كارەبا....

05/07/2018

عەزیز رەئوف

خۆی كە كارەبا نیە، مانای ئەوە نیە كارەبا نیە، بەڵكو مانای ئەوەیە نادرێت. خۆی كە كارەبا نادرێت وەك ئەوەیە موچە نادرێت كە هەیە و دەتوانرێت بدرێت. كە مامۆستا لە هەولێر هاتە سەر شەقام یەكسەر دەسكاری موچەیان كرد چونكە مەترسی تەقینەوەی لێ دەكرا.

خۆی كە دەنگی "بەڵێ" ی ڕیفراندۆمت لێ بدزن و بیبەنەوە بۆ بەغدا دەتوانن كارەباشت لێ بدزن، تۆ كە دەنگ دەدەیت و دەنگەكەت بدزن بۆ ناتوانن چۆڕە ئاوێكیشت لێ بدزن؟ كە چەندین ساڵە بتوانن كەرامتت بڕوشێنن، دەشتوانن موچەت پێ نەدەن و ژیانت پێ ڕەوا نەبینن. 

خۆی كە كارەبا نادەن مانای ئەوەیە ئەگەر فشار بكەی دەیدەن و مەمنونیشن، تۆ داخوازیەكانت لە گۆڕینی دەسەڵات و سەرۆكایەتی و پارلەمانەوە بچوك بكرێتەوە بۆ كارەبا و ئاو و موچە، خۆی ئەمە ئەو پلانە ژیر و وردبینانەیەی نوخبەی دەسەڵاتە و دەزانێ چی دەكات، خۆی ئەسڵەن ئەوە خەڵك و هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتە نازانن چی دەكەن.

نوخبەی دەسەڵات نە چاو نە گوێچكە، هیچ ئەندامێكی هەستكردنی نەماوە تا تۆ لەسەر جادە قوڕ بكەی بەسەر خۆتتدا و هەستی بجوڵێنیت، یان بەیان دەربكەیت و تاقەتی ئەوەت مابێت لە شاشەكانەوە ڕەخنەی لێ بگریت. 

دەسەڵات ئەم خەڵكە بێدەنگ و ئەم ئۆپۆزسیۆنە زیادەیە دەبینێت و لەدەرەوەی لێپرسینەوە ئەوەشی دەیكەن زۆریشە، من دەپرسم یەك سودی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتم پێ بڵێ تا دەیان زیادەیی و خۆگونجاندنی ئەم هێزانەت پێ بڵێم لەناو ئەم سیستەمەدا. 

ئەگەر فشارێك شك بەرین پیاوێك "كە لەم وڵاتەش ناژی" هەرگیز جورئەتی ئەوە ناكات بڵێ: ئەو كارەبا بیست و چوار سەعاتیە لە كوێوە هاتووە؟

كە كارەبا تاریكی ڕاونەنێت ڕووناكی بۆ نەگواستینەوە ئەوا ناتوانین بەراوردی بكەین بە جوانی یار، ئیدی دەبێ ئەو گۆرانیە بیر خۆمان بەرینەوە كە دەڵێ:
زوڵفت تەلی كارەبا، لێوت گڵۆپی شەستی

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە