چۆن لەگەڵ سوڵتان هەڵبكەین

10/07/2018

هیوا سەید سەلیم

دوای ئەوەی لە رێگەی ریفراندۆمەوە دەستووری وڵاتەكەی لە پەرلەمانیەوە گۆڕی بۆ سەرۆكایەتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی 24 حوزەیران لە رێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بە سەرۆكی توركیا هەڵبژێردرا، زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە بەهۆی ئەو هەموو دەسەڵاتی كە لە دەستووری تازە پێی دراوە،  ئەردۆغان بۆ لەمەودوا وەك سوڵتانێك لە توركیا مامەڵە دەكات.
 كێشەكەش لەوەدایە كە مامەڵەكردنی سولتانانە بۆ سەرۆكەكەی توركیا،  تەنیا پەیوەندار نابێت بۆ ناوخۆی توركیا، بگرە دەوروبەر و جیهانیش دەگرێتەوە، هەر بۆیە دەبێت هەموولا لەمەودوا ئامادەبن بۆ ئەو سیاسەتەی كە لە سایەی سوڵتانە تازەكەی توركیا رووبەروویان دەبێتەوە.
ئاشكرایە كە سەد ساڵ بەر لە ئێستا لە ساڵی 1918 كەمال ئەتاتورك كۆتایهێنا بە دەسەڵاتی شەش سەدەی دەوڵەتی عوسمانی، وە لە ساڵی 1923 بۆیەكەمین جار كۆماری توركیایی ڕاگەیاند، كۆتایی بەو دەسەڵاتە هات  كە هەمیش خەونی داگیركردنی تەواوی جیهانی هەبوو، وە كاری زۆریشی بۆی كرد بەڵام تێیدا سەركەوتوو نەبوو.
دوای ئەو سەد ساڵە كاتێك سەرۆكە تازەكەی توركیا سوێندی دەسبەكاربوون دەخوات، هەر بۆ چەواشەكاری دەچێتە سەر گۆڕەكەی كەمال ئەتاتورك،  ئەگینا دەبوو بچێتە سەر گۆڕی دوای سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی و مژدەی زیندووكردنەوەی خەلافەتی پێبدات.
رۆژی 9 تەمووز ئەردۆغان مەراسیمەی سوێندخوارنەكەشی وا رێكخست بووكە زۆربەی سەرۆكی ئەو ولاتانە ئامادە بن كە یان رۆژگارێك بەشێك بوونە لە دەولەتی عوسمانی وەیان ئێستا بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك ئەو بیردەكەنەوە وە یان بەرژەوەندی نەتەوەی و فكری و ئابووریان لەگەڵ سەلتەنەتە تازەكە هەیە.
چاودێران پێیان وایە كە ئەو سیستەمە تازەیەی توركیا بۆ ناوخۆی خۆیان هیچ بەهایەكی ئەوتۆی بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی نەهێشتۆتەوە، بەتایبەت لە پرسی پەیوەندار بە (دامەزراندنی كابینەی حكومەت و چاودێری كردنی دەزگاكانی جێبەجێكردن و دانان و پەسنكردنی بودجە) بگرە هەموو ئەو دەسەڵاتانە بۆ لەمەودوا لە دەستی سەرۆكە تازەكەی توركیا كۆكراونەتەوە.
جا مەترسیەكە لەوەدایە كە توركیایەك كە سەرۆكەكەی دەسەڵاتی نەبوو باری نائاسایی ساڵ بە ساڵ درێژدەكردەوە، تا بە هەزاران كەسی لە نەیارانی بخاتە زیندان و كەناڵ و رۆژنامەی دابخات، ئێستا كە دەسەلاتی دەستووری هەبێت دەبێت لە ناوخۆی توركیا چی بكات؟
بۆیە دەبێت لەمەودوا هاوڵاتیانی توركیا بە گشتی و  كورد لە توركیا و بەتایبەتیش HDP) )، خۆی بۆ فشاری زیاتری دەسەڵاتە تازەكانی سەرۆكی توركیا ئامادەبكات، پێكهاتەی كابینە تازەكەش هەر ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەردۆغان لە دانانەوەی وەزیری ناوخۆ لە پۆستەكەی و دانانی سەرۆك ئەركانی سوپا بە وەزیری بەرگری مەبەستیەتی باری نائاسایی و چارەسەری سەربازیانە درێژە پێبدات.
ئەم پێشبینیە لە سیاسەتی تازەی ئەردۆغان بۆ هەرێمی كوردستانیش هەر ڕاستە،  لەوەی سەرۆكە بە دەسەڵاتەكەی توركیا بە غروری زیاتر مامەڵە لەگەل هەرێمی كوردستان بكات لە فشاری زیاتری سەربازی بۆ شەڕكردن لەگەڵ PKK  و دەستوردان لە كاروباری ناوخۆی باشووری كوردستان بە تایبەت پرسی كەركووك .
بۆیە دەبێت جیهان بە گشتی و ناوچەكە بە تایبەتی خۆی بۆ سەركێشی زیاتری سیاسەتەكانی سوڵتان ئەردۆغانی یەكەم ئامادە بكات و دەرس و پەندیش لە سیاسەتی سەد ساڵی ڕابردووی ئەو سوڵتانانە وەرگرێت كە پروشكی ئاكری شەڕەكەیان گەیشتە زۆر شوێنی جیهان.

هیوا سەید سەلیم


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی