ئابووری چارەسەر، گرێبەستی سەدە

21/07/2018

هونه‌ر تۆفیق

چەندین كێشەی نەتەوەیی ، ئایینی ، نێودەوڵەتی هەیە ، لە نێوان گەلانی جیهاندا نەگەیشتوون بە چارەسەر . بەڵام لە هەندێك ئەزمووندا لەو جۆرە كێشانە چارەسەری درێژخایەنی بۆكراوە ، لە نمونەی ئەزموونی سویسری .

زۆربەی ئەو كێشە چارەسەركراوانە لە جیهاندا ، بەهۆی ئابووری هاوبەشەوە  گەیشتوون بە خاڵی هاوبەشی نێوانیان . 

لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سەدەیەكە كێشە و ناكۆكی نێوان گەلان بە ئاڵۆزی و بێ چارەسەر ماوەتەوە . بەتایبەتی لەنێوان عەرەب - فەڵەستین و ئیسرائیلدا . هەروەها كورد و عەرەب - تورك - فارسدا .

دۆناڵد ترامپ لە پرۆژەیەكدا پێشنیاری كردووە ئەو كێشەی سەدەیە بە گرێبەستی سەدەیەك چارەسەربكات . 

گرێبەستی سەدە ( صفقە القرن) ەكەی ترامپ بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل ، میسر ، سعودیەی عەرەبی ، ئوردن و هەردوو دەستەڵاتداری فەڵەستینی فەتح و حەماسدا گەڵاڵەكراوە .

لەماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا دەیان پرۆژەی چارەسەری ناكۆكی نێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینی پێشنیاركراوە و فەشەلی هێناوە . بەڵام ئەم پرۆژەیەی گرێبەستی سەدەیە ، چانسێكی زۆری سەركەوتنی هەیە . بەهۆی پاشكۆ ئابووریە هەمەلایەنەكەیەوە .

كورتەی پرۆژەی چارەسەری گرێبەستی سەدە ئەوەیە . میسر ٧٢٠ كیلۆمەتر دوجا لە خاكی خۆی ( سینا) ەوە بدات بە كەرتی غەزە . غەزەییەكان دەستبەرداری ئەو ناوچە بەجوولەكە نیشتەجێكراوانە بن بۆ ئیسرائیل . لەبەرانبەردا ئیسرائیل لە باكووری كەنداوی عەقەبەوە بە درێژای ٧٢٠ كلم بە درێژی بدات بە میسریەكان . هەروەها دەروازەیەكی ژێر زەمینی  ( تونێل ) بە درێژی ٣٠ كلم بخاتە ژێر ڕكێفی سەروەری میسرەوە لەنێوان ئوردن و میسردا بۆ بەستنەوەی زەمینی ئەو دوو وڵاتە بەیەكەوە . 

قازانجە ئابووریەكەی گرێبەستی سەدە بۆ هەموو لایەنەكان لە پێش قازانجە سیاسیەكەیەوەیە . فەڵەستینیەكان لە بەشە نوێ كەی كەرتەكەیاندا ( سینا) دەبنە خاوەنی مینایەكی جیهانی گەورە كە میسر ، ئوردن ، عێراق ، سعودیەی عەرەبی ، سوریا لە ڕێگای تونێلە میسریەكەی نێوان ئوردن - میسرەوە دەبەستنەوە بەیەكەوە . دەرچەیەكی نزیكی دەریایی ئەو وڵاتە عەرەبیانە لە غەزە نوێ كەوە بەرەوە ئەوروپا و جیهانی دەرەوە دروست دەكەن . ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق و كەنداو بە هەرزانترین تێچوو ئەنجام دەدەن .ئەوەش دەبێتە هۆی بەستنەوەی ئابووری و بازرگانی هەریەك لەو وڵاتانە لەڕێگای مینای پێشنیاركراوی غەزەوە . 

قازانجە سیاسیەكەی بۆ هەموولایەنەكان بەپلەی دووەم دێت . ئیسرائیلیەكان خەونە مێژووییەكەیان دێتەدێ ، كە ئۆرشەلیم دەبێتە پایتەختی دەوڵەتەكەیان . ترامپ یەكەم هەنگاوی گرێبەستی سەدەكەی بە گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم ناوە . هەروەها ئیسرائیل لە ناكۆكی نێوان خۆی و فەڵەستین - عەرەبەكان ڕزگاری دەبێت . میسریەكان بە گەرمی دێنە ناو سیاسەت و جیهانی عەرەبی خۆرهەڵاتی ( شێوە دورگەی عەرەبی ) كەبەهۆی سنووری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دابڕاون . فەڵەستینیەكان دەبنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە پشتیوانی ئیسرائیل و ئەمریكاشەوە . ئوردنیەكان لە ئاوارە فەڵەستینیەكان ڕزگاریان دەبێت ، چونكە لە بەندێكی گرێبەستی سەدەدا هاتووە فەڵەستینیە ئاوارەكان لەو غەزە سیناییەدا جێگیر بكرێن كە  میسر پێشكەشیان دەكات  . سعودیەكان خۆرهەڵات و خۆرئاوای عەرەبی لەڕێگەی بۆریە نەوتیەكانیەوە دەكەوێتە ژێر نفوزیانەوە و ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان و حەماس دادەبڕێت . ڕوسەكان گەرچی دوورن لە وردەكاری پرۆژەكەی گرێبەستی سەدەكەی ئەمریكاوە . بەڵام بە وردی چاودێری دەكەن . بەپێ ی دەنگۆی ناو میدیا ئیسرائیلی و ئەمریكاییەكان ، ڕوسیا لاری لەو پرۆژەیە نیە،  بەمەرجێك ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی سوریا بكشێتەوە و سوریا بۆ ژێر نفوزی ڕوسیا جێبهێڵێت . وەك باسكراوە ، لە كۆبونەوەی هلسنكی نێوان پوتین و ترامپدا ، ئەمریكاییەكان بەو داواكاریەی  ڕوسیا ڕازی بوون بەمەرجێك ئێران لە سوریادا لاوازبكرێت .

تەنیا دوو لایەنێك لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كە وابەستەی كێشە و ناكۆكیەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن كە توركیا و كوردە لەو پرۆژەیەدا سودمەندی ئابووری و سیاسی نابن .

توركیا زەرەرمەند دەبێت چونكە ڕۆڵی میسر لە ناو جیهانی عەرەبیدا ئەكتیڤ و كاریگەر دەبێتەوە . حەماسیەكان كە لایەنگری پرۆژە ئیخوانیەكەی ئەردۆغانن ڕوو دەكەنە میسر و سعودیەی نەیاری توركیا . هەروەها دەروازەیەكی ئابووری لە غەزەوە لەبری دەروازە جیهانی توركیا بۆ عێراق و سعودی عەرەبی دەكرێتەوە كە زیان بە ئابووری توركیا دەگەیەنێت . كوردەكانیش جگە لەوەی وەك سەدەی ڕابردوو لەم سەدەیەشدا دوادەكەون . لە داڕشتنەوەی نەخشەی ئابووری و سیاسی ناوچەكەدا بەبێ چارەسەری كێشەكانیان فەرامۆش دەكرێن ، لەنێوان توركیا و عەرەبەكاندا كوردەكان جارێكی تر دەبنەوە بە قوربانی سەدەیەك .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی