كەركوك‌و مەست‌و حەیرانی پارتی

17/07/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

1
كەركوك بێكورد هەنگاو دەنێت و لیستی برایەتی كەركوكیش بە بڕیاری پارتی لە پەل و پۆ خراوە ، لە پەل و پۆ خستنی لیستی برایەتی نێو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە 2005ەوە بە سەركەركوكەوە بارن ، ئاكامەكەی هەر ئەوەیە كە كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان و كەركوك تا ئێستا زیاتر لە 40 پۆستی لە دەستداوە ، سیماكاڵەكانی عەرەباندن دەركەوتونەتەوە ، كورد هەست بە هەتیوی و بێخاوەنی دەكات ، ئەمە هیچی پەیوەندی بە 16ی ئۆكتۆبەرەوە نیە ، پەیوەندی بە پشتكردنەوەیە لە دڵی كوردستان لە لایەن پارتیەوە ، پشتكردنی پارتی لە كەركوك پشتكردنە لە گۆڕەكەی بارزانی ، ئەو كەسەی كەركوكی ناو نا دڵی كوردستان ، سبەینی فڕگەی دڵی كوردستان دەكرێتەوە ، لەوێ‌ نەئاڵای كوردستان هەیە نەنوێنەرانی پارتی و نە ئەندامانی لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگا ، ئەگەر ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر هۆكاری شكست و پاشەكشەی كورد بن لەو ناوچانە ، بەڵام ئێستا ئەوەی درێژە بەو شكست و پاشەكشەیە دەدا پارتیە ، لە ناو پارتیشدا هەموو نا ، چونكە بەشێكی پارتی لە تەك ئەو سیاسەتە نین ، من دۆست و هاوڕێی زۆر نزیك و پلە دارم هەن ئەوەیان پێناخۆشە .

2
لە رێی ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ، پارتی ، یان باڵێكی ناوپارتی كاری لە سەر ئەوە كرد بە تەخوین و ناشرینكردنی ماڵباتی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد ، ئەو دوو خانەوادەیە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بكاتە دەرەوەو وەك خائین نیشانیانبدات ، هەر لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر بۆ لە بیر بردنەوەی شكستی ریفراندۆم لە لایەك و بۆ تێك و پێكشكاندنی ئەو دوو ماڵباتە میدیای ئاشكراو سێبەری پارتی و تەنانەت كارەكتەرە لە پارتی نزیكەكانی ناو یەكێتی و زۆر كەس و لایەنی دیكە ، كەوتنە هاڕینی ئەو دوو خانەوادەیە ، بەڵام لە حكومەتەكەدا كوڕی تاڵەبانی جێگری كوڕی ماڵباتی بارزانی بوو ، رەنگە جێگری نیشاندانەكەش بە ئامانج بووبێ‌ ، لە رێكەوتن لە گەڵ یەكێتیشدا پارتی نەك نەیتوانی ئەو دوو ماڵباتە بكاتە دەرەوەی گۆڕەپانەكە ، بگرە ناچار بوو لە تەكیاندا دانیشێت .

3
چەند ساڵێكە پارتی بۆ هاڕینی ماڵباتەكانی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد هەرچی نەشێ‌ دەیكات ، ئەوان لایان وایە بە كۆتاهاتنی ئەوان سلێمانی ڕامدەكرێت ، ئەمە لێكدانەوەیەكی زۆر هەڵەیە ، هەموو ئەو پارچە پارچە بوونەی سلێمانی كە گرەو لە سەر وێرانكردنی دەكرا ، ئەوەی لێنەكەوتوەتەوە كە گروپێك باڵێك لایەنێك خۆیان بدەن بە دەست پارتیەوە ، رەنگە وەك تاك ئەوە ڕوویدابێت ، بەڵام بە ئاوابوونی ئەستێرەی تاكەكەكۆتای هاتووە ، پارتی لە بری ئەم رقە لە سلێمانی و كەركوك دەیتوانی زۆر كاری تر بكات ،كەركوك و سلێمانی بەوە لە ناو ناچن ،رقیان ئەستور تر دەبێت ، بۆیە هەقە پارتی لە ناو خۆیانداو لە بەردەم سەرۆكەكەیاندا دان بەوەدا بنەن ئەم سیاسەتە سیاسەتێكی شكست خواردووە ، سیاسەتی هاڕینی سلێمانی و كەركوك و سیاسەتی پەرتكەو زاڵبە دەمێكە هەڵوەشاوەتەوە .

پارتیەكانی كەركوك و سلێمانی لە گەڵ ئەوەدا نین .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی