مۆمەكە دەكوژێتەوە؟

13/07/2018

نیاز عەبدوڵڵا

ئەو مۆمەی نەوشێروان مستەفا لەگەڵ ھاوڕێكانی بۆ رووناك كردنەوەی تاریكی سیاسی لە كوردستان دایگیرساند لە رێگای دامەزراندنی یەكەم بزووتنەوەی سیاسی مەدەنی ئۆپۆزسیۆن، كە هەزاران هاووڵاتی خاوەن خەون بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان شوێنی كەوتن، ئێستا كوڕەكانی ئەو مۆمە دەكوژێننەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان لەسەردەمی نەوشێروان مستەفا، دژ بە بنەماڵەیی كردنی دەسەڵاتەكانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و میدیایی قسەی لەسەر بنەماڵەكانی كۆسرەت رەسوڵ و جەلال تاڵەبانی و مەلا مستەفا و ئیبراهیم ئەحمەد و مەسعود بارزانی دەكرد.

بەڵام تەنیا دوای نۆ ساڵ و تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی نەوشێروان مستەفا، كوڕەكانی یەكەم رێكخەری گشتی بەهەمان رێگای ئەو بنەماڵە حیزبیانەی گۆڕان رەخنەی لێ دەگرتن بوونە خاوەن كۆمپانیای چیمەنتۆ و كۆمپانیای وشە و میدیای گۆڕان و چەندین ملیۆن دۆلار و دەیان دۆنم زەوی و دەستتێوەردانی سیاسی.

رۆژی 12ی تەمموز بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، تەسلیمبوونی خۆی و بزووتنەوەی گۆڕانی لەناو كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بە فەرمی بۆ دەسەڵاتی ئابووری و میدیایی و سیاسی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا راگەیاند و وتوویەتی "موڵك و ماڵەكان هەمووی هی كوڕەكانن و بڕۆن بە هەموو میدیاكان بڵێن و لە كوێش باسی دەكەن باسی بكەن".

گۆڕان بە روونی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. بەڵام ئەو بەرەیەی دژایەتی گەندەڵی و قۆرخكاری سیاسی و بە بنەماڵەیی بوونی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات لەناوخۆدا، هێشتا بە لاوازی بەرەنگاری ئەو بیرە نادیموكراتخوازە دەبێتەوە، چونكە بە خۆ پەراوێزخستن و ئەنجامنەدانی بەرەنگاربوونەوەی راستەوخۆ و بەهێز ئەو قۆناغە راگوزەرە ناوخۆییەی بزووتنەوەكە بۆ بەرە مشەخۆرە سیاسییەكە یەكلایی دەبێتەوە و ئەنجام كاریگەری بەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەبێت.

ئێستا لەبری شەڕی بەرەنگاربوونەوەی ستەمكاری و كاركردن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و داڕشتنی بەرنامە و ستراتیژ، لەبری ئەوەی شەڕی بەدیهێنانی ئەو خەونە گەورانە بكات كە بانگەشەی بۆ دەكرد، گۆڕان بۆتە هێزێكی سیاسی كرێچی و خەریكە خۆی لە هەناویدا هەڵدەوەرێ و دەبێتە كۆپی و تەواوكاری جەستەی ئەو سیستەمە حوكمڕانییە چەوسێنەرەی نادیموكراتیانە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دەكات.

بۆیە لە هەرێمی كوردستان مەترسی راستەقینە بە تەنیا پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتیمانی نین، بەڵكو لاوازی بەرەی دژە ستەمكاران و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییه. پارتی و یەكێتی ئەو دوو هێزە بەهێزە نەبوون كە گۆڕانكاری لە حوكمڕانیان مەحاڵ بێت، بەڵام لاوازی بەرەی دیموكراتخوازەكان و دژە ستەمكاران وزە بووە بۆ درێژەپێدانی ئەم مۆدیلە حوكمڕانییەی هەرێم.

پێویستە ئەو هێزە سیاسیانەی ساختەكارانە بانگەشەی دیموكراتخوازانە دەكەن، راستییەكانیان وەك خۆی ئاشكرا بكرێت بەو ئامانجەی جێگرەوەی سیاسی راستەقینە بێتە بوون.

وەك چۆن بەرە‌نگاربوونەوەی خراپەكاری و حوكمی ناڕەشیدی پارتی و یەكێتی ئەرك و بەرپرسیارێتییە‌، بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزە مشەخۆرە بنەماڵەییەی ناو بزووتنەوەی گۆڕان و بانگەشەی ساختەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تریش ئەرك و بەرپرسیارێتییە.

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە