توركیا باری نائاسایی بە یاسای تیرۆر دەسپێرێت

19/07/2018

هیوا سەید سەلیم

 

حكومەتی توركيا ڕایگەیاند كە كۆتایي دێنێت  بە باری نائاسایی كە دوو ساڵە لە دوای كودەتای 15 تەمووزی 2016 لة توركيا كاری پێدەكرێت، بەڵام بۆ درێژەدان بە بارە نائاساییە لە لایەن پارتی دادو گەشەپێدان پرۆژە یاسایەكی جێگرەوە دراوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەناوی پرۆژەی رووبەرووبونەوەی تیرۆر كە لە 28 ماددە پێك دێت ئەگەر ئەو پرۆژەیە یاسایە لە پەرلەمانی توركیا تێپەڕێت دەبێت سەد خۆزگە بخوازرێت بە دۆخی جارانی توركیا.
دوای سیناریۆی كودەتای 15 تەمووز،  ماوەی دوو ساڵە لە توركیا لە ژێر ناونیشانی باری نا ئاسایی دەسەڵاتدارانی ئەو ولاتە 80 هەزرا هاوڵاتیان خستۆتە زیندان و 150 هەزار فەرمانبەر و ئەفسەر و سەربازیان لە كارەكانیان دوورخستۆتەوە و بێكاریان كردوون و سەدان ناوەندی ئەكادیمی و رۆشەنبیریان داخستووە و دەیان كەناڵ و گۆڤار و رۆژنامەیان داخستووە.
ئەو بارودۆخەی كە دوو سالە لە توركیا هەیە زۆرێك لە چاودێران توركیایان بە زیندانێكی گەورە دەبینی و لە ئاستی دەرەوەش دەسەلاتدارانی توركیای رووبەرووی ڕەخنەی زۆر كردەوە.
دوای هەموو ئەو رێوشوێنە توندانەی كە لەو دوو ساڵە لە توركیا پیداكراوە رۆژی 18 مانگ وەزیری دادی توركیا ڕایگەیاند كە باری نائاسایی كۆتایی پێدێنن، بەڵام ئەو بریارەیان مەرج دارە بە دەرچوونی یاسایەكی تازە كە دەسەلاتی زیاتر دەداتە حكومەتە خۆجێیەكان لە دەستبەسەركردنی هاولاتیان و دوورخستنەوەیان لەسەر ئەرك و وەزیفەیان.
دوای هاتنە سەركاری پارتی دادو گەشەپێدان لە سەرەتای ساڵانی 2000 بەلێنی ئەوەیان بە دەنگدەرانیان دابوو كە ئەوان دەسەڵاتی سەربازی لە توركیا سنووردار دەكەن،  تا ڕێگری بكەن لە حاڵەتی باری نائاسایی و دەستوەردانی سوپا لە كاروباری ئیداری و سیاسی وەڵات، چونكە ئەكەپە كە درێژە پێدەری حزبە ئیسلامیەكانی پێش خۆیان بوون لە حزبی سەعادەت و نەزاهە دەیانویست بەهەمان دەردی ئەوان نەچن لە داخستنی حزبەكانیان و دەستگیركردنی ڕابەرەكانیان وەك چۆن ئەوەی سوپا بەرامبەر نەجمەدین ئەربەكان كردی لە زیندان كردنی و دوورخستنەوەی لە كاری سیاسی.
واتا دەتوانین بڵێن لە  ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی حوكمڕانی پارتی دادوگەشەپێدان ئەوان مەبەستیان لەو هەنگاوەی سەرەوە تەنیا بۆ گرنتی كردنی مانەوەی خۆیان بوو ئەگیان بۆ هاوڵاتیانی توركیا بە گشتی و كورد لەو وڵاتە بە تایبەتی توركیا هەمان ئەزموونی پێش دەسەڵاتی AKP تێپەڕی.
پارتی دادوگەشەپێدان ئەو بەڵێنەی خۆیان لە سنوورداركردنی دەسەڵاتی سەربازی بردە سەر،  بەڵام هاتن بە شێوازێكی تر درێژەیان دا بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەو وڵاتە و باشترین نموونەش كاردانەوەكانی دوای كودتاكەی 15 تەمووزی( 2016 )ە.
لە ئێستاشدا توركیا لە ڕاگەیاندنی هەلگرتنی باری نائاسایی دوو ئامانجی سەرەكی هەیە،  یەكەمیان مەبەستیەتی  بە دەرەوەی خۆی بڵێت ئەوتا بەڵێنەكەی بردە سەر بەوەی توركیا لەژێر باری نائاسایی دەركرد، لەمەیاندا خوازیارە  قەناعەت بە یەكێتی ئەوروپا بكات، چونكە هەندێك پابەندبوونی توركیا هەیە لەبەرامبەر یەكێتی ئەوروپا، دووەمیشیان پەیوەستە بەناوخۆی توركیا،  ئەویش سوودوەرگرتن لە یاسا ناوخۆیەكانی بەتایبەت لەو یاسایەی كە مەبەستیەتی لەژێر ناونیشانی رووبەرووبونەوەی تیرۆر دەری بكات.
بەدەرچوونی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی توركیا زەرەرمەندی یەكەم كورد و شارە كوردیەكان دەبێت، چونكە ئەوسا دەسەلاتدارانی توركیا پێویستیان بە راگەیاندنی باری نائاسایی نابێت بگرە ئەو دەسەلاتە دەدرێتە والی ناوچەكان كە هەر كاتێك بیانەوەێت لە ناوچەكانی خۆیان باری نائاسایی رابگەیەنن و رێگری لە هاتووچۆی هاوڵاتیان بكەن یان ئەوەی مەبەستیان بێت لەسەر كار لایان بدەن، بۆیە یەكەمین كاری فراكسیۆنی HDP بە پشتیوانی فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكانی تری ناو پەرلەمانی توركیا دەبێت ئەوە بێت ڕێگری بكەن لە دەرچوونی یاسایی بەناو (یاسای رووبەرووبوونەوەی تیرۆر) .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی