دەستوری گۆڕان وەک پرەنسیپ

11/07/2018

مەجید ساڵح

(١)
هێشتا باسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئارادا نەبوو، کاک نەوشیروان داوای لە کۆمەڵیک لە هاوڕێ نزیکەکانی کرد کە هەوڵ بدەن دەستوری و پەیڕەوی چی حزبێکیان دەست دەکەوێ بۆی ببەن، دوای دامەرزاندنی گۆڕان، بە تایبەتیش پاش هەڵبژاردنی ٢٥ی تەمووزی ٢٠٠٩ لەسەر ئەو مەسەلەیە بەردەوام بوو تا دواجار کاک نەوشیروان پرۆژەی دەستورێکی نووسیوە و پیشانی زۆربەی هاوڕێکانی خۆی دا و پرس و رای پێ کردن و بەو سەرنج و تێبینیانەی دەستی کەوتبوو هەمواری کردەوە، لە مانگی ١٢ی ٢٠١٣ لە کۆنگرەی یەکەمی گۆڕاندا گۆڕانخوازانی هەموو کوردستان را و سەرنجی خۆیانیان لەسەر دەربڕی و پەسەند کرا.
(٢)
سەرەکی ترین پرەنسیپی ئەو دەستورە کە بەلای کاک نەوشیروانەوە زۆر گرنگ بوو لەم خاڵانەدا کورت دەکەمەوە:

١. نابێ ئەزموونی مەکەتب سیاسی حزبەکانی دیکە دووبارە بکرێتەوە و دەسەڵاتەکان لە دەستی یەک یان چەند کەسێکدا کورت بکرێتەوە و دەبێ لە بڕیارەکاندا زۆرترین کەس بەشداری بکات. (جڤاتی گشتی و نیشتمانی) وەک دوو دامەزراوەی گرنگی گۆڕان کە لە ژمارەیەکی زۆر گۆڕانخواز پێک دێن بڕیاردەر دەبن.
٢. نابێ ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو رای خۆی بەسەر بڕیارەکانی گۆڕاندا زاڵ بکات. جڤاتەکان خەڵکی هەموو ناوچەکانی کوردستانیان تێدایە، بە تایبەتی جڤاتی نیشتمانی کە نوێنەری هەموو مەکۆی شارەکانی لە زاخۆوە تا کفری تێدایە، بۆیە هەر بڕیارێک کە دەدرێ بڕیارێکی نیشتمانییە.
٣. خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە و تەنها بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی جێبەجێ دەکەن و کاتێک وەک وەفدێک وتوێژ دەکەن لە گەڵ لایەنەکاندا دەبێ بۆ پەسەند کردنی بگەڕێنەوە بۆ جڤات.
٤. هەر دوو ساڵ جارێ هەموو پۆستەکان گۆڕانکارییان تێدا دەکرێ..
(٣)
ئەوە دەستورە و ئەو سێ پرەنسیپەی باسم کردن هەڵقوڵاوی ئەزمونێکی دوورودرێژی کاری سیاسی کاک نەوشیروان بوو، کەڵک وەرگرتن بوو لە سەرکەوتنی ئەزموونی حزبە جیهانییەکان و هەڵەوکەمووکوڕییەکانی کاری حزبایەتی خۆمان بوو لە کوردستان.
راستە هیچ دەستوو و یاسایەک پیرۆز نییە و دەبێ بە پێی هەلومەرجی سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابوری بگۆڕێ، بەڵام هەرگیز راست نییە بگەڕێنەوە بۆ ئەزموونی شکست خواردووی کاری حزبایەتیەک کە چەند شەخسێک تێدا بڕیاری یەکلایکەرەوە بدەن و چۆنیان بوی ئاوا ئاراستەی حزب بکەن.
پێویستە لە سەر گۆڕانخوازان بەرگری بکەن لەو پرەنسیپانە، دەبێ هەموومان پێداگری بکەین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە کاتی خۆیدا و نویکردنەوەی و هێنانی خوێنی نوێ بۆ ناو بزوتنەوەکە.. دەبێ ئەو کەمووکوڕییانەی کە لەو چەند ساڵەی رابردوودا لە دەستورەکەدا بەدەرکەوتوون و بەکەڵک نایەن، لە کۆنگرەیەکی نیشتمانیدا هەموا بکەینەوە.
گۆڕان حزبێکی بێ ئایدۆلۆژیایە، بەرنامەی کاری خۆی تەنها لە هەڵبژاردنەکاندا دیاری دەکات و دەیخاتە بەردەستی جەماوەر، دانانی بەرنامەش بە چەند کەسێک ناکرێ و دەبێ لە هەموو جێگەیەکی کوردستانەوە راو سەرنج بەرز بکرێتەوە، بۆیە گۆڕانخوازان دەبێ پێداگری بکەن لەسەر ئەو پرەنسیپانە و رێگە بە گەڕانەوە بۆ دواوە نەدرێ..

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە