ئەمجارەش یەكێتی و پارتی گەمەكە دەبەنەوە

06/07/2018

زه‌به‌نگ به‌هادین

ورە وری بانگەشە ی هەڵبژاردن دەستی پێكردەوە و دەبێت حیزبەكان خۆیان ئامادە بكەن بۆ گەرێكی تری هەڵبژاردن , هەڵبژاردنی ئەمجارە هیچی جیاواز نی یە لەوانەی پێشووتری خۆی , رەنگە ئەوەی جیاوازی دروست بكات بەشداری كردنی زۆر كەمی خەڵكە ئەمجارە لە هەڵبژاردنەكەدا , یەكێتی و پارتی تەواو دڵنیان لە پێشكەوتنیان لە هەڵبژاردنەكەدا بۆیە ئامادەییان تێدایە هەڵبژاردنەكە بكەن , جگە لە تەزویراتی ئامادەكراو بە بەرنامە , بەشداری نەكردنی خەڵكیش ئەمجارە لە بەرژەوەندی ئەواندیە , هەروەها ئەو دۆخە خراپەی حیزبەكانی ئۆپۆزسێنی تێدایە پاڵنەرێكی باشی دیكە بوو بۆ یەكێتی و پارتی تا سوور بن لە سەر هەڵبژاردنەكە .

دووربینی گۆران و هاوپەیمانی و كۆمەڵ و یەككگرتو زۆر زۆر كورت بوو , ئەم حیزبانە لەوپەری بێ ئاگای سیاسی دان لە مامەڵە كردن لەگەڵ یەكێتی و پارتی دا , هەروەها ئەم حیزبانە تا ئێستاش پەیوەندی یەكی تەندروست و سیاسی یان نی یە لەگەڵ ووڵاتانی ئیقلیم و زلهێزەكان كە ئەوان كاریگەری یەكی گەورەیان هەیە لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە كوردوستان و تەنانەت لە عێراقیشدا , سەرەتا دەبوایە بەرەیەكی هاوبەشیان پێك بهێنایە بۆ بەشداری لەم هەڵبژاردنە وەلێ كە نەیانتوانی ئەوە بكەن ئەوەی خراپترە لە ئێستاوە دژایەتی یەكدیش دەكەن , یەكێتی پارتی كەوتونەتە ئیسراحەتەوە ئەم چوار حیزبە خۆیان شەری بەرامبەر یەك دەكەن لە بری شەری یەكێتی و پارتی وەك ئەوەی ئەمان پاشگری یەكێتی و پارتی بن , بزوتنەوەی گۆران و كۆمەڵ هەمان قەوانە كۆنەكانیان لێدەدەنەوە , دكتۆر بەرهەمیش هەر رۆژەی لەسەر پەتێك یاری دەكات , یەكگرتوش تازە بووە بە پۆری خوراو هەرگیز نایەتەوە ئاستی جارانی , ئەو بە شوودانەی پارتی بە شووی دا یەكگتوی تەواو خست , ئەی كە ئەم چوار حیزبە بە هەر چواریان چوار پەلی تەندروستیان نی یە بۆ گوزەر كردن بەرو ئاسۆ بۆ بەو شێوە نەزانی یە بۆ بە روی یەكدا هەڵدەشاخێن .

رەنگە ئەم چانسەی ئێستا كۆتا چانس بێت بۆ گۆران تا بتوانیت ئاراستەیەكی سیاسی عاقڵەنە هەڵبژێرێت و دور كەوێتەوە لە هوتافاتی بێ مانا , بزوتنەوەی گۆران خۆی كارێكی بە خۆی كردوە یەكێتی و پارتی پێویستیان بەوە نەماوە دژایەتی بكەن , خۆیان دان بە بەرژەنوەند خوازی و تاكرەوی دا دەنێن , ئەوەی بە راستی دانی پێدا نانێن شكست و چەقینیانە شاردنەوەی راستی یەكانە تەنانەت لە هەڵسوراوان و هەوارانی خۆشیان  هەوڵ نەدانیانە بۆ هاتنە دەرەوە لەو گۆمە قوڵەی تێ ی كەوتون , حیزبەكانی تریش بە هەمان شێوە تا ئێستاشی پێوە بێت دووفاقن لە هەموو بریار و هەڵوێستیكیان پێ یەكیان لە ئۆپزسێون و پێ یەكیان لە دەسەڵاتدا .

ئەگەر گۆران و كۆمەڵ و هاوپەیمانی و یەكگرتوو بە نیاز بن لە هەمان گۆمدا راو بكەن ئەوا بە دڵنیایی هەر هەمان ماسی كۆنەكان دەگرنەوە , بۆیە پێویستە وەك نەیانتوانی بەرەیەكە هاوبەش پێك بیهێنن بۆ بەژداری كردنی هەڵبژاردن لانی كەم دیدبینی یەكی هاوبەش دروست بكەن , دژایەتی یەكدی نەكەن , هەوڵبدەن ژیرانەتر و چاوێكی سیاسی سەردەم لە داهاتوو بروانن , لە سیاسەتدا هیچ شتێك و هیچ جۆرە رێككەوتنێك مەحاڵ نی یە بۆ گەیشتن بە ئامانج دەتوانیت هەموو رێگاكان تاقی بكەیتەوە تا سەركەوی , بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەمجارەش یەكێتـی و پارتی هەمان گۆڵی پێشوو لە حیزبەكانی دی دەكەن و رەنگە بە ئەنجامێكی زیاتریشی گەمەكە ببەنەوە , چونكە ئەم چوار حیزبەی دی هەر بە هەمان عەقلیەتی كۆنەوە رەفتار دەكەن و هەڵە كۆنەكانیان نەك دووبارە بگرە سێبارە دەكەنەوە  . ...

زەبەنگ بەهادین

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی