له‌ نێوان خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی و به‌سڕه‌دا

13/07/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

 

1 چه‌ند رۆژێكه‌ خۆپیشاندانه‌ له‌ به‌سره‌ ، له‌ به‌رانبه‌ر كوشتنی هاووڵاتیه‌كا دكتۆر فواد مه‌عسوم هاواری لێهه‌ستا ، به‌ڵام له‌ سه‌ر كوشتنی مامۆستا هێرشی هاوشاری هیچی نه‌وت ، حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌ په‌له‌ پڕوزێ‌ له‌ برۆكسله‌وه‌ گه‌یشته‌ به‌سره‌ ، بڕیاری دامه‌زراندنی 10 هه‌زار گه‌نج دراوه‌ ، بڕیاری باشكردنی كاره‌با خستنه‌وه‌ گه‌ڕی كارگه‌و كارخانه‌كان دراوه‌ ، بڕیاری دابینكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌سره‌ دراوه‌ ، به‌ڵام هێشتا خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامن .

2 خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌ ئه‌مڕۆ داوای جێبه‌جێ‌ كردنی 6 خاڵیان كردووه‌ به‌م جۆره‌ "

یه‌كه‌م : هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پارله‌مان و دروستكردنی حكومه‌تی رزگاری نیشتمانی یان سه‌رۆكایه‌تی

دووه‌م : كاره‌بای 24 سه‌عاتی

سێیه‌م : ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌و دابین كردنی ئاو بۆ كشت و كاڵ

چواره‌م : رێكخستنی خۆراكی بایه‌عی مانگانه‌و وه‌ك پێش 2003 لێكردنی

پێنجه‌م : دابین كردنی پێویستیه‌كانی مناڵ له‌ خێزاندا

شه‌شه‌م : خستنه‌وه‌ گه‌ڕی كارگه‌و كارخانه‌كان ئه‌م داوایانه‌ سه‌رجه‌میان داوای سه‌ره‌تایی و ڕه‌وان به‌ تایبه‌ت بۆ وڵاتێكی نه‌وتی وه‌ك عێراق ،كه‌ له‌ چله‌كان و په‌نجاكاندا زۆر له‌ ئێستا پێشكه‌وتووتر بووه‌.

3 له‌ خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانیدا نیچیروان نه‌هات كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ ، له‌ بری هاتنی خۆی هێزی به‌ره‌و سلێمانی نارد به‌ بیانووی لێدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ خۆپیشاده‌ران و مامۆستایانی وت با بۆ خۆیان هه‌ڵپه‌ڕن ، 60 رۆژ پتر به‌رده‌ركی سه‌را جێی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك بوو هیچ به‌ڵێنێك به‌ خۆپیشانده‌ران نه‌دراو یه‌ك خواست و داوایان جێبه‌جێ‌ نه‌كرا ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌،ساڵی 2011 له‌ چاو ئه‌مڕۆوه‌ هه‌موو شت باشتر بوو.

4 عه‌بادی به‌ په‌له‌ ده‌ست ده‌كات به‌ جێبه‌جێكردنی خواست و داوای خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌ ، سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ش سه‌رقاڵی لێكدانه‌وه‌ی یاریه‌كانی مۆندیاله‌ و پێشی ناخۆشه‌ وڵاتێكی بچوكی وه‌ك كرواتیا گه‌یشتوه‌ته‌ یاری كۆتای و یاریه‌كان به‌ به‌زمی سیاسی عێراق ده‌چوێنێت. 5 له‌ خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره‌دا به‌ لای سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ داواكان ڕه‌واو به‌ جێن ، به‌ قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان ده‌ستی ده‌ره‌كیان له‌ پشته‌و بۆ تێكدانی ئارامی و ته‌ناهی كوردستانن ، لێ‌ كه‌س ناپرسێت كام ئارامی و ته‌ناهی ، كه‌ كه‌مڕۆژ له‌ كوردستانی 5 ملیۆن كه‌سی خه‌ڵك نه كوژرێت .

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی