شۆڕشی برسییەكان دژی حكوومەتێكی مەزهەبی

15/07/2018

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، هەرزوو سەرەداوی ئاڵۆزی لە عێراقدا دەركەوتن، بەوەی هێزەكان ئەنجامەكانیان رەتكردەوە و ئاماژەگەلێكیش بەو ئاراستەیەدا دەچوون، هێزێك لە پشتی ئەو ئاڵۆزییانەوەیە، بیەوێت رێگری بكات لەوەی هاوپەیمانێتی سائیروون، كە موقتەدا سەدر سەرپەرشتی دەكات، حكوومەت دروستبكات، لە كاتێكدا كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنیشە، ئێستاش ئاماژەگەلێكی دیكە هەن، موقتەدا سەدر زەحمەتە بتوانێت گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رابگەیەنێت، هاوكات پاڵپشتیكردنی سەدریش لە خۆپیشاندانەكان، ئاماژەیەكیشە بۆ ئەوەی سەدر دەیەوێت خۆپیشاندانی بەسرە و پارێزگەكانی دیكەی باشووری عێراق، وەك كارتی سیاسی بەكاربهێنێت، بەوەی حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی، نەیتوانیوە خزمەتی خەڵك بكات و هێندەی سەرقاڵی ململانێی سیاسی و مەزهەبی بووە، نیو هێندە لە خەمی ژیان و رەوشی خزمەتگوزارییەكانی خەڵك نەبووە.

دۆخی عێراق سەقامگیر نییە و گوشارەكانیش بۆ سەر حكوومەتەكەی عەبادی لە پەرەسەندندان و وڵاتیش بەگشتی لەبەردەم رەوشێكی دیكەی ناسەقامگیری ناوخۆییدایە، هەتا پێكهێنانی حكوومەتیش دوابكەوێت، ئاڵۆزی زیاتر باڵ بەسەر عێراقدا دەگرێت و دۆخی دەروونی هاووڵاتییانیش دووچاری نائومێدی زێتر دەبێت، بە هۆی ئەوەی حكوومەتی عێراق خۆی لە خەڵك بە خاوەن ناكات و ژیانی خەڵكیش بەگشتی بەرەو خراپی دەچێت و لە بەرانبەریشدا ململانێ سیاسی و مەزهەبییەكان، نەك هەر زێدەتر دەبن، بەڵكو بە پارەی خەڵك، سپۆنسەریش دەكرێت، واتە ئێستا لەو بەغدایە بە پارەی خەڵك، هەوڵی دروستكردنی كێشەی مەزهەبی و سیاسی دەدرێت، بۆ تەسفیە حسابی سیاسی و مەزهەبی و تەنانەت گرووپە جیاوازەكانی ناو یەك مەزهەبیش سەرقاڵی دژایەتی یەكترین.
برسێتی گەل، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری هەر وڵاتێك، بەوەی كاتێك گەل برسی دەبێت، هیچ ئینتیمایەكی بۆ وڵات نامێنێت و هەوڵدەدات ناسەقامگیریی دروستبكات، بە نییەتی گۆڕینی دۆخێك بە دۆخێكی دیكە لە بەرژەوەندی خۆیدا، زۆرجاریش ئەو دۆخەی دێتە گۆڕێ، رەنگە لە بەرژەوەندیشی نەكەوێتەوە، بەڵام چونكە پێشووتر بێزار بووە لە دەست ناعەدالەتی و برسێتی، هەر ئاڵۆزییەك بێتە پێشەوە، هاووڵاتی دەچێتە پاڵییەوە، وەك ئەوەی لە میسر و چەند وڵاتێكی عەرەبیش روویدا، كە دوای حوسینی موبارەكیش ژیانی میسرییەكان وەك خۆی مایەوە.
ئەو دۆخەی ئێستای عێراقیش بە جۆرێكە تازە دەسەڵات خەڵكی بیر دەكەوێتەوە، چونكە لێی هاتە سەر شەقام و بارەگەی حزبەكان سووتێندران و چەند فڕۆكەخانەیەكیش راگیران، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوامبێت، بۆی هەیە بەغدا بە تەواوی دووچاری ناسەقامیگیری زیاتریش ببێتەوە، كە دواتر كەس خۆی ناكاتە خاوەنی ناڕەزاییەكان و هێزە ئەمنییەكانیش ناتوانن بەر لە لێشاوی ناڕەزاییەكان بگرن، چونكە حكوومەت متمانەی هاووڵاتییانی لە دەستداوە و ئەو دەموچاوانەی ئێستا شەڕیانە لەسەر دروستكردنی حكوومەت، تاقیكراونەتەوە كە ناتوانن خزمەتی خەڵك بكەن، بەتایبەتی كە هێزە مەزهەبی و سیاسییەكان خۆیان هۆكاری ئاڵۆزییەكانن و هەر لایەی بەرانبەرەكەی تۆمەتبار دەكات، هەموو ئەمانەش لەسەر حیسابی خەڵكی برسی دەكەوێتەوە و بۆیەش ئەگەری تەقینەوەیەكی ناڕەزایی فراوانتر هەیە كە برسێتی خەڵك تەنگ بە ناعەدالەتی و دەسەڵاتی نابەرپرس هەڵبچنێت.

عێراق دەوڵەتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت و زۆرترین داهاتی لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەكەوێت، بەڵام ئەو داهاتە زۆرترینی بۆ ململانێی مەزهەبی و شەڕی چەكداری و كڕینی چەك و مشەخۆری گرووپەكان دەڕوات و لە بەرانەریشدا دۆخی ژیانی هاووڵاتییان بەرەو خراپی دەچێت و هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەشی خەڵك ناكرێت، بەجۆرێك حكوومەت و میللەت لە دوو دونیای جیاوازدان و رۆژ دوای رۆژیش كەلێنی نێوان گەل و حكوومەت، گەل و بەرپرسان، گەورەتر دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە