سەرۆک و سسیستم لە پرۆژەکانی پارتی و گۆڕاندا

11/07/2018

بەڵێن عیزەت میکە

ئەوەی نۆ ساڵی ڕابردووی دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستان لە دیمەنەکەی پێشتر جیا دەکاتەوە ئەو هێڵە تۆخە سیاسیەیە کە ئەگەر بە (ڕوکەش)یش بوبێت دنیابینی پارتیی و گۆڕانی لە یەک جیاکردوەتەوە، زۆرن ئەو بابەتانەی لەسەرەتای خولی پێشووی پەرلەمانەوە تا ئێستاش لەنێوان ئەو دوو هێزە سیاسیەدا جێی ناکۆکیی و ناتەبایی بوون، بەڵام لە هەموویان زیاتر پرسی دەسەڵاتەکانی سەرۆک و گۆڕینی سیستمی سیاسی هەرێم، جێی مشتومڕ و بیرجیایی ئەو دوو لایەنە بوون.
دوای نۆ ساڵ ململانێ و ناکۆکی، دواجار پارتی و گۆڕان لە دوو پرۆژەی جیاوازدا کە پێشکەشی پەرلەمانیانکرد داوای دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەکەن، ئەمە یەکەم پرۆژەی فەرمییە کە لایەنێکی سیاسی تێیدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بکات، ئاسایی بوو ئەگەر پارتیی ئەو داوایەی ئاراستەی پەرلەمان بکردایە، بەڵام لەڕاستییدا پێسکەشکردنی ئەو پڕۆژەیە لەلایەن گۆڕانەوە هەڵگەرانەوەیەکی گەورەیە لەو بنەمایانەی کە بزوتنەوەکە نۆ ساڵە بانگەشەیان بۆ دەکات، هەرچەندە ئەو بزوتنەوەیە لە راگەیاندنەکانی خۆیەوە تەرویج بۆ پڕۆژەکەی دەکات و لە هەوڵدایە سەرنجی لایەنگران و دەنگدەرانی چڕکاتەوە لەو بڕگەیەی کە لە پرۆژەکەدا باسی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی بەستوەتەوە بە پەسەندکردنی دەستورەوە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە خاڵی جەوهەری پڕۆژەکە بریتیە لە بەیاساییکردنی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، کە ئەمە زیاتر مەیلی حزبەکەی بارزانی لەسەرە نەک ئەو حزبانەی داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی هەرێمیان دەکرد.
من توشی شۆک بووم کە بینیم مادەی یەکەمی پرۆژە یاساکەی پارتی و مادەی سێیەمی پرۆژەیاساکەی گۆڕان، یەک داواکاریی تیایە، ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمە تا کاتی پەسەندکردنی دەستور، پرسیارەکە ئەوەیە ئەم دوو پرۆژەیاسایە لەپێناو چیدا؟ 
پارتی و گۆڕان یەک وەڵامیان هەیە بۆ ئەو پرسیارە و لەپڕۆژەکانیاندا جەختیانکردوەتەوە لەوەی هەوڵەکەیان لەپێناو سازانی لایەنەکاندایە.
 باشە کە پرسێک بە یاسا ڕێکخرابێت و کار بە یاساکەش کرابێت و هیچ بیانویەکی تریش نەبێت بۆ ڕاگرتن و هەموارکردنی یاساکە، دەبێت ئەو سازانەی کە باس دەکرێتب دەربارەی چی بێت؟ چی هەیە ئێمە نایزانین و گۆڕان و پارتی سازانی بۆ دەکەن؟
پێشکەشکردنی ئەو دوو پڕۆژەیە لە یەک کاتدا، نیشاندەری نەمانی ئەو هێڵە جیاکەرەوەیە کە لە نێوان گۆڕان و پارتیدا کێشرابوو، یەکگرتنی مەعنەویی ئەو دوو دنیابینیەیە کە یەکێکیان لە سەری ڕەش و ئەویتریان لە گردی زەرگەتەوە سەرچاوەی گرتبوو، هاوپڕۆژەیی پارتی و گۆڕان زەنگی دەسپێکێکی نوێی کاری هاووبەشیانە، کە دەکرێت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا ببینرێت و تەواوکەری ئەو هەڵویستانەی گۆڕانە کە لە پرسی پێکهێنانی لیستی هاوبەشی لایەنە ناڕازیەکاندا هەیبوو.
دواجار ئەو بەستەڵەکە توایەوە کە لە پردێ و دێگەڵە بووبوە هۆی جیاکردنەوەی پەرلەماتارە زەرد و نیلییەکان، ئێستا نەوەکانی بارزانی و پەیڕەوانی بۆچونەکانی نەوشیران مستەفا، لەو پەرلەمانەدا کە دەبەی ئاو و بۆکس و جانتایان دەگرتە یەکدی، بەیەکەوە دەست بەرزدەکەنەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و بەیەک دنیابینیەوە دەڕواننە چوارساڵی داهاتووی سیستمی سیاسی هەرێم.
لەکۆتاییدا مژدە خۆشەکە ئەوەیە دوای پەسەندکردنی دەستوری هەرێم کە گۆڕان و پارتی داوای دەکەن، مەسعود بارزانی دەتوانێت هەشت ساڵیتر پۆستی سەرۆکی هەرێم وەرگرێتەوە و بۆ درێژکردنەوەیەکی تریش تا ئەوکات سازانێکی تر دێتەئاراوە.
بەڵێن عزەت میکە


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی