با هەموومان واز لەگۆڕان بێنین

09/07/2018

پێشڕەو بابەشێخ

دیسان و دوبارە ئەوانەی لە حوكمڕانی ئەم هەرێمە شكستیان خواردوە دەستیان كردەوە بە هەموو ئەو قسەو قسەڵۆكانەی لە ۲۰۰۹ وە دەیكەن، كەچی نەیانتوانی تەنها قسەیەكیش بسەلمێنن . لەم كاتەدا  كە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی خولێكی تری پەرلەمانی كوردستان .ئەوەی لێرەو لەوێ دەبینین و دەبیستین ئەو هەوڵ و پڕوپاگەندانەن دژ بە بزوتنەوەكە لە ئێستادا، بە ئامانجی لێدان لە بزوتنەوەی گۆڕان، بێ ئاگا لە بیری بەرز و هۆشیاری بیریارانی گۆڕانكاری.

ئیتر فەرمون با هەمومان واز لە گۆڕان بێنین : 
ئەگەر گۆڕان خیانەتی لە یەك ئامانج و پڕەنسیبی خۆی كردوە و لە یەك هەڵوێستی پاشەكشەی كردوە، یا لە یەك پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بێ دەنگی هەڵبژاردوە و لێی بێدەنگ بووە .ئەگەر بە هێنانی سوپای بێگانە و داگیركەر خیانەتی لە كوردو نیشتمان كردوە ، یا بوە بە كەوا سوری بەر لەشكری داگیركەرانی كوردستان.

ئەگەر لە كاری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بە بنەماڵەیی كراوە و كوڕەكانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بوون بە ڕێكخەرو كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی بەڕێوە دەبەن و تەنانەت بەشداریدەكەن . ئەگەر جڤات بوە بە شوێنێك گفتوگۆی تێدا ناكرێت و پڕی نیە لە ڕەئی و لێكدانەوە و كاركردن بۆ یەك ئامانج بە ڕێگای جیاواز.

دەی فەرمون با واز لە گۆڕان بێنین ئەگەر كوڕەكانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، خیانەتیان لە ڕۆحی باوكیان یا لە پەیامی باوكیان و بزوتنەوەكەشی  كردوە و پاسەوان و كەژاوەی تڕومبێلی بێ شوماریان بەدوای خۆیان داوە،  هەر ڕۆژە و لە شەقامێك و لە گەڕەكێكی شار خەڵك لەتۆز وەردەدەن و ترافیك لایتەكانی شار قەرەباڵغ دەكەن ، پێویست ترین اسعاف لە ڕێگا ماتەڵ دەكرێت و پێشڕەوی هاتو چۆ بۆ ئەوان دەبێت . ئەگەر لە كەژاوەی ئۆتۆمبێلە جام ڕەشەكانیان خۆیان شاردۆتەوە و نازانین بە كامەیان دەڕۆن و بەكام جام ڕەشی ناو كەژاوەكانیان دەگەڕێنەوە فەرمون با باوەڕ بكەین .

ئەگەر دینارێكیان لە كوردستانەوە بردۆتە دەرەوەو لەوێ ڤێللاو كۆمپانیای شەخسیان دامەزراندوە و كەوتونەتە بازرگانیكردن و لە قومارخانە و یانە و باڕەكان خەریكی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی ئەم میلەتەن و لەهەوڵی بەهەدەردان و ناشیرینكردنی مێژووی، جوانترین و پاكترین مێژوون كە خەباتی نەوشیروان مستەفایە، فەرمون با هێشتا سارد نەبینەوە و پێیان بڵێین ئێوە خەریكی كاری خۆتان بن و ئێمەش درێژە پێدەری ڕێبازو خەونە پیرۆزەكەی نەوشیروان مستەفا دەبین . 

دەی با گۆڕان بچوك بكەینەوە، ئەگەر بوە بە یەكێتی و پارتی ،  یا هێزی چەكداری دروستكردوە و كوڕی بنەماڵەكان خاوەنی هێزەكەن . ئەگەر بوە بە بەڵا بۆ ئەم كۆمەڵگایە، ئەگەر گۆڕان بوە بە پردێك بۆ گەندەڵی، ئەگەر گۆڕان بوە بەو حزبەی موچەی بۆ بەشێك لە هەڵسوڕاوەكانی لە شارەكانی كوردستان بڕیوەتەوەو توانای خۆ بەڕێوە بردنی سەرجەم دەزگاكانی هەیە. دەی ئەگەر كۆمپانیای وشە چیتر تەمویلی گۆڕان ناكات و بەشی سەرەكی و كۆتایی تەمویل و دابینكاری بنچینەیی دارایی دام و دەزگا جیاوازەكانی گۆڕان نیە، با هەموو بەیەك دەنگ بڵێین ئیتر نا بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو (نا) یە دەكەین كە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ هەر كارێك كە نادادی و نایەكسانی و ناڕەوایەتی تێدا بێت، فێری كردوین .

ئەگەڕ بەڕاستی گۆڕانین و باوەڕمان بە ڕێگای گۆڕان و گۆڕانكاری هەیە، دەی با ئیتر هەموو ئەم شێوازە جیاوازوجۆراو جۆریەی جەنگە دەرونیانەی نەیارانی گۆڕان و گۆڕانكاری دژ بە تاقە ئومێد و هەڵتەكێنەری گەندەڵی و ڕیشەكێشكردنی نادادی و نایەكسانی كارمان تێنەكات و ساردمان نەكاتەوە .

بائیتر ئەو كۆسپەش ببڕین كە نەیارانمان گرتویانە بەر، بۆ بێهێزكردنمان، ئەوان ئەگەر دوێنێ، بە چاوسوركردنەوە و نان بڕین و سزادان و تەزویر و هەڵ ڕشاندنی پارەو سامان نەیان توانی بگەنە ئامانجەكانیان و لە ڕێگا پیرۆزەكەی گۆڕانكاری و چاكسازی بمان وەستێنن، ئیتر دەبێت لەوە بەهێزتر بین بەو پڕوپاگەندانەی ئەم جارەیان باوەڕ بكەین . 

ئەگەر ئێستا باوەڕ بەو قسە هەڵبەستراوانە بكەین ئەوە دەبێت كاتی خۆی باوەڕمان بەو قسانەش كردبێت كە لە سەر سەردانەكانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ پیرمام و سەری ڕەش دەكرا ، وەك خۆی لە دانیشتنێك بە پێكەنینەوە  بە یەكێك لە هەڵسوڕاوەكانی دەشتی كۆیەی گۆڕانی گوت ، خەڵكانێك هەبوون باوەڕتان بەو قسانە كردبوو كە گوایە من پارەم وەرگرتوە .  ئیتر وەك پێشینان گوتەنی بۆ دەبێت لە كونێكدا چەند جارێك مار پێوەت بدا، لە كاتێكدا دەزانین لە هەر وەرزێكی هەڵبژاردن پڕوپاگەندەكانی دەسەڵات بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان دووبارەو دووبار دەبنەوە .

ئەوەندە دوور نەكەوتینەوە لەم هەڵبژاردنەی گەورەترین دزینی دەنگی تێدا ئەنجامدرا، وەك چۆن ئێستا ئاسایی گەورەترین پڕوپاگەندە لە پێش هەڵبژاردنەكە لە ڕێگای مەكینە اعلامیەكانیانەوە كەخرانە گەڕ بۆ قسەكردن لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی پەرتەوازەكردنی هەڵسوڕاوان و سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان . بینیمان چۆن گۆڕان هەڵبژاردنەكانی بەسەركەوتویی تێپەڕ كردو ئەگەر دزینی ئیرادەی خەڵك نابوو، جاڕی مەرگیان درابوو .

ئێستا كاتی ئەوە نیە گوێ بە پڕوپاگەندەكانی دەسەڵات بدەین، بەڵك و كاتی خۆڕێكخستنەوە و خۆ سازدانە بۆ سزادانی ئەوانەی دەیانەوێت بە لێدان لە بزوتنەوەی گۆڕان باری خراپی گوزەران و گەرمای بێ كارەبا و مانگی دەوامی بێ موچە و تەزویر و دزینی دەنگ و ئیرادەی خەڵك و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر خەڵكیان هێناوە ئاڵوگۆڕ بكەن بە باس و خواسی لابەلای كێشەی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و وەك خۆ لێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان . 

دەبێت گۆڕانخوازان ئەو خەونە نەزۆكانەی نەیارانمان لە گۆڕنێن و ئیتر كارە سەرەكیەكانی ڕێگای گۆڕانكاری تەواو بكەین كە بریتیە لە گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی و دابینكردنی ژیانێكی ئاسودە و لەگۆڕنانی بیری تاك ڕەوی و حوكمڕانی خێڵەكی و نادادی كۆمەڵایەتی و نایەكسانی و ناشەفافی و بەهەدەردان و دزینی سامان و قوتی خەڵك و سەروەرنەبونی یاسا .

پێشڕەو بابەشێخ 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە