هاوپەیمانی و بەرپرسیارێتی ئەو قۆناغە

11/07/2018

هیوا سەید سەلیم

   هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە وەك هێزێكی سیاسی و جەماوەری تازە و بە دیدگای نوێ بۆ پرسی دیموكراسی و دادپەروەری لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتە مەیدان و بەشداری لەو هەڵبژاردنە كرد، لە ئێستادا ئەو هاوپەیمانیە لەبەردەم بەرپرسیارەتی گەورە دایە، بۆ هەڵگرتنی باری ئەو بەرپرسیارەتە دەبێت هاوپەیمانی وەڵامی چەند پرسێكی گرنگی پێبێت، كە لەم نووسینەماندا هەوڵدەدەین خاڵبەخاڵی ئەو پرسانە بخەینەڕوو.

 هاوپەیمانی و پرۆسەی سیاسی عێراق: 

دوای ئەوەی هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەو دەردە بردرا،  كە زۆرێك لە پێكهاتە و لایەنە بەشدارەكانی ئەو پرۆسەیە لێی ناڕازی بوون،  بەوەی پرۆسەیەكی زۆر ناسەركەوتوو بوو لە رووی شكستی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە رێگریكرن لە ساختەكاری و دزینی دەنگی دەنگدەران، خەریكە لایەنە باڵدەستەكانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق بە هاوكاری هێزە دەولی و ئیقلیمیەكان ڕتوشی ئەو ئەنجامەی هەڵبژاردن دەكەن، بە جۆرێك كە بتوانن بەشێكی لایەنەكانی تریش بەو دەرنەجامە رازی بكەن.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە یەكێك لەو هێزانەیە كە لەو پرۆسەیە كرابووە ئامانج،  بۆ ئەوەی فیڵی لێبكرێت و دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست نەهێنێت، وە لە ئێستادا ئەوەی ڕاگەیەندراوە دوو كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، ئایا هاوپەیمانی هەڵوێستی ئایندەی لەبەرامبەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن چی دەبێت، ئایا بەشداری پرۆسی سیاسی لە عێراق دەكات، ئەگەر بەشداری كرد هەلوێستی بەرابەر فراكسیۆنە كوردستانیەكانی تر چی دەبێت و بە چ ئالیەتێك مامەڵەیان لەگەڵ دەكات؟
بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە ڕاستیەك هەیە دەبێت بزانین،  ئەویش ئەوەیە كە لە لای زۆرێك لەوانەی كاریگەریان لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق هەیە،  جا لە ئاستی دەولی بێت یان ئیقلیمی و ناوخۆیی،  نەسەنگی هاوپەیمانی و نە پێگەی سەرۆكەكەی كە( د. بەرهەم)ە بەو ژمارە دەنگانە ناپێون كە بۆ هاوپەیمانی ڕاگەیەندراون، بگرە هەموو لایەك مامەڵەیەكی زۆر تایبەت تر لەگەڵ د. بەرهەم دەكەن، ئەمەشیان بەئاشكرا لە دیدارە دبلۆماسی  و سیاسیەكانی سەرۆكی هاوپەیمانی دەبیندرێت، بۆیە دەبێت هاوپەیمانی لەو قۆناغەدا لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق خۆی دورە پەرێز نەگرێت و بەشداری لەو پرۆسەیە بكات، باشترین بژاردەی بەردەم هاوپەیمانیش بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەو ئالیەتەیە كە تا ئێستا لایەنە ناڕازیەكانی هەلبژاردن كاری لەسەر دەكەن كە تا ئەمڕۆشی لەگەل دابێت خاوەنی (10) كورسین لە ئەنجوومەنی نوێنەران كە بۆ ئایندەش دەكرێت فراكسیۆنێكی  جیای كوردستانی بن،  بە ناسنامەی كوردستانی و هەڵگری پەیامی داكۆكیكردن لە مافە دەستوری و دارایەكانی خەڵكی كوردستان بن.

هاوپەیمانی و هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان:

بڕیارە لە مانگی ئەیلولی/ 2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، كۆمسیۆنی هەڵبژادنی هەرێمی كوردستان كە كۆتایهێناوە بە وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتی نێوان قەوارە سیاسیەكان،  ئێستا وادەی وەرگرتنی ناوی كاندیدەكانە، واتا ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە پرۆسەكە جدیەو لە كاتی خۆی ئەنجام دەدرێت، بۆیە پرسیارەكە لێرەیەوە  كە ئایا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری چۆن خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەدە دەكات ؟.

هاوپەیمانی لە ئێستادا بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دوو جۆر بەرپرسیارەتی دایە، یەكەمیان بابەتیەو پەیوەندارە بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەلبژاردن و گرەنتیكردنی دووبارە نەبوونەوەی ئەوە دزی و ساختەكاریەی لە هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كرا، تا هانی خەڵكی كوردستان بدات بەشداری لە پرۆسەی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، دووەمیشیان پەیوەندارە بە رێكخستنەوەی خۆی تا ئامادەبێت بۆ بەشداری لەو پرۆسە گرنگە.

هەردوو ئەركەكە ئەركی گرنگن و تاڕادەیەكیش پەیوەندارن بەیكتری، هاندانی خەلك تا بەشداری لە پرۆسەی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەركێكی وا سادە و ئاسان نیە، چونكە لە ڕابردوودا سیاسەتی حزبە دەسەلاتدارەكانی كوردستان هۆكاربووە تا خەڵك متمانەیان بە هەڵبژاردنەكان نەمێنێت، واتا ئەو حزبانە بەشدارینەكرنی خەلكیان قۆستۆتەوە لەوەی بۆ ساختەكاری بۆ ئەوان ئاسانتر بێت و لە لایەكی تریش لەو دەنگە ناڕازیانە دەربازیان دەبێت كە ئەگەر بایكۆتی هەلبژاردنە كان نەكەن لەوانەیە دژ بە هێزەكانی دەسەڵات دەنگ بدەن، بۆیە دەڵێن ئەو بەرپرسیاریەتە بە هەند وەربگیرێت و هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی تری دەرەوەی دەسەڵات كاری جدی لەسەر بكات بەئێكی ئەو كارە دەوستێتە سەر ئامادەسازیەكانی ناوخۆیی هاوپەیمانی لە بوارەكانی ڕاگەیاندن و رێخستن و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن.

ئامادەسازیە ناوخۆیەكانی هاوپەیمانی:

پەیوەست بەو خاڵەی دوایی ئاگادارین كە هاوپەیمانی چەند مانگێكە خەریكی ئامادەسازیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین كۆبوونەوە و وەرك شۆپی تایبەت بە ڕاگەیاندن و پەیامی هاوپەیمانی، رێكخستن و هەیكەلی هاوپەمانی، ئیدارە و دارایی، ئەنجام داوە، دواجاریش لە كۆبوونەوەیەكی گرنگ هەموو ئەو پرسانە جارێكی تر گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەكرێتەوە تا بڕیاری پێویستیان لەبارەیەوە وەربگرێت.

بۆیە هیوادارین كە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە خەڵكێكی زۆر لە جەماوەری كوردستان هیوایان لەسەر بیناكردووە بتوانێت شانبداتە بەر بەرپرسیارەتی ئەم قۆناغەو و وەڵامدەرەوەی داخوازیە جەماوەری و ئەركە دیموكراسیەكانی ئەو قۆناغە بێت ئەوەیش بەوەی:

- لە رێگەی خیتابێكی سیاسی روون پەیامی خۆی بە جەماوەری كوردستان بگەیەنێت.

- هانی خەڵكی كوردستان بدات تا وەك مافێكی دیموكراسی بەشداری لە پرۆسەی هەلبژاردن بكەن.

- هاوپەیمانی دەسبگرێت بە ناسنامەی تایبەتی خۆی لە مامەڵەی لەگەل پرسەكانی تایبەت بە (هەرێم – بەغدا، قەیرانە ناوخۆیەكانی هەرێم لە رووی سیاسی – ئیداری- ژیانوگوزەرانی خەڵك) چارەسەری ریشەیان بۆ بخات ڕوو.

 هیوا سەید سەلیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی