نا.. تاوانی نیشتمانییە

17/07/2018

نیاز عەبدوڵڵا

لە دەستپێكی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە مانگەكانی حوزەیران و ئابی ٢٠١٤ تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ و راگەیاندنی سەركەوتنی سەربازی، حكومەتەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان ھێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان نەوەستاند بۆئەوەی چالاكییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ھەندێك ناوچەی عێراق پڕوپاگەندەی بۆ نەكرێت و پەیامی خۆی نەنێرێت.

بەڵام جارێكی تر ئەم دوو حكومەتە نا رەشیدە، لە رەفتارە ھاوشێوە نادیموكراسی و داپڵۆسێنەرەكانیان تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانیان سانسۆركرد و سەرەڕای كارابوونەوەی تۆڕەكان، كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم "بە بڕیاری حكومەت" خزمەتگوزاری ھێڵی ئینتەرنێتی راگرتووە.

ئەو دوو حكومەتە ناڕەزایەتی و تۆماركردنی پێشێلكاری ھێزە ئەمنییەكان دژ بە خۆپیشاندەران و بڵاوكردنەوەی لە لایەن ھاووڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەر، بە مەترسیدارتر لە داعش دەزانن بۆسەر ئاسایشی خۆیان.

ئەم رێككەوتنەی نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی عێراقی CMC ،لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوو لایەنە بووە.

یەكەم: بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و رێگریكردن لە تەشەنەسەندنیان لە شارەكانی تری عێراق، ھەروەھا بڵاونەكردنەوەی بەڵگەكانی تاوان و زانیاری و، ئاگادارنەبوونی میدیا و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لێیان.

دووەم: بۆئەوەی ناڕەزایەتییەكان ھاندەر نەبێت بۆ خۆپیشاندانەكانی ھەرێمی كوردستان و لە ھەرێمەوە ھاووڵاتیانی عەرەب و كورد پشتیوانی خۆپیشاندانەكان نەبن، یان بۆ فشاری پێچەوانە دژ بە حكومەتی عێراق بەكارنەھێندرێت وەك كاردانەوەی دوای ریفراندۆم. ھاوكات پیشاندانی نیاز پاكی ھەرێم بۆ بەغداد بەرامبەر بەو پارەیەی وەك مووچە دەینێرێت.

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەمە یەكەم جارە بەم جۆر و رێككەوتنە ھێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان بووەستێندرێت، ھاوشێوەی كاتی خۆپیشاندانەكانی ئێران و مەترسییەكانی توركیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر.

ئەمە كردنەوەی دەروازەیەكی نوێی تاریكی پڕ لە سزا و سانسۆركردن و گۆشەگیركردنە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دابڕینی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان لەگەڵ جیھان.

بەتێپەڕین و چوونەسەری ئەم رەفتارە تاوانكاریانە بەبێ فشار و قەرەبوو، دەبێتە بەشێك لە شوناسی حوكمڕانی و ئامرازی سەركوتكاری نوێ.

بۆ داھاتووش ھەر "نا" یەكی ھاووڵاتیان دژ بە گەندەڵی، بە ناوی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانی و پاراستنی ئاسایشی وڵات دەكرێتە خیانەتی نیشتیمانی و ھەموو نیشتیمان سزا دەدرێت.

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی