تێزێکی ئەکادیمی گرنگ لەسەر ژیانی سیاسیی ئەردۆگان

17/07/2018

مەریوان وریا قانیع

یەکێک لەو خوێندکارانەی من ئەم ساڵ سەرپەرشتی نامەی ماستەرەکەیم کرد کچێکی گەنجی کۆچبەری تورکە، کە دایک و باوکی لە لە ساڵانی شەستی سەدەی بیستەمدا وەک کرێکاری کۆچکردوو لە تورکیاوە بۆ ھۆڵەندا کۆچیان کردوە. ئەو خوێندکارە گەنجە ھەم تورکییەکی باش و ھەم ھۆڵەندییەکی زۆر باش دەزانێت. ئەمەش توانای ئەوەی پێدەبەخشێت بۆ چەندەھا سەرچاوەی تورکیی بگەڕێتەوە کە نامەی ماستەرەکەی پێویستی پێیبووە. نامەکە شیکردنەوەیەکی ورد و گوتارییانەی ئەو خوتبە و قسەکردنانەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆگان لە سێ قۆناغ لە تەمەنی سیاسی خۆیدا لە بۆنە گشتییەکاندا پێشکەشیکردون. یەکەمیان قۆناغی ئەردۆگانە وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ (١٩٩٤-١٩٩٨)، دووھەمیان قۆناغی ئەردۆگان وەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا (٢٠٠٣-٢٠١٤) و سێھەمیشیان قۆناغی ئەردۆگان وەک سەرۆکی تورکیا (٢٠١٤- تا ئەمڕۆ). پرسیاری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە ئایا ئەردۆگان لەو سێ قۆناغەدا چ ئایدیۆلۆژیایەکی ھەبووە و چ گوتارێک لەسەر تورکبوون و تورکیا بەکاردەھێنێت؟ چ وێنایەکی بۆ شوناسی تورکیا ھەیە؟.

ئەوەی ژێرخانی تیوریی نامەکە ئاراستەدەکات دابەشکردنی مێژووی تورکیایە بەسەر قۆناغی ناسیۆنالیزم و قۆناغی ئیسلامیزم و قۆناغی پۆست-ئیسلامیزمدا، کە لەھەر یەکێکیاندا وێنە و ڕوانین و دیدی جیاواز بۆ تورکیا و تورکبوون و ئیسلام و ئیسلامبوون ھەیە. ئەوەی ئەم نامەیە سەرکەوتوانە نیشانیئەدات ئەوەیە ئەردۆگان لە ھەر یەکێک لەو سێ قۆناغەدا سێ وێنەی جیاوازیی لەسەر تورکبوون و ئیسلامبوون و عەلمانەیت و دیموکراسیەت نمایشکردوە کە لەیەکتری جیاوازن و ھەندێکجاریش تەواو ناکۆکن بەیەکتری. لە قۆناغی سەرۆک شارەوانیەکەیدا ئەردۆگان خۆی وەک سیاسییەکی تەکنۆکرات نمایشدەکات کە ئەرکی ھەرە گرنگیی بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی و پیادەکردنی شەفافیەتە لە کاروبارەکانی شارەوانی ئەستنبوڵدا. خۆشی وەک ”کوڕی ھەموو میلەت“ نیشانئەدات. ئیسلام لەم قۆناغەدا جگە لە ژێرخانێکی ئەخلاقیی بۆ کەسایەتی خۆی وەک موسڵمانێک و جگە لە ئاسۆیەکی دوور بۆ حوکمڕانی کە ئارەزوی گەیشتن پێی ھەیە، ھیچ ڕۆڵێک لە کار و ھەڵسوکەوتەکەنای ئەودا وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ نابینێت. بەڵام لەھەمانکاتدا باس لە نزیکبوونەوە لە جیھانی ئیسلامیی دەکات و وێنەیەکی تەواو نێگەتیڤیشی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا و خۆرئاوا بەگشتیی ھەیە.

لە قۆناغی دووھەمدا کە ئەردۆگان سەرۆکی حکومەتە ئەم خوێندکارە دوو ماوە لەیەکتری جیادەکاتەوە، یەکەمیان لە (٢٠٠٣ تا ٢٠١١)، ئەردۆگان لەم ماوەیەدا سەرگەرمی بەئەندامکردنی تورکیایە لە یەکێتی ئەوروپادا و توکیا وەک پرسێک لەنێوان خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا نمایشدەکات. بۆیە گوتاری باڵادەست و زمانی قسەکردن و ئەو پەیامەی کە دەیەگەینێت، دەکرێت وەک ”پۆست ئیسلامیزم“ مامەڵەبکرێت. ئەردۆگان لێرەدا بەتوندی پێ لەسەر مەسەلەی دمیوکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسا و حوکمڕانی باش دادەگرێت و بەئەرکی خۆی دەزانێت تورکیا بەو ئاراستەیەدا ببات. لەم ھەشت ساڵەشدا ئۆردۆگان مۆدێلی ”دیموکراسیەتی کۆنەپارێز“ پێشنیاردەکات کە تێکەڵێکە لە پێداگرتن لەسەر پرنسیپەکانی دیموکراسیەت و بەھاکانی خێزان و مەسەلەی ئەخلاق و گرنگی کەلەپور و بازاڕی ئازاد و بەجیھانیبوون و مەسەلەی بەئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا. ئەم قۆناغە قۆناغی کرانەوەی ئەردۆگانە بەسەر زۆر مەسەلە و زۆر تابوی ناو سیاسەتی تورکیادا، لەوانەش کرانەوەی بەسەر مەسەلەی کوردا. بەڵام کاتێک ئەردۆگان لەوە نائومێد دەبێت کە ببێتە ئەندام لە ئەوروپای یەکگرتودا ئیتر ڕووی تورکیا بەرەو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانی ئیسلامیی وەردەگێڕێت و بەرگی ”عوسمانیزمی نوێ“ لەبەردەکات. لەم وەرچەرخانەدا لەباتی ئەوەی تورکیا وەک بەشێک لە ئەوروپا ببینێت وەک سێنتەری سیاسیی و فەرھەنگیی جیھانی ئیسلامی نمایشیدەکات. ئەردۆگان لەم ماوەیەدا لە ”پۆست ئیسلامیزم“ەوە دەگوازێتەوە بۆ ”عوسمانیزمی نوێ“. تورکبوون و ئیسلامبوون دەبێتە بنەمای گوتارەکانی.

لە قۆناغی سێھەمدا کە ئەردۆگان سەرۆکی تورکیایە، گوتاری باڵادەست گوتاری ”عوسمانیزمی نوێ“یە کە تیایدا ئیسلامبوون ڕۆڵێکی سەرەکیی و بنەڕەتیی دەگێڕێت، ھاوکات سیستمە سیاسیەکە خۆشی بەرەو دەسەڵاتەگەریەتیەکی تەواو دەچێت. لەدوای ھەوڵی کودەتا فاشیلەکەشەوە ئیتر ئاکارە دەسەڵاتگەرەکەی دەوڵەت و ئاکاری ئەردۆگان وەک سەرۆکێکی ئەوتۆکرات بەھێزتر و بەرچاوتر ەبێت. لەم قۆناغەدا ئەردۆگان ھەم داوای سێنترالیزەکردنی زیاتری دەسەڵات دەکات و ھەم باس لە تورکیایەکی چالاک و کارامتەر و بەھێزتریش دەکات. ئەردۆگان لەم قۆناغەدا چیتر باوەڕی بەو سنوورانە نامێنێت کە بۆ ئەمڕۆی تورکیا کێشراون و باس لە ”میساقی میلی“ دەکات کە سنورەکانی تورکیا لەلای خوارەوە دەخاتەوە ناو ویلایەتی موسڵ و لەولاترەوە ناو باکوری سوریاوە. ئەردۆگان وەک سەرۆک بەناوی ”ئیرادەی میلەت“ەوە ئەدوێت و خۆشی بەبەرجەستەکەری ئەو ئیرادەیە دەزانێت. 

تێزەکە یەکێکە لەو تێزانەی کە بەشداریی کێبڕکێی وەرگرتنی خەڵاتی یەکەم و باشترین تێزی ئەم ساڵی بەشی دیراساتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمستردام دەکات.

 

مەریوان وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی