یەكەم شكستی حیزبە ناڕازییەكان

09/07/2018

ئەبوبەكر كاروانی

قۆناغی دوای 16ی ئۆكتۆبەر، سەبارەت بە هەرێم و حیزبەكان، سەرەتای دۆخێكی نوێ بوو، لانی كەم لە چاوی هەندێ لە ناوەندە فكری و سیاسیەكەی كوردستان.
بە واتای، ئەوەی دەكرێت ببێتە هۆی دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی حیزبی و سیاسی لە كوردستانی باشووردا.

بەڵام دوای ئەوەی هەڵچوونەكان نیشتنەوە، وەرەقەكان راكێشران، هەندێ هەوڵی سەرپێیی و پەلە پەل درا، بێ ئەوەی بڕژێتە خانەی دووبارە داڕشتنەوەی گەمەی سیاسی و پێگەی هێزەكان. لە دوای رەوینەوەی تەم و مژی دۆخەكە و دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی دۆخەكە لەلایەن حیزبە حوكمڕانەكانەوە، حیزبە ناڕازییەكان دووچاری جۆرێ لە شڵەژان و نابەرچاوڕوونی بوون. ساختەكارییەكەی هەڵبژاردنەكەی عیراقیش شوێنی خۆی گرت و جۆرێك لە نائومێدی لەناو جەماوەر و حیزبەكاندا دروستكرد. فەزای سیاسی بەجۆرێك ژەهراوی كرا، حیزبە ناڕازیەكان لەڕێی راگەیاندنەكانیانەوە زۆر كاریان لەسەر ئەوە كرد، دەنگدەر هێندەی تر نائومێد نەبێت و بڕستی ئەوەی تیا بمێنێ، جارێكی تر بێتەوە سەر سندوقی دەنگدان. بەڵام ئەم حیزبانە، بەدەر لەوەی هەر یەك لەوان هەڵوێستی لە مەر پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش چی بووە، لە سۆنگەی مامەڵەكردن لەگەڵ بەرەنجامەكان، بە كردەوە لەوەدا شكستیان خوارد كە ئەم داوایە بۆ نائومێد نەبوونی جەماوەر وەرگێڕنە سەر رەفتار و كردەی سیاسی و بەوەش راستگۆیی خۆیان بەرامبەر دەنگدەران بخەنە ڕوو.

حیزبەكان خۆیان و ناوەندە فكرییەكەش، ئەوەیان لا ڕوون بوو گێڕانەوەی ئومێد بە پرۆسەی سیاسی و سندوقەكان، پێویستی بە هاوپەیمانیەتێكی فراوانی نێوان خۆیان و كەسێتی و چالاكوانە سیاسی و چفاكیەكانە. رەنگە تەنها ئەوەش ببێتە گرنگترین هاندان بۆ دەنگدانی بەشێكی زۆری دەنگدەرانی هەرێم، كە دۆخەكە دووچاری جۆرێ لە پوچگەرایی سیاسی كردوون.

دەنگدەرانی ناڕازی مافی خۆیانە بەم حیزبانە بڵێن لە ئاست لێپرسراوێتی قۆناغەكە و چاوەڕوانی بەشێكی بەرفراوانی جەماوەری كوردستاندا نەبوون. لەدوای ئەم سەرنەكەوتن و شكستەش ئەم حیزبانە دوو تەحەدای تریان لەپێشه:

(أ‌) پابەندبوون بەو بەلینە ئەخلاقیە نەنوسراوەی نێوانیان، كە لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هێرش نەكەنە سەر یەكتر.

(ب‌) دوای هەڵبژاردنەكان فراكسیۆنێكی هاوبەش پیكبێنن. یاخود لە هەردوو حاڵەتی چوونە ناو حكومەت یان مانەوە وەك ئۆپۆزسیۆن، بڕیاری هاوبەش بدەن. 

بەش بە حاڵی خۆم دڵنیا نیم لەوەی لەم دوو وێستگەشدا حیزبەكان سەركەوتوو ‌بن چونكە رابردووی برینداریان وا دەكات پەیجە سێبەرەكان وابكەن بكەونە گیانی یەك، وە لە دوای هەڵبژاردن توانای ئەوەیان هەبێت چوارچێوەیەكی هاوبەش پێكبهێنن.

هیوادارم ئەم حیزبانە پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنن ..

ئەبوبەكر كاروانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی