زمانی کوردی ... گەشەو گۆڕانکاری

11/07/2018

تابان محمد سه‌عید



زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیەو بەرهەمی مرۆڤ خۆیەتی و مرۆڤ هەر خۆشی رۆڵی هەبوە لە پاراستن و گەشەپێدانیدا،زمانی کوردیش وەک هەموو زمانێکی تری دونیا بەردەوام وشەی تازە بەرهەم دەهێنێت و وشەی کۆن نوێ دەکاتەوە و بێگومان وشە لە زمانی بێگانەش وەردەگرێت، بەڵام ئایا گەشەی زمانی کوردی لە چی ئاستێکدایەو تا چەند هەڕەشەی زمانی بێگانەی لەسەرە؟ لەم بابەتەدا هەوڵمداوە تاڕادەیەک وەڵامی ئەوە بدەمەوە.
ئاڕاستەی گەشەی زمان لە کومەڵدا لەڕێی تاکە کەسەوەیە، مناڵ تا تەمەنێکی دیاریکراو لە دایک و باوکەوە فێری زمان دەبێت، بەڵام دوای تەمەنی 13 ساڵی بە زمانی هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی کاریگەر دەبێت، ئەمە بنامەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی زمان. هاوکات زمان هۆکاری یەکگرتوویی کۆمەڵە لە ڕووی سیاسییەوە، کۆمەڵگایەک چەند جیاواز بن لە دین و ڕەگەز و جوگرافیادا، ئەگەر یەک زمان بن یەکگرتوو دەبن. لێکدانەوەی وشەکانیش بەڵگەی ئاڕاستەی میللەتە لە بیرو ڕەوشتیان، بۆ نموونە وشەی تەعریب لای گەلی کورد و گەلی فەلەستین لێکدانەوەی جیای هەیە. بەو شێوەیە گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر زمان هەیە، کە بە دوو شێوە دەردەکەون (پاراستنی وشە کۆنەکان و پێدانی واتای تازە پێیان، یان وەرگرتنی وشەی زمانی تر کە پێیان دەوترێت داهێنراوە نوێکان).
بە گشتی زمانەکان کار لە یەکتر دەکەن و وشە لە یەکتر وەردەگرن، بو نمونە هەرسێ زمانی (فارسی و عەرەبی و تورکی) کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر زمانی کوردی هەبووە، ئەمە جگە لەوەی کە زمانی ئینگلیزی وەک زمانی پێشکەوتن و زانیاری، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەری هەبووە.
لێرەشدا ڕادەی پێشکەوتنی میللەت لە ڕووی فەرهەنگەوە دەردەکەوێت، کە تا چەند فەرهەنگەکەی دەوڵەمەند بێت نەک زمانەکەی باشتر بێت. دەوڵەمەندی فەرهەنگ لە ڕێی جیگرکردنی گوڕانەکانی کۆمەڵەگایە بە وشە.

 فەرهەنگی وشەی هەر میللەتێک ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵ و سروشتی ئیشوکار و ڕادەی پێشکەوتنێتی ، لە ڕێی تەماشاکردنی فەرهەنگەکەیانەوە تیدەگەیت کە ئەو میللەتە گەیشتوەتە چ ئاستێکی ڕۆشنبیری، ئابوری، زانستی،....هتد. واتە پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، لە هەر بوارێکیشدا پێشکەوتوو بن،  فەرهەنگی زمانەکەیان لەو بوارەدا دەوڵەمەند و پێشکەوتوو ترە.
فەرهەنگی زمان پێکهاتووە لە دوو بەشی سەرەکی(فەرهەنگی بنەڕەتی و فەرهەنگی گشتی). فەرهەنگی بنەڕەتی هەموو ئەو وشانە دەگرێتەوە کە هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ئەو زمانەوە هاتۆتە ئاراوە، واتە وشە ڕەسەنەکانی زمان دەگرێتەوە، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە تەنها موڵکی یەک زمانن، چونکە هەر زمانێک خێزانە زمانی خۆی هەیە و هاوبەشی زۆرە لە نێوانیاندا، بەڵام فەرهەنگی گشتی واتە سەرجەم وشەکانی زمان، ئەوانەی بنەڕەتی و ئەوانەش کە لە ئەنجامی تێکەڵاوی لەگەڵ میللەتانی تردا هاتونەتە ئاراوە، بە هۆی پێداویستی ڕۆژانەوە بە هۆکارەکانی بازرگانی و ئابوری و زانستی و  .....هتد.
هەندێجار بە هۆی ئەوانەی لە زمانێکی ترەوە هاتوون، لە ڕووی ڕەچەڵەکەوە زمان دەکەن بە دوو بەشەوە (وشەی بنجی و وشەی بێگانە)، ئەوەی پێی دەوترێت بێگانە و لە زمانێکی ترەوە هاتووە، ئەوە لە هەموو زمانێکی زیندووی جیهاندا هەیە و یەکێکە لە نیشانەکانی زیندوویی زمان، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زمان لە دیاردەکانی تری کۆمەڵ و ژیان و خەڵک دوورە پەرێز نییە، قسەپێکەرانی زمان هەمیشە لە گۆڕان و جوڵەی بەردەوامدان، ئەم تێکەڵی و جیگوڕکێیەی مرۆڤ بووە بە هۆی تێکەڵی زمان، چونکە زمانەکان وەردەگرن و دەبەخشن، بە حوکمی لیکنزیکی یا گەڕان ، جەنگ، کۆچ، بازرگانی، مامەڵە کردن ... هتد.
لەگەل ئەوەشدا بە تەواوی ناتوانرێت دەست لەسەر وشەیەک دابنرێت و بوترێت ئەمە بێگانەیە، چونکە وشە کە هاتە زمانەوە دەبێتە موڵکی ئەو زمانە و زوربەی قسەپێکەرانی هەست ناکەن بێگانەیە.
ولیام لباو کۆمەڵناسێکی فەڕەنسییی، یەکێک بوو لەوانەی بۆ یەکەمجار چۆنیەتی بڵاوبونەوە و پەرەسەندن و گوڕانی زمانی لەناو خەڵکدا خستە بەر باس و لێکۆَڵینەوە. لباو پێیوایە نەوەی نوێ چۆن لە شێوەی جلوبەرگ و لەبەرکردنیاندا لاسایی دەکەنەوە، لە فێربوونی زمانیشدا  بەهەمان شێوە، هەندێ لەم گۆڕانانە بە ویستی خۆیانە و هەندێکیشی بە بێ ئاگا دەچێتە ناو قسەکردنی ڕۆژانەوە. هەندێ ئامار دەریخستووە لە هەندێ وڵاتی زیندوی جیهاندا رۆژانە زانایان نزیکەی (15-50) زاراوەی نوێ دادەنێن، سنوری زمانیش کراوەیە ، هەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات تۆماردەکرێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زمان داهێنانە، بەشیکیش لە داهێنان کراوەییە، واتە هەموو زمانێک بە بەردەوامی وشەی تازەی بۆ زیاد دەبێت و بیرو کەرەستە و بەرهەمی تازە دێتە ئاراوە، هەموو زمانێک دەبێت ئەو توانایەی هەبێت ئەم گۆڕانانە وەربگرێت و وشەی  تازە، کە پێی دەوترێت (نوێیزم) دروستبکات، چونکە زمان هەمیشە ئامادەیە هەنگاو لەسەر بنەمای وشەی نوێ بۆ بیرێکی نوێ یان واتایەکی نوێ بۆ وشەیەکی کۆن، بنێت.
هەندێ لە گۆڕانکارییەکان دەچێتە چوارچێوەی حەزی تازەگەری، کە بە تایبەتی لەناو گەنجادا ڕوودەدات، ئەمەش بە دوو ڕێگای جیاوازەو لە رووی زانستیەوە دابەش دەکرێن بۆ (جارگۆن و سڵانگ)، جارگۆن ئەو وشانە دەگرێتەوە کە تایبەتە بە بواری شارەزایی و پیشەیی کۆمەڵێک کەسەوە، کە خاوەن پیشەیەکی تایبەتن و شارەزای زمانێکی ترە، کۆمەڵێک وشە و زاراوە لەو زمانەوە وەردەگرێت، وەک زاراوەکانی (سینتاکس، مرفۆلۆژی، موزیک، سایکۆلۆژی، فسیۆلۆژی، تۆن ، ئەدا،....) هەندێجار بە ناچاری لە لایەن قسەکەرەوە بەکاردێت و هەندێجاریش بۆ دەرخستنە یا پاراستنی نهێنییەکە.
بەڵام سڵانگ جۆرێکی تایبەتی زمانی چینە کۆمەڵایەتییەکانە، بە تایبەتی گەنجان، وەکو شێوازێکی ناڕەسمی مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت، تەنانەت شێوەیەکی ڕەشۆکییە و بە تایبەتی لای ئەو کەسانەی لەو گروپەدا نین. بەڵام ئەگەر لای زۆرینەی خەڵک بەکارهات ئەوا لە سلانگ دەردەچێت و بڵاودەبێتەوە. بۆ نموونە لە ناو کورد وشەکانی (ساردی قەزەم، ئۆتۆمبێلی وەنەشە، ئۆتۆمبێلی لاکشمیبای، ئۆتۆمبێلی علوج، ....) لەو جۆرە وشانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی