پاسە ژێربەژێرەكانی گۆڕان‌و پارتی

16/07/2018

رێبوار کەریم وەلی

 (1)
تاكە ئومێدێك كە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەردەوامیی كاری سیاسی و مانەوە لە گۆڕەپانی كوردستاندا مابێتی، ئەوەیە كە رایەڵێكی تەندروست لەگەڵ پارتیدا بكاتەوە. هەموو هێزە سیاسییەكانی دیكە لە سەرووی هەمووشیانەوە یەكێتی، لای پارتی نان و پیاز بە گۆڕانەوە دەخۆن و، رۆژ بە رۆژ هەوڵ دەدەن دیمەنی دێوەزمەی بزووتنەوەكە لای پارتی هەر وەكو رۆژی 23ی حوزەیران بمێنێتەوە. 

یان ئەوەتا وەكو جوڵانەوەیەكی سیاسیی ئیفلیج وێنای بكەن؟ بەڵام كەس لە یەكێتی ناپرسێ بۆچی سەرباری رێككەوتنی ستراتیژیتان و ئەو هەموو حیساب و كتابەتان، ئێوەش چوون پڕۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیتان پێش هەموو حیزبەكان بردە پەرلەمان؟ گۆڕان كرا بە گیسكی گوناه و بە قەنارەوە كرا! بەس هێشتا دەرفەتی دیكە ماوە.

هاوڕایی و هاودەنگیی گۆڕان لە مەسەلەی هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم لە پەرلەمان، دارێك بوو كە لە روحی بنەماڵەی برایم ئەحمەد درا، چونكە بە هەموو لایەكەوە خەریك بوون دیسان پۆستی سەرۆكی هەرێم هاوتای پۆستی سەرۆككۆمار لە بەغدا بكەن و، واشیان بڵاوكردەوە كە گوایە گۆڕان هاوكاری پارتی بووە لەوەی جارێكی دیكە بارزانی ببێتەوە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان! ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە و بگرە ئەوەی ئەمڕۆ بنەماڵەی تاڵەبانی باسی دەكەن، بیانووی نانی جۆیە! پارتی و گۆڕان كۆتاییان بە باسێكی چەند ساڵە هێنا و هەردوولاشیان تێیدا سوودمەند بوون. 

گۆڕان قسەی خۆی بردە سەر و پارتیش كارتێكی دیكەی لەدەستیان دەرهێنا. ئەوە سەرەتایەكی باشە كە دەكرێ گۆڕان لەمەودوا لەسەری بەردەوام بێت و، گوێ بەو ئیرهابە فكرییەی ناوخۆیان و دەرەوەی خۆیان نەدەن. هەر بۆیەش دوای ئەوە خێرا ئالی برایم ئەحمەد و تاڵەبانی كەوتنە خۆ و، تەنزیر بۆ ئەوە دەكەن كە پۆستی سەرۆككۆماری لە بەغدا بەرامبەرە لەگەڵ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم! وەك ئەوەی پارتی ئەو پۆستەی بە سەدەقە وەرگرتبێت. ئەگەر گۆڕان هاوكاری پارتی بێت، دەرفەتێكی زێڕین هاتووەتە پێش بۆئەوەی كۆتایی بەو گەوجاندنەی خۆی لەلایەن ئەو دوو ماڵباتەوە بێنێت و رۆڵی كاریگەری هەبێ لە داڕشتنەوەی نەخشەی حوكمڕانیی كوردستاندا.

كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا
(2)
نەوشیروان مستەفا ئازا بوو، سیاسەتمەدارێكی كەموێنە بوو كە كوڕی دوێنێ و پیاوی ئەمڕۆ بوو. ئەمڕۆ كێشەیەك لەناو گۆڕاندا زەق كراوەتەوە و، هەوڵ دەدرێ هەموو بێتوانایی و ناكارامەیی سیاسیی گۆڕان لە دوو سێ ساڵی رابردوودا بەوەوە ببەسترێتەوە كە یەكەم: كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پارەی گۆڕانیان لایە و، دووەم: كاریگەرییان بەسەر بڕیارە ناوخۆییەكانی گۆڕانەوە هەیە. سەبارەت بە هەردوو بابەت، هەڵە تێگەیشتنێك هەیە. 

نەوشیروان مستەفا میراتی خۆی بە شێوەیەكی ناعادیلانە دابەش كرد، میراتی ماددی خۆی بەخشیە كوڕەكانی كە ئەوە هەقی خۆیان بوو، چونكە ئەو موڵك و ماڵەی كە هەیبوو هی خۆی بوو، ئەوەی لێی بەجێماوە لەچاو رابردووی پڕ لە سەروەریی ئەو پیاوە شتێكی ئەوتۆ نییە، لە چاو ئەو هەموو مێژوو سپیكردنەوەیەی كە بۆ جووت بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی یەكێتی لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە كردی. بەڵام گرفت لێرەدایە كە جورئەتی سیاسی و ئەو هەموو دەرسانەی بەدرێژایی تەمەنی دابووی بە دەوروبەرەكەی، كەس نسیبی لێ نەبرد. كێشەكانی ئەمڕۆی گۆڕان پارە و پوڵ نییە، گۆڕان حیزبی دووەمی كوردستانە و نابێ ببێ بە سواڵكەری بەردەرگەی یەكێتی یان سوخرەكێشی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا. بە پێچەوانەوە ئەوەی كە ئەمڕۆ گۆڕانخوازان دەبێ لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا داوای بكەن، ئەوەیە كە ئەوانیش بەقەدەر باوكیان جورئەتی سیاسیان تێدا بێت و لە فەلەكی جووت بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی یەكێتی دەرچن.

رابردووی باوكی ئەوان پڕە لە سەروەری، بەڵام هەموو ئەو مێژووەی كە برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لێیان رادەكرد و هەموو ئەو كارەساتانەی كە روویان دا، لەناو رای گشتیدا خرایە پاڵ نەوشیروان مستەفا، كەی پێویستیان پێ بوو دەبوو بە "كاكە نەوە" و كەی ئیشیشیان پێی نەمابا دەبوو بە دێوەزمە! ئەمڕۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خانەی راپەڕاندن و هەردوو جڤاتەكە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژووییدان لە ئاستی میراتی نەوشیروان مستەفا. ئەگەر دەتوانن لەسەر ئەو رێباز و ئازایەتییەی نەوشیروان مستەفا بەردەوام بن، دەبێ تەوقەكان بشكێنن، ئەگەرنا چیتر سەری خۆشیان و ئەو خەڵكە نەهێشێنن.

لە داعش خراپترن؟
(3)
كێشە نووستووەكانی هەرێمی عەرەبیی وڵاتی بەناو عێراق كە بریتین لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری و پێداویستییەكانی خەڵك، هاوتەریب لەگەڵ ئەجێندای سیاسیی ئیقلیمی، بەخەبەر هاتوون. كەس دەربەستی یەكێتی خاك و سەروەری نییە، چونكە چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسكان. بەڵام لەو یەك دوو رۆژە ماهییەتی حوكمڕانیی كوردستان دەبێ بۆ كوردستانیان روون بووبێتەوە. لە 17ی شوباتدا بەهەزاران كەس لەسەر شەقام بوون، لەم ناڕەزایەتی و گردبوونەوانەی كە كەرتە پیشەییەكان بۆ مافەكانی خۆیان ئەنجامیان دەدا، رۆڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت یەكجار بەرچاو بوو لە رێكخستن و ئاراستەكردندا. 

بەڵام قەت رۆژێك لە رۆژان حكومەتی هەرێمی كوردستان بیری لەوە نەكردەوە بەربەست بخاتە بەردەم ئەو میكانیزمە و، ئەوەش لەكاتێكدا بوو كە هەرچی كۆمپانیای پەیوەندییە یان هی پارتییە یان هی یەكێتی. ئەوەی جێگەی پرسیارە، ئەوەیە كە حكومەتی بەغدا، كاتێك داعش كە یەكێك لە گەورەترین ئامرازەكانی بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندنی خەڵكیان سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت بوو، ئەو خزمەتگوزاریانەیان بۆچی رانەگرت، كەچی بۆ بچووكترین ناڕەزایی خەڵك، نەك هەر لە خۆیان، بگرە لە ئێمەشیان بڕی!

رێبوار كەریم وەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە