ئایا قاسملۆ باسی گفتوگۆكانی ئاشتی لەگەڵ سەركردایەتی حیزبەكەی كردبوو؟

29/07/2018

كەمال چۆمانی

د عەبدولرەحمان قاسملۆ، سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتیی كوردستانی ئێران (حدكا) ( ٢٢ی كانونی یەكەم ١٩٣٠ - ١٣ی تەموزی ١٩٨٩) بەر لە دەستپێكردنی گفتوگۆكانی ئاشتیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی لە ١٩٨٩، لەگەڵ سەركردایەتیی حیزبەكەی دادەنیشێت و رایان وەردەگرێت. مەلا حەسەن شیوەسەڵیی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حدكا لەوكاتدا، كە یەكێك لەو كەسانە دەبێت كە بەتوندیی دژایەتیی گفتوگۆكانی ئاشتیی دەكات. لەڕێی هاوڕێیەكی ئازیزەوە، بەوردی بەڕێز شیوەسەڵیی ئەو دانیشتنەی بۆ گێڕاینەوە كە شەهید د قاسملۆی تێدا بینی بەر لەوەی قاسملۆ بەرەو ڤیەننای پایتەختی نەمسا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێبكەوێت.

لە كۆبونەوەیەكدا لە بناری قەندیل، بەشێك لە سەركردە باڵاكانی حدكا بەشداربون؛ مستەفا هیجریی، حەسەن شەڕەفیی، د خەلیقیی و زۆری تریش. تەواوی بەشداربوان پشتیوانیی گفتوگۆكانی ئاشتیی بون، بەڵام بەنهێنیی. تەنها مەلا حەسەن شیوەسەڵیی دژی ئەو گفتوگۆیانە بو. 

شەهید قاسملۆ و هەڤاڵانی داوا لە بەڕێز شیوەسەڵیی دەكەن كە رونكردنەوە بدات لەبارەی دژایەتیی خۆی بۆ گفتوگۆكان. ئەو دژایەتیی خۆی بەوە دەبەستێتەوە كە “هیچ باوەڕییم بە جمهوریی ئیسلامیی و ئەو نوێنەرانە نییە كە دێن [لەگەڵ د قاسملۆ] دادەنیشن.”

ماڵی مەلا حەسەن شیوەسەڵیی لە گوندی لێوژێی بناری قەندیل دەبێت، وابزانم د قاسملۆ لە بۆڵێ بوە. بە هۆی ئەوەی شیوەسەڵیی لە كردەوەیەكی تیرۆریستیی ئێراندا هەردو چاو و دەستەكانی لەدەستدەدا، د قاسملۆ زو-زو سەردانی دەكات. دوای ئەو گفتوگۆیە و بەر لە بەڕێكەوتنی بۆ ڤیەننا، د قاسملۆ كە هەمیشە لەگەڵ شیوەسەڵییدا نێوانی خۆش بوە و پێی سەیر بوە كە دژایەتیی گفتوگۆكانی ئاشتیی دەكات، لە ماڵێ لە لێوژێ سەردانی دەكات و دو كاسێتیشی بە دیاریی بۆ دەبات. كاسێتێكیان هی شڤان پەروەر دەبێت و ئەویتریش هی كاوێساغا. 

د قاسملۆ بە شیوەسەڵیی دەڵێت “چاوەڕێم نەدەكرد لەجیاتی هەموان تۆ دژم بیت.” جارێكی تریش شیوەسەڵیی بۆی روندەكاتەوە كە بۆچی دژایەتیی ئەو گفتوگۆیانە دەكات، هۆكارێكی تریش زیاد دەكات بۆ ئەو هۆكارانەی لەسەرەوە باسمكردن، بەڵام با ئەویان بۆ رۆژی خۆی بێت.

من بیستبوم كە شیوەسەڵیی گوتویەتی “د قاسملۆ لەو گفتوگۆیانە شتێكی بەسەر بێت كورد تێدەچێت،” بەڵام شیوەسەڵیی دەڵێ ئەو واینەگوتوە، بەس خۆزگە دەخوازێت وایبگوتبایە.

مەلا حەسەن شیوە سەڵیی ئێستا لە سوید دادەنیشێت. هەردو چاو و دەستەكانی لەدەستداون بە هۆی هەوڵێكی تیرۆركردن لەلایەن ئێرانەوە. وابزانم دو سێ ساڵ لەمەوبەر ماستەری لە ئەدەبیاتی ئینگلیزیی تەواوكرد.

كەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی