ھاوپەیمانی و گۆڕان بەرەو کوێ؟

05/07/2018

هێمن حەسەن

چەند سەرە قەڵەمێکى تر

یەکەم: سیاسەتی ئێستای گۆڕان و ھاوپەیمانی ھەم لەنێوان خۆیاندا و ھەم لەسەر ئاستی کوردستان عاقڵانە نییە، خەریکە بەرەو مەسارێکی خراپ دەچێت،ھەندێک کەسیش لە ھەردوولا ئەم پێکەوە کارکردن و ھەماھەنگیەی لەنێوانیاندا بوو بەرەو رێگایەکی خراپ ئاڕاستە دەکەن، ئەوەش لە جەوھەری مەسەلەکە دورمان دەخاتەوە کە گۆڕانکاریە لەم وڵاتەدا، دروست بوونی ئەم پەیوەندیە نوێیە سلبیە ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ھەرێمدا ئێجگار لاواز دەکات، سەرچاوەکەشی دروست نەکردنی ئەو ھاوپەیمانیەتیە بوو کە ھاوار دەکرا تکایە پێکەوە بن، ئەوەش ئەنجامەکەیەتی، رۆژانی داھاتوو ھەندێ گۆڕانکاری روو دەدەن ئەوەندەی تر ئەو دوو لایەنە دوور تر دەخاتەوە لەیەکتر بەتایبەت پەیوەست بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و بەغدا.

دووەم: دۆخی ئێستای ناو گۆڕان باش نییە و تا دێت خراپتریش دەبێت، ئاڕاستەکانی ناو گۆڕان لەیەکتر تێناگەن و بەقسەی یەکتر ناکەن و گوێ بۆ یەکتر ناگرن و پرسیش بە یەکتر ناکەن، ئەوەش وایکردوە ھەندێک لە سەرکردە نیگەرانەکانی گۆڕان بیر لەوە بکەنەوە لە ماڵەوە دانیشن، ھۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە دۆخی ناو گۆڕان وەکو یەکێتی لێدێت و کەس نازانێت کێ بڕیار بۆ گۆڕان دەدات، جگە لەوەش ماڵی کاک نەوشیروان کۆنترۆڵی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەکەیان کردوە.

سێیەم: ئەگەری زۆر بەھێز ھەیە ھەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان ھیچ گۆڕانکارییەک لە ئەنجامەکاندا روو نەدات، رەنگە ئەو پەڕی ٣٠ بۆ ٤٠ ھەزار دەنگ لەشوێنێکەوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تر ئەوەش دیارە بە رێکەوتنی پێشوەختە، زانیارییە سەرەتاییەکان ئەوەن کە ٣ کورسی یان کەمتر لە کەرکوک لەگەڵ کورسیەکی سلێمانی گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەمەش تەنیا ئەگەرێکە و ھیچی تر، چونکە لەچەند رۆژی رابردوو لەبەغدا وتراوە ئاسایش و ئارامی عێراق لەسەرو ھەموو شتێکەوەیە، ئەمە ھێڵی سورە دەبێت ھەموو لایەنەکان ئاگاداری بن نەیبەزێنن بەھۆی کورسیەک یان دوانەوە.

چوارەم: سوتان و تەقینەوەی یەک لەدوای یەکی کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانی ھەولێرو سلێمانی و دھۆک پرسیاری زۆر ھەڵدەگرن، ئەو بڕو بیانوانەی بۆی دەھێنرێتەوە نەیانتوانیوە کەسمان قەناعەت پێ بکات، بەلام لەدوو ئەگەر زیاتر نییە، یان ھێزێکی گەورە تر لە دەرەوەی ئیرادەی پارتی و یەکێتی کردویەتی، یان پەیوەستە بەو ململانێ و ناکۆکی و گۆڕانکاریانەی لەناو پارتی و یەکێتیدا روو دەدەن.

پێنجەم پارتی لەمانگی رابردوو بەغدای ئاگادار کردەوە کە ئەوان تاکلایەنە رێگای ھەولێر کەرکوکیان کردەوە و پێویستە بەغداش بیکاتەوە، بەڵام وەڵامی عێراق بۆ پارتی ئەوە بووە کە فەرموون پردی (پردێ) چاک بکەنەوە کە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دیناری کولفەکەیەتی ئێمەش ئامادەین رێگاکە بکەینەوە، ئێستا پارتی ئەمەشی کەوتە مل یان مانەوەی رێگاکە وەکو خۆی یان چاککردنەوەی پردەکە ئەگەرنا عێراق چی مەجبورە پارە لە پردێک خەرج بکات کە ھیچ سودێکی بۆ ئەو نییە.

شەشەم: پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتن، چونکە پارتی داوای پۆستەکەی کردوە، یەکێتیش رازی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەناوخۆی یەکێتی ناکۆکی ھەیە لەسەر ئەو کەسانەی دیاریکراون بۆ کاندیدی سەرۆک کۆمار، ئەوەش بووەتە کێشەیەکی دیکە بۆ ئەو حزبە، بەڵام تا ئەندازەیەکی زۆرو بێ حساب کردن بۆ ئەو نیگەرانیانە ھێشتا محمەد سابیرو لەتیف رەشید کاندیدن.

هێمن حەسەن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی