێگە بە ژنەكانی ناویان دەدەن نەك تەوقەكردن لەگەڵ پیاو، بەڵكو بە سەری رووتیشە بەشداری سیاسەت و هەڵبژاردنەكانیان بكەن، یان ئیسلامیی كوردییە كە سەری لە گۆڕانكارییەكانی دنیا دەرناچێ و هێشتا لە " رەئس سەرە و ئونف لوتە"دان؟

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە