داواكاریی راستەقینەی خەڵكی راپەڕیوی عێراق چیە؟

18/07/2018

عیماد عه‌لی

لێرەدا باس لەوەی پشت خۆپیشاندانەكان ناكەین كە چی دەگوزەرێت و هەزار و یەك قسە هەڵدەگرێت و پاڵنەرە نێوخۆیی و دەرەكیەكان شیناكەینەوە.  بەڵام تائێستا چەندین جار لەكوردستان خۆپیشندانی خۆرسك و مەبەستدار روویداوە و خەڵك تا رادەی راپەرین رژاونەتە سەرجادەكان. بەڵام داخەكەم هە ر جاڕیك لە لایەن دەسەڵات بێت یان ئۆپۆزسیۆنەوە بەدەردێك براون كە تەنها خۆپیشاندانیان لە داواكاری كاتی و تەسك و بچوك قەتیس كردووە و دەستیان نەخستۆتە سەر برینە راستەقینەكە و، لەجیاتی چارەسەركردنی ریشەیی نەخۆشیەكە كەچی بووە بە نەخۆشیی هەمیشەیی و بەردەوام و ویستی خەڵك لە داواكردن و فەرزكردنی چارەسەركردنی  سست بووە. 
هەرچەند خەڵكی عیراق پەری نین و ئاستی رۆشنبیریان و هۆشیاریان لە خەڵكی كوردستان بە هیچ شێوەیەك بەرزتر نیە،  بەڵام كە تەماشای دروشم و داواكاری ئەو خەڵكە خۆپیشاندەر و راپەریوەیان دەكەیت دەزانیت كە: 

سەرەرای ئەوەی سەختی ژیان و نەداری و برسێتی و قاتوقری  پاڵنەری سەرەكیە لە رژانە سەرجاەدكان، كەچی داواكاریەكانی خەڵكی نارازی عیراق بە شێوەیەكی گشتی دوورە لە هەموو بەرژەوەندیەكی تەسكی كەسی و حزبی و ، ئەوەش نیشانەی هۆشیاری و ئاستی خەڵكی راپەریو دەردەخات و بەرژەوەندی گشتیان پێشخستووە و بەفەرمی چەندین داواكاریان خستۆتە بەردەم خەڵكی راپەریوی خۆیان و دەسەلات و كەسانی تایبەتمەند و جێگەی متمانە. ئەمەش بواری كەم كردۆتەوە بۆ ئەوەی هەر لایەنیك بێت سواری ئەو شەپۆلە نارەزایەتیانە بێت. داخەكەم لە كوردستان بە پێچەوانە بوو، لایەنەكان بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنەوە توانیان بیكەن بە كاری حزبی و  بۆ مەرامی تەسكی خۆیان سواری بن. 

داواكاریەكانی خەڵك لە خۆپیشاندانەكانی عیراق، بە فەرمی ئەمانە بوون:

1_هەڵوەشانەوەی خانەنشینی سەرۆك كۆمارەكان و سەرۆك وەزیرەكان و سەرۆك پەرلەمانەكان و پەرلەمانتارەكان و وەزیرەكان و جێگری وەزیرەكان و بەرێوەبەرە گشتیەكانی پێشوو و ئێستا و داهاتووش
.
2- هەڵەوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجومەنە خۆجێیەكان و هەڵوەشانەوە و نەهیێشتنی سەرجەم خانەنیشینیەكانیان.
3- هەڵوەشانەوەی ئۆفیسەكانی پشكنەرەگشتیەكانی وەزارەتەكان لەبەر ئەوەی گەندەڵكاران و گەندەڵیەكانی وەزارەتەكان دادەپۆشن و هاوبەشن لە گەندەڵەكانیاندا
.
4- هەڵەەشانەوەی دەستەی دەستپاكی و هەموو لقەكانی لە سەرجەم پارێزگاكان لەبەر ئەوەی لە جیاتی دەرخستنی گەندەڵیی گەندەڵكاران كەچی گەندەڵیەكانیان دادەپۆشن 
.
5- دەركرنی دەستەی بەرێوەبەردنی فرۆكەخانەی نەجەف و پێشكەش كردنیان بە دادگا بۆ سەپاندنی دادپەروەری بەسەریاندا و گەرانەوەی ئەوەی دزیویانە  و، ئەندامانی نوێی بەرێوەبەری فرۆكەخانەكە لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژیرێت
.
6- پێكهێنانی دادگایەك لەلایەن خەڵكەوە بە ناوی دادگای گەل بۆ داداگایی كردنی سەرجەم گەندەڵكاران و تاڵانكەرانی دارایی گشتی خەڵك و سزادانیان
.
هیوادرام هەموو لایەك پەند لەم داواكاریانە وەربگرێت و، رۆژێكیش كوردستان ئەم داوایانە فەرز بكات، جگە لە چەندینی تر كە پێویستە خەلكی كوردستان پێش داواكردنی موچە كە ئەوە ئاواتی دەسەڵاتە تەنها ئەو داواكاریە لەلا یەن خەڵكەوە دەربخرێت . بەڵام دەبێت لەوە دڵنیا ووێت بە جێبەجێ كردنی داواكاریە گرنگە گشتیەكان موچە لای خۆیەوە بە ئاسانی فەراهەم دەكرێت. 


عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی