لەپێناو بەرەیەكی نیشتمانیدا

07/07/2018

سالار مەحمود

بێجگە لە هێزە سیاسیەكان هێزی كاریگەری مەدەنی دەتوانن رۆڵی نیشتمانی كاریگەرتر لە ناو كۆمەڵگادا ببینن، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و كەسایەتی نیشتمانی لەدەرەوەی بازنەی حزبەكان  دەرفەتێكی نیشتمانی گرنگیان لە پێشە بۆ پڕ كردنەوەی ئەو بۆ شاییە بەرینەی كە بەشێك لەپارتە بێدەنگ و بێ هەڵوێست و سازشكارەكان دروستیان كردوە.

رووداوەكانی ئەم ساڵانەی دوایی لەهەرێمی كوردستان راستیەكی تاڵ ئاشكرا دەكەن، ئەویش بوونی پەیوەندی  مەترسیداری نێوان لایەنە سیاسیە كوردیەكانە لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان لەسەر حسابی پرسە نیشتمانی و مافەكانی گەل.

شەرمنی و بێ هەڵوێستی گوتاری فەرمی حكومەتی كوردستانە لەبەرامبەر گوتاری بێ شەرم و شەڕانگێزی داگیركەران.

ئەمەش وەك بەشێك لە( ئاوكردنە ئاشی داگیركەران) دێتە هەژماركردن.

لەبەر ئەوەی پرسی پەیوەندیەكان لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە بەدامەزراوەیی نەكرا ئەم هێڵی پەیوەندیە هەر بەحزبی و لەناو حزبیشدا گروپ و تاكەكەسی گرێدرا. سەرچاوەی ناڕوونی ئەم كارە لێرەوەیە كە لێكەوتەو مەترسیەكانی ئەم پەیوەندیانەی گەیاندە ئاستێكی باڵا.

هێشتا فەرمانگەی پەیوەندیەكانی هەرێم وەك وەزارەتێك یاسای بۆ دەرنەكراوەو بەیاسا رێكنەخراوە تاوەكو پەرلەمانی كوردستانیش بتوانێ چاودێری دامەزراوەكە بەتایبەت و مەلەفی پەیوەندیەكان بەگشتی بكات.

وەك دۆسیە گرنگەكانی تر رۆڵی پەرلەمان پەراوێزخراوە.
‎نوێنەرایەتیەكان حزبین. لەململانێ سیاسیەكاندا بۆ بەرژەوەندی ئەملاولا وڵاتانی ناوچەكە دەستێوەردان دەكەن. ئێران و توركیا بەناوی جیاجیاوە بنكەو بارەگای زۆریان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان لەباشور داناوە. كونسڵخانەی توركیا دەستوەردان دەكا لەكاروباری پەرلەمانی كوردستان و چاودێری چالاكی پەرلەمانتاران دەكات!

كوردستان گۆڕەپانی راستەقینەی لایەنە كوردستانیەكانە، داگیركەر ئۆردوی بێگانەو سوپاو لەشكری دەستبەخوێن سوربووی خەڵكی مەدەنی داگیركەرانی كوردستانە. 

سوپای توركیا سەرەڕای بوونی چەندین سەربازگەی لەناوخاكی هەرێم لە سنوری پارێزگای دهۆك وا لەسنوری پارێزگای هەولێریش بەقوڵایی دەیان كم خاكیان بەزاندوە.

بێدەنگی هەرێم بەحكومەت و حزبەكانەوە لە هاتنی سوپای توركیا مەترسیدارترە. بێدەنگی مانای رازی بوونە واتای تەسلیم بوونە. بێدەنگی ئەم فۆرمە لەستەمكاری بەرهەم هێناو هەربێدەنگیشە ئیرادەی داگیركردن سەردەخات. 

داگیركاریی تەنیا لە رێگای هاتنی سوپاو لەشكركێشیەوە ناكرێ میكانیزمەكانی پیلانی داگیركاریی زۆرن لەرووی ئابوری و كەلتوریی و سیاسیشەوە دەبێت.

بە هەوڵێكی سەربەخۆیانەی نیشتمانی بۆ دژایەتی داگیركاری لە پایتەختی رۆشنبیری كوردستان ( بەرەی نیشتمانی دژی داگیركاری) راگەیەنرا. ئامانجی ئەم بەرەیە شكاندنی تەوقی بێدنگیەو لایەنەكان دەخاتە بەردەم هاتنە دەنگی راستەقینەو هەموو لایەك دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی. بەرەی نیشتمانی بانگەواز لەهەموو ئازادیخوازان دەكات هەڕەشەكانی توركیا بۆ پەلاماری باشورو ناردنی سوپاو بۆمبارانی فڕۆكەكانیان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و سنور بەزاندن وەك مەترسی بۆ سەرهەمووان ببینن و هەموان پێكەوە تەگبیرێك لەم دۆخە ئاڵۆزە بكەین.

بەرەی نیشتمانی بزاڤێكی كۆمەڵایەتی مەدەنیە بۆ پاراستنی كوردستان لەدەستێوەردانی دەرەكی، پاراستنی شوناسی نیشتمانی و پارێزگاریی لە قەوارەی یاسایی و كەلتوریی كوردستان لەرێگەی هۆشداریدان لە نیازی داگیركەران و كۆكردنەوەی تواناكان لە بۆتەی راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانیەكانی كوردستانیاندا.

ئەم ئەركانەش هاوبەش و گشتین بەهەموو دەنگ و رەنگە سیاسیە جیاوازەكانەوە بە رێكخراوو سەندیكا مەدەنیەكانەوە ئەوانەی ئیرادەی بڕیاریان زەوت نەكراوەو لەبەرامبەر داگیركاریدا تێكۆشان دەكەن.

هیچ كاتێك نابێ كێشەو ململانێ سیاسیە  ناوخۆییەكان ئەركە نیشتمانییەكان و پرسە باڵاكان لەبیر بەرنەوە، بەپێچەوانەوە هەر ململانێیەكی سیاسی لە خزمەت پرۆسەی مەدەنی نیشتمانیدا نەبێ كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر بەرەی نیشتمانی گەلەكەمان دروست دەكات و بەردەوامی ئەو كارە لاوەكیانە دەچنە خزمەت پیلانی داگیركەرانی كوردستانەوە.

بەرەی نیشتمانی لە ناو بێئومێدیدا ئومێدی گەورە رادەگەیەنێ و لە ئاستی ناوەوەو دەرەوەی كوردستان هەوڵەكانی بۆ كۆكردنەوەی توانا جیاجیاكانی ناو كۆمەڵگا چڕ دەكاتەوە،

بۆ روو بەڕووبونەوەی داگیركاریی و كاریگەری دانان لەسەر هێزەكان بۆ راكێشانیان بۆ سەر هێڵی نیشتمانی و دور كەوتنەوە لەهێڵی حزبی تەسك.

لەم ساتە وەختەدا بانگەواز بۆ یەكێتی نەتەوەیی و یەكێتی ریزەكانی كورد لەهەموو كاتێك پێویستترە. ئەمە بانگەوازو هەوڵی بەرەی نیشتمانییە.

بەرەی نیشتمانی  داوا لە تەواوی هێزە مەدەنی و سیاسیە نیشتمانی و كۆمەڵایەتیەكان دەكات بۆ دیاریكردنی هێڵی راستەقینەو ستراتیژی نیشتمانی و هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر هەڕەشە مەترسیدارەكانی دگیركەرانی كورستان بێنەدەنگ و خۆ رێكبخەن. لەم پێناوەدا بەدیدگایەكی نیشتمانی بەرەی نیشتمانی چالاكی دەكات و هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوەو بەپشتیوانی هاونیشتمانیان بەرەو بەجێهێنانی ئەو پەیامانەی لەپێناویدا راگەیەنراوە كاردەكات.

‎سالار مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە